ئەحمەد سەنگاوی
ئەو بۆچوونە ڕاست نییە، کە دەگوترێت، تۆپی پێ لەبەردەم مەترسیی پاشەکشەدایە، یان جامی جیهانیی دەکرێت بە پێوەر بۆ ئایندەی تۆپی پێ. ڕاهێنەری هەڵبژاردەکان، هێندە لە ڕووی فیکری تەکتیکییەوە هەژارن، تەنانەت ناتوانن بەشێوەیەکی دروست لاسایی ڕاهێنەرە مەزنەکانی ئەم سەردەمەی تۆپی پێ بکەنەوە. ئاخر لۆژیکی تێدا نییە ڕاهێنەری هەڵبژاردە بە حەوت یاریی داهێنان و تازەگەریی لە تۆپی پێدا بکات، بۆیە مۆندیال ناتوانێ هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئایندەی تەکتیکی تۆپی پێ بهێنێ، چونکە ئەپدەیتی فیکری و ئەبدەیتی تەکتیکی لەدەستی ٣٢ ڕاهێنەرەکەی مۆندیالی ٢٠١٨ نییە.
ئەوەی نوێگەریی کردووە، ئەوەی نوێنەرایەتیی نوێگەریی تۆپی پێ دەکات، بەشێک لە ڕاهێنەرانی یانەکانن، نەوەک هەڵبژاردەکان. بۆ نموونە، جڵەوەی ئێستا و داهاتووی تۆپی پێ لەدەستی ئەم ڕاهێنەرانە و چەندانی دیکەدایە.
((گواردیۆلا، پۆچیتینۆ، ساری، کڵۆپ، ڕۆجەر شمیت، مارسێلۆ بێلسا، خوان مانیوێل لیۆ، ڕیکاردۆ لاڤۆڵپی، خۆسێ مۆرینیۆ، ئەنتۆنیۆ کۆنتی، ئەلێگری و دیێگۆ سیمیۆنی...هتد))
نوێنەرایەتیی دوو فەلسەفەی جیاوازی تەکتیکی هێرشبەری و بەرگریی دەکەن. ئەگەر بەشێک لە ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەکان لە ساتێک لە ساتەکانی یارییەکان، یان لە یارییەکدا تەکتیکێکی سەنجڕاکێشیان جێەجێ کردبێ، ناکاتە ئەوەی وەک بەشێک لە نوێبوونەوەی تۆپی پێ هەژماری بکەین.
هەر لە بنەڕەتدا هەڵبژاردە و پاڵەوانییەتی جیهانی و کیشوەری کە پاڵەوان تەنیا دەتوانێ حەوت یاریی بکات. بوارێک بە داهێنانی تەکتیکی نادات. ڕاهێنەری هەڵبژاردە دەرفەتی تاقیکردنەوەی بیرۆکەی نییە، هەموومان سامپاولی و یواخیم لۆڤمان بینی چۆن گوزی گەورەیان لە هەڵبژاردەکانیان دا، بەهۆی تاقیکردنەوەی بیرۆکەکانیان، هەڵبەت ئامانجی ئەم دوو ڕاهێنەرش نوێگەریی نەبووە بەقەد ئەوەی بەدوای ڕێگەیەکدا وێڵبوون بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکان.
ئایا ڕاهێنەر بە حەوت یاریی دەتوانێ چی بکات و چی بگۆڕێت، بەڵام ڕاهێنەری یانەکان، ڕۆژانە و هەفتە کار لەسەر تەکتیکی نوێ دەکەن، ساڵانەی نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ یاریی فەرمیی ئەنجام دەدەن، بۆیە دەستکراوەترن بۆ گۆڕانکاریی.
بۆئەوەی کەس ئەم ڕستە سوواوە دووبارە نەکاتەوە، کە مۆندیال تۆپی پێ بەرەو داهاتووییەکی نادیار بەکێش دەکات، باشترە دیققەتی نێوبانگی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکان بدەن، باشترە لەو هۆکارە وردببنەوە بۆچی زۆربەی ڕاهێنەرە مەزنەکان ئامادەنین ئەرکی ڕاهێنەریی هەڵبژاردەکان لەئەستۆ بگرن.
بەپێچەوانەی ئەو ترسە لە پاشەکشەی ئەم وەرزشە، تۆپی پێ لە پێشکەوتن و گەشەیەکی خێرادایە، چونکە ڕاهێنەران لە هەر ساتێکی مێژوو، زیاتر زاڵن بەسەر کەشی تۆپی پێ. ڕاهێنەر لە هەر کاتێکی مێژوو، زیاتر قورساییان هەیە و دەتوانن قسەی کۆتاییی بکەن و دەتوانن چۆن بیانەوێ بەوشێوەیە یاریزان ئاڕاستە بکەن.
چ ڕاهێنەرێک تووشی چەقبەستوویی تەکتیکی و ئەپدەیتی فیکری ببێت، کۆتاییی بە وێستگەی کاری ڕاهێنەریی خۆی دەهێنێت.
دەکرێ بڵێین مۆندیال دەرفەتێکە بۆ لەدایکبوونی ڕاهێنەرێکی نوێ تا چانسی ئەوە بەدەست بهێنێت، تا دوای مۆندیال ببێتە ڕاهێنەری یەکێک لە یانەکان، نەوەک ئەوان ڕێڕەوی تۆپی پێ بگۆڕن.