هۆكاره‌كانی ووشكبوونەوەی پێست


 
ته‌ندروستی‌ - 

ووشكبوونی پێست بریتیەلە دەركەوتن و دروستبوونی توێژاڵێكی تەنك كە پێی دەوترێ‌ (سكێڵ) لەسەر ڕووی پێست دەردەكەوێت لەكاتە ئاساییەكاندا نابینرێت بەپێی تەمەن و وەرزەكانیش جیاوازن.

دكتۆر موشیر ئیبراهیم عبدللە پزیشكی چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سایتی ته‌ندروستی  زانیاری پێویست لەسەر ئەم بابەتە دەخاتەڕوو.

تەندروستی: هۆكارەكانی دروستبوونی ووشكی پێست بۆچی دەگەڕێتەوە؟

د.موشیر ئیبراهیم: هەندێك جار هۆكارەكانی بۆماوەیین یان گۆڕانی ئاوهەوا كاریگەری ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر پێست و بەرەو ووشكبوونی دەبات بەتایبەت لەسەرەتایی وەرزی پایز و وەرزی زستاندا، هەروەها بەكارهێنانی دەرمان و كرێمی دژەخۆر كاتێك مرۆڤ بەكاری دەهێنێت پێستی ووشك دەكات ئەمەش بەهۆی بوونی هەستیاری پێستی ئەوكەسە ئیتر منداڵ بێت یان گەورە.
كەمی ڤیتامینیش كاریگەری لەسەر ووشكبوونی پێست هەیە یان وەرگرتنی چارەسەری زیپكە كەئەمەش بەهەمان هۆكار لەجیاتی لابردنی زیپكە پێست ووشك دەكات.

تەندروستی: ئەم حاڵەتە تەنها لەپێستی دەمووچاودا دروست دەبێت؟

د.موشیر ئیبراهیم: نەخێر ووشكبوونی پێست تەنها لەدەموچاودا نیە بەڵكو ئەم ووشكبوونە ئەندامەكانی وەك دەست و پێیەكان دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە لەئەنجامی گۆڕینی كەشوهەوا لەوەرزێكەوە بۆ وەرزێكی دیكە یان بەهۆكاری بەكارهێنانی هەندێك كرێم یان كەرەستەكانی پاككردنەوە كەسەكە تووشی ئەم حاڵەتە دەكات، بۆنمونە ئافرەتان كاتێك كەرەستەكانی پاكژكردنەوە وەك زاهی،عیملاق..هتد بەكاردەهێنن كاریگەرییەكە دروست دەبێت.

تەندروستی: شتنی بەردەوامی دەست و دەموچاو تاچەند هۆكارە؟

د.موشیر ئیبراهیم: بەردەوامی شتی دەست و دەموچاو پێست تووشی ووشكبوونەوە دەكات بەتایبەت ئەوكەسانەی تووشی حاڵەتێكی دەروونی دەبن بەردەوام دەست و دەموچاویان دەشۆن وادەزانن پاك نەبۆتەوە یان هەندێكجار ئەوكەسانەی بەتەمەنن پێستیان ووشك دەبێت و چارەسەری بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە یان شەكرە ڕووبەڕووی ووشكی پێست دەبنەوە.

تەندروستی: بەكارهێنانی كرێمی پێست بەبێ‌ ڕێنمای پزیشك چ كاریگەرییەكی دەبێت؟

د.موشیر ئیبراهیم: بەكارهێنانی هەندێك كرێمی پێست لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەبێ ڕێنمایی پزیشكی پسپۆڕی پێست و بەشێوەی دەستاو دەست لەنێوان كەسەكاندا، بەهەمان شێوەی دەرزی كاریگەری خراپ دەكاتەسەر ئەو كەسە بەجۆرێك كاتێك پێست چەورە یان ووشكە كرێمەكان بەپێچەوانەوە بەكاری دەهێنن بێ‌ ئەوەی زانیارییان هەبێت لەسەر ئەو كرێمانەی بەكاری دەهێنن، ئەمەش پێست تووشی سوربوونەوە و زۆرحاڵەتی تردەكات و پێدەچێت مووی دەموچاو زیاد بكات یان خاڵ دروست بكات یان پێست ڕەش بكات.

تەندروستی: چارەسەری حاڵەتەكانی ووشكبوونی پێست چی یە؟

د.موشیر ئیبراهیم: چارەسەرەكانیش چەند جۆرێكن لەوانەش وەك:

1-پێویستە لەسەر هاوڵاتیان لەگەڵ گۆڕینی كەشوهەوا كرێمی چەوركردن بەكاربهێنرێت بەجۆرێك ئەو كەسە بەو كرێمە پێستی هەستیاری نەبێت تابتوانێت پێستی بپارێزێت لەووشك هەڵهاتن.
2-دووركەوتنەوە لەو جۆرە كرێمانەی كە پێست ووشكتر دەكەن بۆنمونە كەسێك زیپكەی هەیە كرێمی لابردنی زیپكە بەكاردەهێنێت ئەمە وادەكات پێستی ووشكتربێت.
3-ئەوكەسانەی نەخۆشییەكانی وەك ( ئێكزیما، سەدەف) یان هەیە یان جۆرێك لەدەرمان و كرێم وەردەگرن كاریگەری لەسەر ووشكبوونی پێست دەكات یان توانای ئەوەی نیە ووشكی پێستیان چارەسەر بكات پێویستە ئەو كرێمە یان ئەو دەرمانەی وەری دەگرێت سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات بۆی بگۆڕدرێت بەكرێمێك كەتوانای ئەوەی هەبێت چارەسەری بكات.


PM:03:19:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 4433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌