ڤیكی سباركس یەكەمین خانمی كۆمێنتاری وەرزشی



زاگرۆس نانەكەلی

گەر مێژووی مۆندیال ومێژووی خانمانی میدیاكاری وەرزشی بەروارد بكەین،ئەوا خانمان لە میدیای وەرزشی پێش مۆندیالی 1930 ی ئۆرگوای دەستیان پێكردووە،چونكە بۆ یەكەم جار خانمان سادی نیلەر میلەر) و (ئیلا رەش پێست) یەكەمین  دووخانم بوون ساڵی 1890 هەواڵی وەرزشییان بڵاوكردەوە،واتە بەر لە (40) پێش مۆندیال خانمان پیشەی میدیاكاری وەرزشییان ئەنجامداوە.

گەر بەرواوردێكی نێوان میدیاكاری خانمان وپیاوان بكەین،نێوانیان زۆرە،هۆمیرۆس لە (850) ساڵ پێش زاین هەواڵی وەرزشی بڵاوكردۆتەوە،خانمانیش لەساڵی 1890 دەستیان پێكردووە،واتە نێوانیان دەكاتە (2740) ساڵ.

سەبارەت بە مێژووی كۆمێنتارانی وەرزشی خانمان وپیاوان،ئەوانیش مێژووی تایبەتی خۆیان هەیە وجیاوازی هەیە لە ساڵ،ساڵی 1921لە ویلایەتی (بنسلڤانیای) ئەمریكا كۆمێنتاری وەرزشی (فلۆران جیبسۆن) بۆیەكەم جار كاری كۆمێنتاری وەرزشی ئەنجامداوە،هەروەها یەكەمجار راستەوخۆ ئۆلۆمپیادی فەڕەنسای ساڵی 1924 گواسترواەتەوە وكاری كۆمێنتاری بۆ كراوە،بەڵام بەرواردێك بۆ كاری كۆمێنتاری وەرزشی خانمان وپیاوان بكەین ئەوا دەبێت ساڵی 1921 بۆ پیاوان هەرژمار بكرێت،بەڵام ساڵی چەند بۆ خانمان هەژمار بكرێت تا جیاوازی ساڵەكە بۆدزینەوە؟.

ئەم پرسیارە دوێنێ چوارشەممە 20/6/2018  بەدەستمان كەوت،كاتێك لە كۆمەڵەی دووەمی مۆندیالی رووسیای 2018 هەردوو هەڵبژاردەی پورتوگاڵ ومەغریب رووبەڕووی یە بوونەوە،كەناڵی (بی بی سی) بەریتانی،بۆ یەكەم جار لەمێژووی كاری كۆمێنتاری وەرزشی/پەیامنێری وەرزشی  خاتوو (ڤیكی سباركس) لەگەڵ یاریزانانی پێشووی هەڵبژاردەی بەریتانیا (گاری لینیكەر و  جۆن تێری) بەهاوبەشی كاری كۆمێنتاری وەرزشییان ئەنجامدا،خاتوو ڤیكی سباكس بووە یەكەمین خانمی میدیاكاری وەرزشی كاری كۆمێنتاری وەرزشی ئەنجام بدات،بۆیە جیاوازی ساڵ دەبێت لە ساڵی 1921 و2018 بكەیت كەدەكاتە (97) ساڵ.

ئەوەی باسمان كرد تۆماركرنی مێژووێكی نوێ بوو لە مێژووی میدیای وەرزشی بەگشتی و كۆمێنتاری وەرزشی بەتایبەتی،تایبەتریش مێژووی میدیای وەرزشی خانمان ومێژوو تۆماركردنی كۆمێنتاری وەرزشی خانمان،بۆیە گرنگە ئەم بەروارد وجیاوازییە،بەڵام خاتوو (ڤیكی سباركس) بەریتانی وەكو كۆمێنتارێك وپەیامنێرێكی وەرزشی كەناڵی (بی بی سی) بەریتانی،چۆن بەراوردی لەگەڵ خانمە میدیاكارانی وەرزشی كوردستانی بكەین،بێگومان مێژووی خانمانی میدیاكارانی وەرزشی كوردستان لە دوای ساڵی (1987) دەست پێدەكات،چونكە ئەو كات ناوەناوە  و لابەلا خانمانی كوردستان بابەتی وەرزشییان لە (كاروانی وەرزش) بڵاودەكردەوە،سەبارەت بە بەرواردی كۆمێنتارانی وەرزشی جیهانی وكوردستان،ئەوا بەراورد ناكرێت بەداخەوە!،چونكە تا ئێستا خانمی میدیاكاری وەرزشیمان نەبووە كاری كۆمێنتاری وەرزشی ئەنجام بدات.

بۆیە ئومێد دەكەم لەدوای مۆندیالی رووسیا لایەنی پەیوەندیدار وئەوانەی هاوخەمی میدیای وەرزشی كوردین،با بە لۆژیك و ئەكادیمیا و زانستیانە كار بۆ پێكهێنانی دەزگایەكی میدیای وەرزشی گشتی بكەنەوە وخانمای میدیاكاری وەرزشیش رۆڵی گرنگی خۆیان بە ئازادی بگێڕن،بەتایبەتی هەوڵ بدەن وەكو سەرەتایەكیش بێت راهێنان وكار بۆ فێربوونی كۆمێنتاری وەرزشی بكەن،چونكە ئەویش زانستێكە با ئەمڕۆ بە زانستی وئەكادیمی فێری بین باشترە لە بەیانی.


AM:10:25:25/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1690 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌