پاڵەوانەكەی ئۆڵۆمپی كورد بەهێزبە!!!.


زاگرۆس نانەكەلی - 

من وا هەست دەكەم گەر وتیان ماڕادۆنا واتە ئەرژەنتین،بڕوام وایە لە وەرزش وتیان كوردستان دەبێت بڵێین (محەمەد یاسین)،لەوانیە وەرزش وئاستەكەیان لێك جیاواز و دوور بێت،بەس بۆ وەرزشی كوردی من ئەم نازناوەم پێ شایستەیە ،راستە هاوار مەلا محەمەد و چەند یاریزانێكی تر هەیە،بەڵام كات وسەردەمی محەمەد یاسین و وەرزشی ئۆڵۆمپی و كوردێك لە ئۆلۆمپیادی (مۆسكۆی) ساڵی 1980 و (لۆس ئەنجلۆس) ی ساڵی 1984،دەكرێ بڵێین قورس وناوازە بوو،بۆیە ئێستا دوای ئەو هەموو ئاست وئەنجام وپاڵەوانیەتییە،محەمەد یاسین ماوەی زیاتر لەمانگێكە خەوێندراوە بە هۆی تووش بوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا!.

محەمەد یاسین لە نەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ-ی سوید لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایە و ڤایرۆسی كۆرۆنا ژیانی خستووەتە كەناری مەرگەوە،ئەو ساڵی 2011 هاتەوە كوردستان بە یەكجاری،مەبەستی دانانی دامەزراوەیەك و خوێندگایەكی تایبەت بە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی،بۆ ئەوەی بیناغە و راستاڵێك دروست بكات هاوشێوەی خۆی چەندین پاڵەوانی لاوی كوردی لێ دەربچێت،ئەو وابیری دەكردەوە،بەڵام بەرپرسی وەرزشی كوردی لە بری پاڵپشتی وهاوكاری بكەن و قاویاندا و بە ناچاری وبەبێچارەیی وبێ دەرامەتی وبێ حاڵ وبێ ماڵ و بێ پۆست وبێ پارە و بێ كار وبێ ئیش و بێ هەموو بێ یەكان!!! بەناچاری رووی لە وڵاتی سوید كردەوە!.

محەمەد یاسین ئەو كات لە پرێس كۆنفرانسێك لەرێكەوتی 19-9-2011كەدەبوایە هەموو میدیاكارانی وەرزشی و وەرزشوانانی هەولێر وكوردستان ئامادەبن،كەچی بەداخەوە ئامادەبوان لەپەنجەكانی دەست تێپەڕی نەدەكرد!،بۆیە محەمەد یاسین بەم شێوەیە یەخەی خۆی دادڕی و وتی: بەڵێ‌ لەبیركراوم و هەموو دەرگاكانیان لێم داخستووە، لەپارێزگای هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، بەسكرتێر یان بە شۆفێر و كارگوزاریش دانەمەزرێم، ئێستاش پاش كۆكردنەوەی زیاتر لە(50) میدالی جیهانی و ئاسیایی و عەرەبی و پاش زیاتر لە(30) ساڵ ئەزموون، دوای (20) ساڵ لەدەربەدەری دەمەوێ خزمەت بكەم و پاڵەوان پێبگەیەنم، بەداخەوە دەرفەت نادەن، پۆستم نادەنێ‌ و شوێنم بۆ دابین ناكرێت، ئایا رەوایە ئەو لایەنانە نەتوانن ژوورێك بۆ كەسێك دابین بكەن، كوڕی ئەم شارە بیت لەهۆتیل و شوێنان بخەویت، دیارە پێیان غەدر و تاوانە شوێنێكم بو دابین بكەن، كاكە ئێمەش كوردین و هەر لەسەر ئەوەی كەكوردم سەرم تاشراوە و بەفەرمانی عودەی كوڕی سەدام (17) رۆژ لەسەربازگەی رەزوانییە بەندكراوم!.كەچی خەڵكانێك دوو ساڵ بەتەواوی وەرزشییان نەكردووە و ئێستا زیاتر لە(4) پۆستیان هەیە،بەڵێ ئەمانە قسەی ئەو كاتی محەمەد یاسین بوو،بۆیە بەناچاری سەری هەڵگرت و كوردستانی بۆ دووبارە بەجێ هێشتەوە.

لەكۆتایی مانگی ئازاری 2020 محەمەد یاسین بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا خەوێندراوە لە نەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ-ی سوید لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایە ،تەنها منداڵەكان وخێزانی نەبێت،كەس ئاگاداری باری تەندروستی وگوزەرانی ئەم پاڵەوانە نیە،مخابن وەرزشی كوردی و وەرزشوانانی كورد بە چ بار ودۆخێك گوزەر دەكەن،حەیف بۆ هەموومان نەتوانین تەنها بە یەك تەلەفۆن لە تەندروستی ئەم (پیاوی ئاسنینە) بپرسین،دەزانم لەوانیە %80 نەیناسن!،بەرپرسانی وەرزشی و دەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكارانی وەرزشی كە 99% ئاگادارنین  لە حاڵی ئەم وەرزشكارە دێرینەی كورد،01% یەكەی تر گەر ئاگادریش بن كەس پەیوەندی پێنەكردووە،هۆكارەكەش ئاسانە،كاتێك كە محەمەد یاسین لە ئۆڵۆمپیاد وەكو كوردێك ناوبانگی دەركردبوو،ئەوانەی باسم كرد بوونیان نەبوو،بۆیەنەشیناسن ئاساییە،هەموو نزا و ئومێدەكانمان محەمەد یاسین بە زووترین كات لەم ڤایرۆسە دەربازی بێت وبگەرێتەوە ناو خانەوادەكەی،دواتر ئەم مرۆڤە پاڵەوان و ئاسنینە شایستە و قابیلی ئەوە ببێتە پێناسەی وەرزشی كوردی لە ئۆڵۆمپیاد.

پاڵەوانەكەی ئۆڵۆمپی كورد محەمەد یاسین بەهێزەبە،بگەڕێوە وەكو جاران چەڵەنگ و قوڕس و بەور ئاسا و پاڵەوان هەمیشە،چونكە وەرزشی راستەقینە و پڕۆفیشناڵ وئەكادیمی  بۆ وڵاتەكەم پێوویستی بە چەندین محەمەد یاسین هەیە،تا چەند بارە بووەكان و ئەوانەی خۆیان بە وەرزش شۆڕ كردۆتەوە و  وەرزش بە فەرمانبەری و میوانداری و داوەت و قات و بۆینباغی بریقەدار و كورسی فەڕاڕ و بودجە و مەقەسە ژەنگاویەكەی كردنەوەی بۆنەكان و پاڵەوانەكانی لێدوانە پێچەوانەكان و گەر ئەوان نەبن وەرزشی كوردی لەناودەچێت و بەشداریكردن لە خول وپانێڵ وسمیناری نێودەوڵەتی لەدەرەوەی وڵات و كە تەنیا پاڵەوانی بڵاوكردنەوەی وێنەكانن بە كوردیێكی سەقەت لە سۆشیال میدیا تێگەیشتوون!،ئەوانە تەنها وتەنها بەرێكەوت و بارو و دۆخێكی لەناكاوی نەخواز راوی وڵاتەكەم،پۆست و مۆست و بەرپرسیاریەتی وەرزشییان وەرگرتووە،ئەوانە تەنها و تەنها فەرمانبەرێكی دەست رۆیشتووی بێ مێژوون! ئەوان و وەرزش هاوشێوەی نەوت وئاون  قەت یەكترناگرن!،مێژووی وەرزشی وڵاتەكەم بۆ محەمەد یاسینەكانە،كە بەراِستی و دڵسۆزی وخەمخۆری و ئێش وژان و نەهامەتی و چاوسووركردنەوەی سەردەمی بەعس و نەبوونی و ترس و ئارەق رشتن لەنێو یاریگا و هۆڵە وەرزشییەكان بۆخزمەتی نەوەكانی نیشتیمانیان كردووە،لەپێناو  لەش ساغی و پێگەیاندن و راگەیاندن و دروستكردنی وەرزشوان وپاڵەوان بووە  نەوە لەدوای نەوە،بۆ بۆنە وەرزشییەكانی نێوخۆ و دەرەوە،ئێستاش ئەم پاڵەوانانە لە بری پلە وپۆست و بەرپرسیاریەتی و كۆشك وتەلار ،لە كونجی ماڵ لەنێو باخچەكەیان یاخود لەنێو چایخانەكان بە سەر و ڕیشی سپی و تەسبیحێكی پچڕاو  و كراس وپانتۆڵێكی ئوتوو نەكرا و پێڵاوێكی كۆنی بۆیەنەكراو،هەزار ویەك هەناسەی سارد بۆ رۆژانی زێڕینی وبێ وەفای ئێستای وەرزشی وڵاتەكەیان هەڵدەكێشن،بۆیە دەبێت ئاو بۆ رێڕەوی خۆی بڕوات و دەست دەڕوا ودەستكار دەمێنێ،وەرزشی كوردی بۆ محەمەد یاسینەكان دەگەڕێتەوە!!!.



PM:04:11:03/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 1225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌