‌جیاوازی نێوان خەمۆكی و خەمباری چی یە؟

 
ته‌ندروستی‌ - 

ملیۆنان کەس لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا تووشی خەمۆکی دەبن. کۆمەڵەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە ئەمریکا (ADAA) دەڵێ خەمۆکی بڵاوترین نەخۆشیی دەروونییە. 

خەمباری لایەنێکی جیانەکراوەی خەمۆکییە، بەڵام هەموو کەسێکی خەمبار تووشبووی خەمۆکی نییە. جیاکردنەوەی ئەم دووانە گرنگە، چونکە خەمۆکی پێویستی بە چارەسەری پزیشکییە، بەڵام خەمباری بارێکی تێپەڕ و کاتییە.

خەمباری چی یە؟ 

خەمباری (sadness) حاڵەتێکی ئاساییە لە مرۆڤدا و هەموو کەسێک کەم تا زۆر تووشی دەبێت. هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خەمبار بێت، وەکوو: لەدەستدانی کەسە نزیک و ئازیزەکان، لێکترازانی خێزان، لەدەستدانی کار و پیشە، کەمبوونەوەی داهات، ناکۆکیی خێزانی، کەوتن لە خوێندن و تاقیکردنەوە و کێشەی ئابووری و دارایی. 

خەمباری هەستێکی کاتی و تێپەڕە و وردە وردە بیردەچێتەوە، بەڵام ئەگەر خەمبارییەکە هەمیشە و بەردەوام بوو، وای لە مرۆڤ کرد کار و پیشە ئاساییەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، ئەوە نیشانەی تووشبوونە بە خەمۆکی. ئەگەر خەمباری بەرەو خراپتر چوو، یان دوو هەفتە و زۆرتر بەردەوام بوو، ئەوە باشترە راوێژ بە پزیشکی دەروونی بکرێت. 

خەمۆکی چی یە؟ 

خەمۆکی (depression) نەخۆشییەکی دەروونییە و کار لە هەموو هەست و سۆزەکانی مرۆڤ دەکات. کار لە هەڵسوکەوت و هەڵوێستی کەسەکە دەکات، دەکرێ لە هەر رەگەز یان تەمەنێکدا دەربکەوێ. 

ساڵی رابردوو تەنیا لە ئەمریکا و لە کەسانی تەمەن 18 ساڵ و زیاتردا، 16 ملیۆن کەس تووشی خەمۆکی بوون کە دەکاتە 6.7%ی کەسانی پێگەیشتوو لەو وڵاتەدا. 

نیشانەکانی خەمۆکی بریتین لە: ئارەزوو نەمان لە کار و چالاکی، خەمباری، بێهیوایی، نەمانی ئارەزوو بۆ نواندنی هیچ هەڵسوکەوت و هەڵوێستێک، ئارەزوو نەمان لەو چالاکییانەی کە بۆ کەسانی ئاسایی چێژبەخشن. لە حاڵەتە توندەکانیشدا بیرکردنەوە لە خۆکوشتن. 

کەسی خەمۆک چیدی ئارەزووی دیداری هاوڕێیان و ئەندامانی خێزانیان نییە، خولیاکانیان پیادە ناکەن و ناتوانن بچنە سەر کار و پیشەکانیان. 

ئەگەر ئەو نیشانانە زۆرتر لە دوو هەفتە بەردەوام بوون، ئەوە ئەگەری زۆرە کەسەکە وەک تووشبوو بە نەخۆشیی دەروونی دەستنیشان بکرێ. لە کەسی تووشبوو بە خەمۆکیدا تێبینی هەندێک دیاردە دەکرێ، لەوانە:

- کەسەکە میزاجی دادەبەزێ و هەستی بێهیوایی دایدەپۆشێ، خەمبارە و ئارەزووی هیچی نییە. 
- چالاکییەکانی کەسێکی ئاسایی لە تووشبووەکەدا بەدی ناکرێ. 
- گۆڕانی کێش: کێشی‌ کەسەکە 5% کەم دەکات یان زۆر دەبێت بێئەوەی مەبەستی بێ. 
- گۆڕانی خەو: نووستنێک کە ئێجگار کەمە یان ئێجگار زۆرە بە بەراورد بە کەسی ئاسایی. 
- بێهێزی و لەشداهێزرانی بەردەوام. 
- گۆڕانی وێنەی خود: هەست بە کەمی دەکات، یان زۆر خۆبەزلزان دەبێ یان هەست بە تاوان دەکات. 
- نەمانی توانای سەرنجدان و بڕیاردان. 
- هەوڵ و پلاندانان بۆ خۆکوشتن.

هەرکەسێک لەم هەشت خاڵە، پێنج دانەی تێدابن کە دوو هەفتە بەردەوام بن، ئەو نیشانەی ئەوەیە کە تەنیا خەمبار نییە و ئەگەری زۆرە تووشی نەخۆشیی خەمۆکی بووبێ، دوا بڕیاریش پزیشکی دەروونی دەیدات. 
پزیشکی دەروونی سەرەتا لێکیدەداتەوە ئاخۆ هۆکاری ئەو خەمۆکییە، نەخۆشییەکی جەستەیی یان ماددەیەکی ئاڵوودەکار نییە؟

چارەسەری خەمۆکی 

دوای دەستنیشانکردنی خەمۆکی، پزیشک بڕیار دەدات کە ئاخۆ کامە چارەسەر گونجاوترینە بۆ ئەو کەسە بەپێی توندیی حاڵەتەکە. چارەسەرەکە رەنگە گفتوگۆ، چارەسەری هزری یان دەرمان بێت. بە هەموو بارەکاندا دەبێ ئەندامانی خێزان چاودێری کەسەکە بکەن کە ئایا بە چارەسەرەکان بەرەو باشتر دەچێ یان نا. 

دەرمانەکان 

دەرمانەکان بەگشتی کار لەسەر زیادکردنی ماددەی (سیرۆتۆنین) دەکەن لە مێشک و دەمارەکاندا. سیرۆتۆنین پەیامبەرێکی کیمیاییە و کار لەسەر میزاج و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی دەکات. 

چارەسەری دەروونی 

بە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشک یان توێژەری دەروونی دەبێ. ئەو گفتوگۆیە هەم یاریدەی دەستنیشانکردنی راددەی توندیی نەخۆشییەکە و هۆکارەکانی دەدات، هەم پرۆسەی چارەسەر ئاسان دەکات.

چارەسازیی دەروونی، کەسەکە فێردەکات چۆن خۆی لەگەڵ نەخۆشییەکە و لێکەوتەکانی بگونجێنێ و زانیاری بداتە نەخۆش لەبارەی سرووشتی نەخۆشییەکە و چۆنێتی دەربازبوون لە هەستە نەرێنییەکان. 

نەخۆشخانە 

ئەگەر توندیی نەخۆشییەکە گەیشتە راددەیەک کە نەخۆش نەیتوانی گرنگی بە خۆی بدات و کەوتە مەترسییەوە، یان بیری خۆکوشتنی هەبوو، دەبێ نەخۆش لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشک و چارەسازیی دەروونی بمێنێتەوە. دەکرێ لە هەمان نەخۆشدا زۆرتر لە جۆرێکی چارەسەر بەکاربهێنرێ بەپێی بڕیاری پزیشک. 

دکتۆر ڕێبوار غریب حمە
پسپۆڕی نەخۆشی یە دەروونی یەکان 


PM:03:19:14/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 6218 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌