نیشانەكانی خۆر بردن چین؟


 
ته‌ندروستی‌ - 

خۆربردن: بریتییەلە ماندووبونێكی زۆر جا بەكاركردن بێت یان وەرزشكردن یاخود هەر ماندوبونێك كە لەشی مرۆڤ شەكەت بكات، بەوەش ئارەزووی حەوانەوەو شوێنێكی گونجاوی هەبێت بۆ دانیشتن و خۆ خاڵی كردنەوە بەڵام لەوكاتەدا بۆی نەگونجێت.

نیشانەكانی كەسی خۆربردوو چین تاوەكو بەهۆیەوە حاڵەتەكە بناسرێتەوەو كەسەكە لە مەترسییەكانی بپارێزرێت؟
 
1.  بۆماوەیەكی كاتی كەسی خۆربردوو دەبوورێتەوە دواتر بەئاگادێتەوە.
2. كەسەكە لەشی تووشی سستی دەبێت و بێ‌ هێزی دەكات.
3. ماسولكەكان تووشی ڕەق بوون دەبێت.
4. بێ‌ هۆشی و لەدەستدانی ئۆرگانەكانی لەش.

لەبارەی پێدانی چارەسەرییەكانەوە بۆ ئەو حاڵەتانە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەناوی سلێمانی د.زانیار نوری عوسمان پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی"dohsuli"  ووتی: وەرگرتنی پشوو لەشوێنی فێنك و گونجاو و دوور لەگەرما، هەروەها دانانی كانۆلاو پێدانی موغەزی جا لەڕێگای خواردنەوە بێت یان لەڕێی كانۆلاوە، زۆربەشیان بەزووی نەخۆشخانە بەجێ دەهێڵن بەڵام هەندێكیان پێویستیان بەمانەوە دەبێت بۆماوەی دوو ڕۆژ و دەخرێنە ژێرچاودێری پزیشكییەوە.

ئەوپزیشكە پسپۆڕە ڕێنمایی ئەوە دەدات بە هاوڵاتیان و بەتایبەتیش بەتەمەنەكان و منداڵان یان ئەوانەی كەدەرمان دەخۆن و كاریگەری گەرمایان بۆ دروست دەبێت یاخود ئەوانەی تووشی نەخۆشی سی یەكان و  سستی دڵ و گورچیلەكان بوون دەڵێت: پێویستە هەوڵ بدەن لەكاتی گەرمادا لەناو ماڵەكانیاندا بمێننەوەو ڕوو لەدەرەوە نەكەن، هەروەها ئەگەر لەشوێنی كاریشدابن پێویستە ئەو شوێنەی كاری لێ‌ دەكەن پلەی گەرمای مام ناوەند و فێنك بێت، ئەو كەسانەشی وەرزش ئەنجام دەدەن پێویستە لەكاتە گەرمەكاندا وەرزش نەكەن.

ئا/ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



PM:08:00:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 1663 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌