شەش جۆری خواردن بۆ دابەزاندنی بەرزی فشاری خوێن


 
پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

بەرزی فشاری خوێن یەکێکە لەو کێشە تەندروستیانەی لە جیهانی ئەمڕۆماندا رووبەڕووی زۆرترین کەس بووەتەوە.

بە تێپەڕبوونی کات ئەم نەخۆشییە دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە دەمارەکانی خوێن و پاشان دەبێتە هۆکارێک بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە و جەڵدەی مێشک.

پسپۆڕانی بواری تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرنامەی خۆراکی کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەسەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پەستانی خوێنەوە.

بە گشتی شارەزایان هانی خواردنی ئەو خۆراکانە دەدەن کە چەوری و سۆدیۆمیان بە رێژەیەکی کەم تێدایە، داوای دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی کحول دەکەن.

شارەزایان داوا دەکەن بە زۆری ئەو خواردنانە بخورێن کە رێژەیەکی زۆر لە کالسیۆم و پۆتاسیۆم و مەگنسیۆمیان تێدایە.

ئەمانەی خوارەوە ئەو خۆراکانەن کە دەبنەهۆی دابەزاندنی بەرزی فشاری خوێن:

١- سەوزە

ئەو سەوزانەی کە رەنگی گەڵاکانیان سەوزە وەک سپێناخ و برۆکلی و کاهو دەوڵەمەندن بە کانزای پۆتاسیۆم، کانزای پۆتاسیۆم دەبێتەهۆی ئەوەی گورچیلەکان رێژەیەکی زۆرتر لە کانزای سۆدیۆم بکەنە دەرەوە لە رێگەی میزەوە، بەمەش سەرەنجام فشاری خوێن دادەبەزێت.

٢- توو

تووەکان بەگشتی و تووی شین بەتایبەتی دەوڵەمەندن بە مادەیەکی سروشتی بە ناوی فلاڤۆنۆید، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەم مادەیە دەبیتەهۆی دابەزاندنی بەرزی فشاری خوێن.

٣- پەتاتە

پەتاتە دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم، دوو کانزا کە دەبنەهۆی دابەزاندنی بەرزی فشاری خوێن.

٤- شیری بێ چەوری

شیری بێ چەوری یان شیری کەم چەوری دەوڵەمەندە بە کانزای کالسیۆم. بوونی کالسیۆم و نەبوونی چەوری دوو هۆکارن کە دەبنەهۆی دابەزاندنی بەرزی فشاری خوێن.

گەر حەز بە خواردنی شیر ناکەیت، دەتوانی ماستی کەم چەوری بخۆیت بۆ هەمان مەبەست.

٥- شۆفان

شۆفان خواردنێکە کە رێژەیەکی زۆر فایبەری تێدایە و لە هەمانکاتدا بڕێکی زۆر کەمی لە کانزای سۆدیۆم و چەوری تێدایە، ئەم تایبەتمەندییانەش شۆفان دەکات بە یەکێک لە باشترین ئەو خۆراکانەی بەکاردێن بۆ دابەزاندنی بەرزی فشاری خوێن.

٦- مۆز

مۆزیش هاوشێوەی خواردنەکانی سەرەوە بڕێکی زۆر لە کانزای پۆتاسیۆمی تێدایە و بە چارەسەرێکی کاریگەر و خێرا و ئاسان دادەنرێت بۆ بەرزی فشاری خوێن.



PM:02:34:18/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 4837 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌