هه‌واڵ - وێنه‌ : بەردی بناغەی یاریگایه‌كی‌ نێودەوڵەتی لە سلێمانی دانرا



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ 8 / 10 / 2020 و به‌ ئاماده‌بوونی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و وه‌زیری‌ ڕۆشنبیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و لیوا چه‌تۆ ساڵح بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و مه‌حمود ئه‌حمه‌د موراد جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسانی‌ حكومی‌ و وه‌رزشی‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ یاریگای‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ به‌كره‌جۆی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دانرا .

له‌ مه‌راسیمی‌ دانانی‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ یاریگه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ نه‌ورۆز لاهور شێخ جه‌نگی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش كردوو ڕایگه‌یاند كه‌ 
پشتیوانی تەواوی وەرزشكارانی كوردستان ده‌كه‌ن و پڕۆژه‌كه‌شی‌ به‌ گرنگ وه‌سف كرد بۆ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕوبه‌رێكی‌ فراوان داده‌نرێت و خزمه‌تێكی‌ به‌رچاو به‌ وه‌رزشی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كات .

راشیگەیاند، دوای 64 ساڵ لەدامەزراندنی یەكەم یانەی وەرزشی تائێستا سلێمانی خاوەنی یاریگایەكی نێودەوڵەتی نیە، هاوكات رەخنەی لەحكومەتی عیراق و هەرێم گرت كەتائێستا خزمەتی وەرزشكارانی سلێمانیان نەكردووە و فەرامۆشیان كردوون.

لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەشكرد لە ساڵانی رابردوو لەشارەكانی تر یاریگای نێودەوڵەتی دروست كراون، بەڵام وەك هەمیشە و وەك هەموو بوارەكانی تر سلێمانی پشتگوێ خراوە و غەدری لێ كراوە. 

جەختیشكردەوە، ئەمڕۆ لێرەین بۆ لابردنی بەشێك لەو غەدرە و بێ بەشداریی حكومەت خۆمان یاریگایەكی نێودەوڵەتی پێشكەش بە خەڵكی سلێمانی دەكەین.

پاشان هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و نوێنه‌ری‌ كۆمپانیایی‌ جێ‌ به‌ جێ‌ كار وته‌یان پێشكه‌ش كردوو له‌ كۆتایش به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ یاریگه‌كه‌ دانرا كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 20 مانگ و به‌ گوژمه‌ی‌ 12 ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت و 12 هه‌زار كورسی‌ هانده‌ر و ژوری‌ ڤار و ته‌واوی‌ خزمه‌ت گوزارییه‌كانی‌ نێو یاریگه‌ی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ بۆ فه‌راهه‌م ده‌كرێت .




PM:10:17:08/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 1820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌