کێ خەمی هەتیووبونی وەرزشکاران دەخوات


هه‌رێز جه‌مال - 

وردە وردە لەو بڕوایە نزیکتر دەبمەوە کە لە کوردستان و عێراق ، خەریکە چینی وەرزشکاریش وەک چینی کرێکارێکی داماوی لێ دێت ، ئاخر ئه و چینە لە کوردستان لە خوا کەس زیاتر شک نابەن دەردە دڵی بۆ بکەن ، ڕەنگە تاک سوودی سەندیکاکەیان ڕۆژی کرێکارانی جیهان کە سەرۆکەکەیان قسەیەکی بێتام و تەقلیدی دەکات. 

ئاخر نەک لە کوردستان لە عێراقیش خەریکە ئەو هەستەم بۆ دروست دەبێت دوور نییە ئیتر هەندێک لەوانەی پیشەی وەرزشیان هەڵبژارد ، بکەونە ساقەو سواڵ ، دەیان یاریزانی عێراق ئەوەتا دەستیان داوەتە فرۆشتنی دەستکەوتە نێودەوڵەتیەکانیان ، چەندین یاریزان هاواری فرۆشتنی کالەکەی دەکا ، یاریزانی خولی نایابی کوردستانە بۆ کرێکاری دەگەڕێت و دەستی داخ دەکا کە وەرزشی هەڵبژارد ، باشە تا کەی وەرزشکاران ئاوا بێ ساحێب بن. ...

وەرزشکاری داماو 50 ساڵ خزمەت دەکا 5 سانیە ڤیدیۆیەکی یادەوەری نییە هاوڕێکانی بێزیان نایە سەردانی بکەن .

من وام لێهاتووە مردنی  هیچ  کەسایەتیەکی گەورە کارم تێ ناکات ، هەر لە وەرزشکارو هونەرمەندو ڕۆشنبیرەکان ، کاتێک نەخۆش و پەکەوتە دەبن سەیارەی قۆڕ دەکەن بە ناویانەوە کە دەشمرن تەنانەت حیمایەی مەسولەکانیش دەکەونە ناردنی‌ پرسەنامە و  بەناوکردنی حەدیقەو مەکتەب و هۆڵ و ژوورو یاریگا، تالە ژیانیشان پێیان ڕادەبوێرن و دەیان شکێنن و یاری بە کەرامەتیان دەکرێت.

دەیان جار ڕەنگە هەبووبێت (بەرپرسێکی سیاسی) کە ڕەنگە ئەرکی ئەویش نەبووبێت هاوکاری وەرزشکاری نەخۆش و داماوی کردووە ، بەڵام من دەپرسم ئەی ئەرکی وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی وەرزش هەر بەخشینەوەی تەختەو شوشەی بێ بنەمایە، به‌داخه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن كه‌ من قسه‌م له‌سه‌ر وه‌رزشه‌ ، بێ ئه‌وه‌ی‌ رۆژێك له‌ رۆژان سوودیان بۆ وه‌رزش هه‌بووبێت به‌ڵام رووی‌ زه‌مانه‌و ماستاوچێتی‌ ره‌ش بێت بوونه‌ ساحێبی شت و له‌ یارو نه‌یار ده‌خۆن و ئه‌وانه‌شی‌ به‌ دڵ خزمه‌تیان كرد كه‌وتنه‌ دۆخێكه‌وه‌ ئێستا پاره‌ی‌ حه‌پێك و ده‌رزیان پێ نییه‌ .

یانەکانی کوردستان بەداخم وەرزشکار یاریان بۆ دەکات ، هەندێکیان زۆر بێ منەت خۆیان دەرەخەن ، یاریزان هەیە ڕاهێنەر هەیە جەستەی لە پێناو یانەکەو وەرزش داناوە تەنانتە تەلەفونێک و چەپکە گوڵێکی پێ نەبڕاوە. 

ئیتر بەسە با واز لە هەتیوکردنی وەرزشکاران بهێنین ، دەیان ڕێکخراوو لیژنەو یەکێتیی وەرزشی و ئەم ئەو پارەو ئیمتیاز بە ناوی وەرزشەوە دەخوا دە غیرەت بتان گرێت سندوقێکی هاوکاری بێ جیاوازی دروست بکەن بۆ خزمەتی وەرزشکاران ، دەی جورئەتێ بکەن لەتە معاشێکی بچووک بۆ کەمدەرامەتەکانی وەرزش ببڕنەوە ، ئیشێ کۆمەڵێک تەنیا بەر کامێرەو قسەی زل و دانانی پرسەنامەو خەمخۆریە واز لەمە بێنن و خزمەتێکی هاوڕێ نەخۆشەکانی وەرزش و پەککەوتەکانی لێواری مەرگ بکەن. 


PM:09:27:22/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 871 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌