‌هۆكاره‌كانی نه‌خۆشی دانیشتن و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

 
ته‌ندروستی‌ - 

لەبەرئەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بەھۆی ئەو شۆڕشی تەکنەلۆژیاییەی کەلەجیھاندا ڕوویداوە، زۆربەی کاتەکانی بە دانیشتنەوە بەسەر دەبات ، وەلەبەرئەوەی دانیشتن کاریگەرییەکی زۆر خراپی ھەیە لەسەر دروست بوونی ئازار ، بەتایبەتی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت.

لێرەدا باس لە ٤ ڕێگا دەکەین بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری ئەم پەتا سەردەمیەی ناسراوە بە نەخۆشیەکانی دانیشتن (sitting disseas):

١- ھەڵسەرە سەرپێ ھەموو ٢٠-٣٠ خولەک جارێک :
ھەڵسانە سەرپێ یارمەتی جوڵەی ماسولکەکانی بەشی خوارەوەی پشت و ڕان و قاچ دەدات، ھەموو جوڵاندنێکیان دەبێتە زیاتر ھاتوچۆکردنی خوێن لەھەموو لەشدا، کەئەمە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ووزە لە لەشدا .

ھەندێك ڕێگا ھەیە بۆ وشیارکردنەوەی خۆت بۆ نموونە دانانی ئەله‌رم لەسەر مۆبایلەکەت یاخود کۆمپیوتەرەکەت ھەموو ٢٠ خولەک جارێک و دەست کردن بەجووڵە ھەر کاتێک ئەله‌رمه‌كه‌ لێیدا .

٢- زیادکردنی وەرزش و ڕاکێشانی ماسوولکەبۆ ژیانی ڕۆژانەت : 
دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە ھۆی کورت بوونەوەی ماسولکەکانی ڕان و ماسولکەکانی دەوری حەوز ، بەکارھێنانی بەردەوامی ماوسی کۆمپیوتەر و کیبۆردەکەشی دەبێتە ھۆی ڕەق بوونی ماسولکەو جومگەی شان، لەبەرئەوە ئەنجامدانی ھەندێ وەرزش بۆ کشانی ماسولکەکان و جووڵەیان دەبێتە ھۆی خاوکردنەوەی ماسولکەکان .

٣- دوورکەوەرەوە لە بەکارھێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان زیاد لە کاتی پێویست : 
وەکو ھەموو کەسێکی ئەم سەردەمە لەوانەیە لە ئیشی ڕۆژانەتدا زیاتر لە ٨ کاژێر کۆمپیوتەر یان ئامێری ئەلەکترۆنی بەکار بھێنیت لە ڕۆژەکەدا، بۆیە ھەر کاتێک گەشتیتەوە ماڵێ دوورکەوەرەوە لەتەلەفزێۆن و لاپتۆپەکەت، لەبەرئەوەی ئەم خووە ناتەندروستانە دەبێتە ھۆی دانیشتنی زیاتر کە كۆتا شتە کە بیکەیت دوای ڕۆژێکی ماندوێتی، بەپێچەوانەوە دانانی پلان بۆ وەرزش کردن یاخود ئەکتڤیتی چالاکانە وەکو ڕۆشتن بە پێ یاخود پاسکیلسواری کاریگەریەکی باشی ھەیە .

٤- دەست بکە بە ڕۆشتن و پیاسەکردن : 
مەرج نیە وەرزش کردن تەنیا لە جیم بێت، بە پێچەوانەوە ھەوڵ بدە بەپێ بڕۆ و پیاسە بکە چەند دەتوانیت لە ڕۆژەکەدا ، ڕۆشتن بە پێ گەلێک سوودی سروشتی ھەیە بۆ لەشی مرۆڤ ، وەکو ڕژاندنی ئازار شکێنە سروشتییەکان وەکو ئیندۆرفین ، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕۆژانە بتوانیت بەپێ بڕۆیت ئەتوانیت ئەم دوو ڕێگایە بکەیت : 

١- ھەموو ڕۆژێک وا داینێ کە ڕۆشتن بۆ کارەکەت یان ھەر ئیشێکی ترت ماوەیەکی ڕۆشتنی تێ بکەوێت، بۆ نموونە دەتوانیت ئۆتۆمبێلەکەت لە شوێنێکی تۆزیک دوورتر لەشوێنی کارەکەت ڕاگریت بۆ ئەوەی بیکەیت بە ڕۆتینێکی ڕۆژانە بەپێ ڕۆشتن .

٢- دانانی بەرنامەی ھەنگاو پێوان (step )لەناو مۆبایلەکانماندا ، یاخود بەشێوەی ئامیرێکی بجووک دەبەسترێت لە جلەکانمان یاخود بەشێوەی كاتژمێر ھەیە ، قازانجی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە کە ھەنگاوەکانمان دەپێوێت و پێمان دەڵێت چەند بەپێ ڕۆشتووین و چاند کالۆریمان سوتاندووە .

ئا: د.ھەڤین کمال شاە محمد 
پسپۆڕیی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن 



PM:03:58:27/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 1254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌