‌هۆكار و نیشانه‌كانی توشبوون به‌ سه‌وه‌فان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر



ته‌ندروستی‌ - 

سەوەفان (سووانی جومگە) بڵاوترین نەخۆشیی جومگەیە و بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئاستی جیهاندا ٢٥٠ ملیۆن کەس سەوەفانی ئەژنۆیان هەیە و خەمڵاندنێکی دیکەش دەڵی ٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی سەوەفانی ئەژنۆ تووشی پەککەوتنی جەستەیی دەبن، دكتۆر سه‌روه‌ر پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات له‌ باره‌ی‌ هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌دات .

سەوەفان لە نێوان ٢٩١ نەخۆشی پەکخەری مرۆڤدا ڕیزبەندی ١١ هەمینی وەرگرتووە و کاتێک ڕوودەدات کە کڕکڕاگەی سەر ئێسقانەکان دادەخورێن بە تێپەڕبوونی کات.

هەرچەندە سەوەفان تووشی زۆربەی جومگەکانی لەش دەبێ، بەڵام زیاتر توشی جومگەکانی دەست، ئەژنۆ، حەوز هەروەها بڕبڕەی پشت دەبێت، ئەوانەی کێشی جەستە هەڵدەگرن، یان جموجووڵی زۆریان تیدایە.

هۆکارەکانی چین؟

1- زیادبوونی تەمەن
2- زیادبوونی کێش
3- ڕەگەزی مێ
4- هەندێک کار و پیشە کە بەهۆیانەوە فشاری زۆر دەکەوێتە سەر جومگە
5- پێکان و زەبری دەرەکی
6- زۆر دووبارەبونەوەی فشار لەسەر جومگە وەکو لە وەرزشە ماندوکەرەکاندا
7- هۆکاری بۆ ماوەیی
8- ناڕێکوپێکیی سکماکیی لە جومگە و ئێسکدا

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چین؟

1- ئازار
2- ڕەقبوونی جومگە
3- کەمبوونەوەی توانای جووڵە
4- هەستکردن بە کرتە کرتی جومگە
5-  هەڵاوسانی جومگە (بە تایبەت هەڵاوسانی ڕەق)
6- بێهێز بوون و پوکانەوەی ماسولکەکانی ڕان و پووز

لێکەوتەکانی چین؟

پشتگوێخستن و چارەسەرنەکردنی سەوەفان، بە تێپەڕبوونی کات دەبێتەهۆی ئازاری درێژخایەن، شێواویی دەرکەوتەی دەرەکیی جومگە و هەروەها کەمبوونەوەی توانای جووڵە و پەککەوتنی کەسەکە لە ئەنجامدانی ئیشوکاری ڕۆژانە.

چارەسەر چییە؟

تاوەکو ئێستا چارەسەری بنەڕەتیی سەوەفان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەتوانرێت توندی و ماوەی ئازارەکە کەمتر بکرێتەوە و مەودای جووڵەی زیادبکرێت، هەروەها تا ڕادەیەک ڕێگە لە خراپتربوونی جومگە بگیرێت.

چارەسەری سەوەفان بەزۆری پێکدێت لە کۆمەلێک چارەسەری فیزیایی و وەرزشی و خۆپارێزی، وەک:

1- وەرزشکردن ڕۆژانە ٣٠ خولەک بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەوروبەری جومگەکە (بە پیادەڕەوی و مەلە، هەروەها وەرزشی تایبەتمەند بە جومگەکە)
2- دابەزاندنی کێش ئەگەر کێش لە ئاسایی زیاتر بوو
3- ڕێککردنەوەی خەو
4- دانانی گەرمی یاخود ساردی لەسەر جومگەکە بۆ ماوەی ٢٠خولەک ڕۆژانە
5- خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە OMEGA 3 و ڤایتەمین D, C, A
6- چارەسەرەکانی دیکە وەکو چارەسەری فیزیایی، دەرزی ئارژنین، مەساج هەروەها گلوکۆزامین.
7- خۆپاراستن لە زۆر نووشتاندنەوەی جومگە (چیچکان، چوارمشقی، ئاودەستی شەرقی و قادرمە)
8- دەرمان: بەشێوەی دەرمانی دژەئازار و هەوکردن، یان ڕاستەوخۆ بۆ ناو جومگەکە، پزیشک بڕیاردەدات کام دەرمانەیان بۆ تۆ گونجاوترینە
9- ئەگەر ئەمانە هەمووی ناکارابوون و سەوەفان بووەهۆی ئازار و پەککەوتنی بەردەوامی کەسەکە، پەنادەبرێ بۆ نەشتەرگەری، بە تایبەت نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە.



PM:03:55:02/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 3924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌