پێشمهرگه سپۆرت -
خەلیل ئیسماعیل نە نووسین نە گێڕانەوە نە شانامە و نە پیاهەڵدان و نە شیعر هۆنینەوە نە هیچ شتێک ناگات بە مەزنی تۆ و مێژووی تۆ و کەسێتی و ڕەوشتی تۆ و خۆشەویستی بۆ تۆ.
ماوەی ساڵێک دەبێت ڕێکخراوی وەرزشکارە دێرینەکانی سلێمانی دروست بووە لە ماوەی ئەو ساڵەدا ڕێکخراوەکە هێند شانازی بۆ خۆی تۆمار کردووە هەر لە ڕێزلێنان بۆ وەرزشکارانی دێرین و لە یاد کراوان بۆ هاوکاری کردنی وەرزشکارانی نەخۆش و ناساغ بۆ بە سەر کردنەوەی ئەو وەرزشکارانەی لە ناو جێگەدا کەوتوون و نەخۆشن و ناتوانن بێنە دەرەوە بۆ ساز کردنی چەند دیدارێکی وەرزشی جوان، بەڵام هیچ کام لەو ساتانە بە هێندی ئەمڕۆ پڕ چێژ و شانازی نەبوو بە تایبەت بۆ دانەر ئەسڵان ئینجا بۆ تەواوی ئامادە بووان لەو دیدار و ستاییش و ڕێزلێنانەدا کە لە پیاوێک نرا سلێمانی لە هەمووان زیاتر بیری دەکات ئینجا نەوە بە دوای نەوە لە یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدان و دواتر یاریزانانی تۆپی دەست و چالاکی وەرزشی لە شارەکەدا.
مامۆستا خەلیل خانەقینی مامۆستای قوتابخانەی ئەیوبی و دواتر سیروان کە بە پیاوە مەزنەکەی مەلعەب تەربییە ناسراو بوو ئەمڕۆ میدالیای ڕێزلێنان و لۆگۆی ستاییش و سوپاسگوزاری نەک ڕێکخراوی وەرزشکارە دێرینەکانی پێشکەش کرا بەڵکو خەڵاتی سوپاسگوزاری شاری سلێمانی پێ بەخشرا بە ئامادە بوونی خانم و کچی بەڕێزیان و هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی و یاریزانەکانی هەموان لە کەشێکی پڕ خۆشی و پێکەنین و خۆشی بەخشینەوەدا لەگەڵ ئەو پیاوە جوان و مەزنە ئاوێتە بوونەوە و یاد و یادەوەری کۆن و سەردەمانی زێڕینی وەرزشی ئەم شارەیان کردەوە کە تیایدا مێژوو بە پیت و وشەی زێڕین و گەوهەری ناوی خەلیل ئیسماعیل تۆمار دەکات لە دوو توێی مێژووی پڕ سەروەری خۆیدا.
پاش دیدار و گفتوگۆیەکی خۆش لە نێوان میوانی شیرین و ئازیز و ئامادە بوواندا هەمووان یەک داوایان ئاراستەی مامۆستا خەلیل کرد.
بگەڕێرەوە سلێمانی ... تکایە
تۆ و سلێمانی وەکو ماسی و ئاو
وەکو پەروانە و چرا
وەکو سلێمانی و گیانی کوردایەتی
وەکو وەرزش و چوارباخ
پێویستی یەکترن
تۆ و سلێمانی عاشقی یەکن
تکایە ژیانت بگەڕێنەرەوە سلێمانی.