پاڵه‌وانێتی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجام ده‌درێت

ئه‌سعه‌د ئیسماعیل


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ عێراق و به‌ هاوكاری‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ كوردستان و لقی‌ سلێمانی‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ و یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ ، له‌ نێو هۆڵی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ تایبه‌ت به‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ پاڵه‌وانێتی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ یاریزانانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ له‌ ڕۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 8 ی‌ 10 / 2020 و كاتژمێر 4:00 ده‌ست پێده‌كات و ماوه‌ی‌ نۆ ڕۆژ به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت .

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش ( ئه‌سعه‌د ئیسماعیل ) جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ عێراق له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌ چالاكییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ عێراق و یاریزانانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناغی‌ كۆتایی‌ پالاَوتن به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن .

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ له‌ به‌رواری‌ 8 تا 16 ی‌ مانگی‌ 10 به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت و دواتر و قۆناغی‌ دووه‌م ده‌بێته‌ قۆناغی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و گه‌یشتنی‌ یاریزانان به‌ ڕیزی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ سلێمانی‌ .

ئه‌سعه‌د ووتیشی‌ جگه‌له‌ یاریزانان ( زۆزگ سه‌لاَح ، ئاكار عه‌لی‌ و ئه‌حمه‌د جه‌زار ) كه‌ له‌ قۆناغی‌ دووه‌م یاری‌ ده‌كه‌ن ته‌واوی‌ یاریزانانی‌ دیكه‌ به‌شداری‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ پالاَوتن ده‌كه‌ن .

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ناوبراو ووتی‌ ، به‌ شێوه‌ی‌ سستمی‌ كلاسیك و 75 خوله‌ك و له‌گه‌ڵ زیادكردنی‌ 30 چركه‌ یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن و هه‌روه‌ك نۆ جه‌وله‌ی‌ یاریه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت .


له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئه‌سعه‌د ئیسماعیل كه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ عێراقه‌ و له‌ هه‌مان كات ناوبژیوانی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ یاریه‌كه‌یه‌ به‌ فه‌رمی‌ بانگێشت كراوه‌ بۆ ناوبژیوانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ ئۆن لاینی‌ ئاسیاوی‌ 2020 كه‌ له‌ به‌رواری‌ 10 تا 25 ی‌ 10 ی‌ 2020 یاریه‌كانی‌ ئه‌نجام ده‌درێت .


PM:10:45:01/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 1944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌