یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

ڕۆژی‌ هەینی ۲۰۱۹/٤/٥ بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سەرجەم ئەندامەکانی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و ئەم بڕیار و راسپاردانەی دەرکرد:

۱- بڕیاردرا بە ڕەتکردنەوەی پەڵپ (اعتراچ)ـی یانەی خاک لەسەر یانەی سۆران لە خولی پلەیەکی کوردستان، دوای ئەوەی یانەی خاک پەڵپی لە یاریزانی یانەی سۆران (سەیف حەمۆ) گرتبوو، گوایە ناوبراو یاریزانی دەرەوەی هەرێمە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی ورد، کە چەندین جار نوێنەری یەکێتییەکەمان سەردانی فەرمانگەی باری شارستانی کەرکووکی کرد، دەرکەوت ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە و کارتی نیشتیمانی یاریزانی ناوبراو دروستە و لە فەرمانگەی باری شارستانی کەرکووک دەرچووە، بۆیە پەڵپی یانەی خاک ڕەتکرایەوە و ئەنجامەکانی خولی پلەیەکی کوردستان بۆ وەرزی ۲۰۱۸/۲۰۱۹ بەمشێوەیە پەسند کرا:

پلەی یەکەم .. یانەی سیروانی نوێ
پلەی دووەم .. یانەی سۆران

پیرۆزبایی لە هەردوو یانە دەکەین بە بۆنەی گەیشتنیان بە ریزی یانە پلەنایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی ۲۰۱۹/۲۰۲۰، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

۲- دابەزینی هەردوو یانەی کفری و شێخان بۆ ریزی یانە پلەدووەکانی کوردستان بۆ وەرزی ۲۰۱۹/۲۰۲۰.

۳- رۆژی هەینی ۲۰۱۹/٤/۱۲ لە کاتژمێر ٤:۰۰ ـی ئێوارە لە هۆڵی داخراوی یانەی ئاشتی لە شاری سلێمانی، مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی خولی پلەیەکی کوردستان بۆ وەرزی ۲۰۱۸/۲۰۱۹ ساز دەکرێت، کە پێویستە هەردوو یانەی سیروانی نوێ و سۆران لە مەڕاسیمەکە ئامادەبن، لەگەڵ گۆڵکاری خول یاریزان عەلی حوسێن لە یانەی خاک.

٤- بڕیاردرا خەڵاتی باشترینەکانی سەرجەم خول و چالاکییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، تەنیا خەڵاتی گۆڵکاری خول هەبێت.

٥- یارییەکانی گەڕی داهاتووی خولی نایابی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

گەڕی ۲۲ / سێشەممە ۲۰۱۹/٤/۹
گەڕی ۲۳ / یەکشەممە ۲۰۱۹/٤/۱٤
گەڕی ۲٤ / هەینی ۲۰۱۹/٤/۱۹

٦- داوا لە لێژنەی رێکاری و سزادانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەکەین، لەسەر ڕووداوەکانی یاری نێوان دهۆک و ئاکرێ لە خولی نایابی کوردستان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن، راپۆرتیان بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو ئامادەبێت.

۷- لە یاری نێوان گازی باکوور و هەندرێن لە خولی نایابی کوردستان، بە هۆی ناڕەزایی و رەخنەی زۆر لە ستافی ناوبژیوانان لە لایەن یاریدەدەری راهێنەری یانەی گازی باکوور محەممەد قاسم، وە دەرکردنی لە یارییەکە بڕیاردرا بە:

٭ ئامادەنەبوونی ناوبراو لە یاری داهاتووی یانەکەی لە نێو یاریگەدا.
٭ غەرامەکردنی ناوبراو بە بڕی ۲٥۰۰۰۰ دوو سەد و پەنجا هەزار دینار.

۸- لە یاری نێوان دەربەندیخان و ئارارات لە خولی نایابی کوردستان، بە هۆی بەکارهێنانی وشەی ناشیرین و کۆنتڕۆڵ نەکردنی جەماوەری یانەی دەربەندیخان، بڕیاردرا بە غەرامەکردنی یانەی دەربەندیخان بە بڕی ۲٥۰۰۰۰ دوو سەد و پەنجا هەزار دینار، ئاگاداری کۆتایی بۆ یانەی ناوبراو بە کۆنتڕۆڵ کردنی جەماوەر و یاریگەکەیان، بە پێچەوانەوە سزاکان توندتر دەبێت.

۹- یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۰۱۹/٤/۱۱ ئەنجام دەدرێت.


PM:10:41:05/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 2736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌