پێشمه‌رگه سپۆرت -
خولی نایابی تۆپی باسكه‌ی یانه‌كانی عێراق ده‌ست پێده‌كات و دوو یاریزانی تیپی باسكه‌ی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی -یش به شێوه‌ی خواستن یاری بۆ یانه‌ی مینایی شاری به‌سره ده‌كه‌ن.
هه‌ریه‌ك له یاریزانان محه‌مه‌د عه‌بدول جه‌بار و ڕێكان عوسمانی دوو له یاریزانانی تیپی باسكه‌ی پێشكه‌وتوانی یانه‌ی پێشمه‌رگه به شێوه‌ی خواستن و به گرێبه‌ستێك بوونه یاریزانی تیپی باسكه‌ی یانه‌ی مینایی شاری به‌سره بۆ خولی نایابی تۆپی باسكه‌ی یانه‌كانی عێراق .
سه‌باره‌ت به یاریكردنی ئه‌و دوو یاریزانه بۆ یانه‌ی مینا ، كامه‌ران محه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتیاری گشتی به‌شی باسكه‌ی یانه‌ی پێشمه‌رگه له لێدوانێكی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه سپۆرت ووتی ، به‌هۆی ئاست به‌رزیان ئه‌و دوو یاریزانه‌مان بوونه جێگه‌ی سه‌رنجی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی مینا و هه‌ربۆیه به فه‌رمی داوامان لێكراوه كه ئه‌و دوو یاریزانه بۆ خولی نایابی یانه‌كانی عێراق بده‌ینه یانه‌ی ناوبراو ، كامه‌ران ووتیشی هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د و ڕێكان له خولی عێراق یاری بۆ یانه‌ی مینا ده‌كه‌ن و گه‌ر خولی كوردستانیش ئه‌نجام بدرێت یاری بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن .