شرۆڤەكاری بەخۆڕایی!!!



زاگرۆس نانەكەلی

كاتی خۆی لەو شێخەڵڵایەی شاری هەولێر،سەوزە ومیوە ئێواران هەرزان دەبوو،پیاوێك هەبوو هاواری دەكرد (خیار بەلاش)!،ئەو مەبەستی هەرزانی بوو،هەندێكیش وایان دەزانی بەلاش وپارە نادەی،بەهەر حاڵ لەسەردەمی نیاندرتالەوە تا ئێستا شتێك نەبووە جگە لە خێر و زەكات ناوی بەلاش بێت،جار وباریش پیاوەتی هەبووە بەڵام بەبەردەوامی نا،فەقەد شرۆڤەكاری وەرزشی تا ئێستاش بەلاشە،حیكمەتەكەش تا ئێستا كەس نازانێ بۆ بەلاشە؟،نە نەوت و كەنگر و كاردی و  تۆڵەكەیە بەخۆڕایی لە ژێر زەوی دەربهێندرێت!،ئەمە زانستێكی سەردەمە هەموو كەسێك پەی پێ نابات،بەڵام ئەفسوس لە وڵاتەكەی من ئەویش بەلاشە .

لە راپەڕینی بەهاری 1991 دەیان ووت حكومەتەكەمان ساوایە،ئێستا (27) ساڵە گەورە بووە تۆغیانیتی،واتە موستەحەقە ژنەكی قیت و قۆزی بۆ بێنن،كەچی بەهەمان شێوە (27) ساڵە میدیاكارانی وەرزشی كوردی،بەرنامەی تیڤی ورادیۆ پێشكەش دەكەن،شرۆڤەكاری وكۆمێنتاری دەكەن،لە رۆژنامەو گۆڤارەكان دەنووسن،میوانی بەرنامەكانن وپاشان سوپاسیان دەكەن،شرۆڤەكارانی وەرزشی باشووری كوردستان ئێستا لە مۆندیالی رووسیا رۆژانە لەسەر ئەرك وماندووبوون وهیلاكی وئامادەردنی بابەتەكانی خۆیان،بە جل وبەرگی خۆیان و بەئارایشت و خۆ رێك وشیك كردن و دیزانی جل وبەرگی خۆیان،بە ئۆتۆمبێلی خۆیان،هەندێكیان بە كرێ گرتنی تاكسی لەسەر ئەستۆی خۆی،دەچێتە دەزگایەكی راگەیاندن ماوەی زیاتر لە (2) كاتژمێر بۆ هەر یارییەك دەمێنێتەوە،گەر دوو یان سێ یاری بمێنێتەوە،دڵنیابە زیاتر لە (6) كاتژمێر دەمێنێتەوە،كەچی دەزگاكەسوپاسێكی دەكەن و بەخێر بێت و ئەڵلاه ئەمانەت!.

دەزگاكانی راگەیاندن،ئەو میدیاكارە وەرزشییانەی لەم دەزگایانە كاردەكەن،دڵنیابن میدیاكارانی وەرزشی كوردی نەزان و بێ زانیاری نین،بەڵام هێندە وڵات و پیشەكەی خۆیان خۆش دەوێت بۆیە خۆبەخشانەلەسەر ئەستۆی خۆیان خزمەت دەكەن،بۆیە حاڵی ئێستای شرۆڤەكارانی وەرزشی كوردی و دەزگاكانی راگەیاندن لەنێوان ئەم(18) دیدو بۆچوونە خۆی رووندەكاتەوە.

*.هەندێك دەزگای راگەیاندن وا هەست دەكەن میدیاكارانی وەرزشی ئومێدەخوازن بچن بۆ ئەو دەزگایە هەر چۆنێك بێت میدیاكارە وەرزشیەكە رازییە.

*.هەندێك دەزگای راگەیاندن تایبەتە بەخۆیان و بۆ خۆیانە میوانداری یاساغە.

*.هەندێك دەزگای راگەیاندن دانیشتوون بەئارەزووی خۆیان یەك دەڵێ و ئەویتر دەگێڕتەوە،وەكو شەڕە بەندی لیهاتووە،نازانن ئەم تیڤیانە دەچێتە هەموو ماڵێك زانیاری هەڵە وشرۆڤەی سەقەت خەڵكانێك باوەڕ دەكەن .
*.دەزگای راگەیاندن هەیە،میدیاكارە وەرزشییەكە وەكو كرێكار هەژماری دەكات وپێی دەڵێ بڕۆ سپۆنسەر بێنە!،میدیاكاری وەرزشیش بەناچاری روو لەم كارە دەكات.

*.میدیاكاری وەرزشی هەیە بە ناچاری ئەو مۆندیالە زەبەلاحە بە سپۆنسەری (روونی راعی) بەرێوەدەبات،تەنها ئەوە دەمێنێت كاكی میدیاكاری وەرزشی وەكو كابرای عارەب شمشاڵەكە لێ بدات!،تەنها لەپێناو بەرنامەیەكی وەرزشی خودی میدیاكارە وەرزشییەكەدەبێتە كالایە لە كاڵاكانی بازرگانی ئەو دەزگایە.

*.دەزگای راگەیاندن هەیە تەنها خزم خزمانێ و ئەو ئەو داوەت دەكات،پاشان ئەویش ئەو داوەت  دەكات،ئێستای لەگەڵدابێت راگەیاندنی وەرزشی بە ناسیار و دیوەخان تێگەیشتووە،سەیەرەكەش لەوە دایە ئەو بەو دەڵێ راستە وئەویش بەو دەڵێ راستە،واتە رای جیاوازنیە وكەسیشیان هەڵە نین،خۆی لە ئەسڵدا وەرزش هەڵەیە!.

*.تێكڕایی دەزگاكانی راگەیاندن هەرچ نەبێت بتوانن هاتوو چۆ و جل وبەرگی وەرزشی بۆ نێو ستۆدیۆ بۆ میوانەكان ئامادەبكەن.

 *. هەندێك دەزگاو  میدیاكاری وەرزشی هەیە بەداخەوە،ئێستا ئەزمەی شرۆڤەكارە،كە بەدەستیان ناكەوێت چونكە تیڤی و میڤی زۆر بووە،سەعاتێك یان دوو سەعات ماوە تەلەفۆن بۆ شرۆڤەكارێك دەكەن دەڵێن:خەڵك زۆر بەس دەمانەوێت تۆبیت،ئەمەش بەبۆچوونی خۆم  ئیهانەكردنی خودی شرۆەكارەكەیە،چونكە لە راستیدا وانیە كەسیان بەدەست نەكەتووە.

*.سەبارەت بە هونەرییەكانی نێو ستۆدییەكانی مۆندیال،بداخەوە هەندێك دەزگا كامیرایەكی وسێ كورسی و دوومیوان وپێشكەشكارێك ودیكۆرێكی زۆر سەیر ناوی ناوە ستۆدیۆ بۆ شرۆڤەكاری یارییەكانی مۆندیال!،بەراستی ئەمە وێرانەیە وهیچی ترنا.

*.شرۆڤەكار وحكایەت خوان دوو دید و بابەتی زۆر جیاوازن،نامەوێت ناوی هیچ دەزگا و شرۆڤەكارێك بێنم،بەس داوا لە پێشكەشكاری بەرنامەكان وشرۆڤەكارەكان دەكەم،دوای تەواو بوونی بەناو شرۆڤە سەیرێكی خۆتان بكەنەوە و گوێ لە خۆتان بگرن،بەڵام بە ئینسافە گەر راتان لەخۆبوو رازی بوون لە خۆتان ئێمەش لێتان رازین،بەڵام دڵنیام خودی خۆتان لە خۆتان رازی نابن!.

*. ئامێری تیڤی ئامێرێكی هەستیارە وخێرایە بە زووترین كات دەگاتە ماڵەكانتان،تكایە بە كەیف وئارەزووی خۆتان بەناو بابەتەكان مەكەون،شرۆڤەكاری زانستە،دوای خەڵك لە زانیاریە هەڵە وسەقەتەكانتان لێی تێك دەچێت.
*.خۆ بەشت زانین نەزانینە،هۆكاری ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە زۆر ترسناكە خودی میدیاكار وشرۆڤەكار لەناو دەبات وتووشی زەریای خەیاڵ و ژینگەی نا سافی دەكات،كاتێك شرۆڤەكارێك،یان پێشكەشكارێك یەك دوو ساڵە ئەم پیشەیە ئەنجام دەدات،ئینجا لەنێو ستۆدیۆ وە یان لە دەرەوە،چەند كەسێك لەخۆ كۆدەكاتەوە وێنەی (سێڵفی) یان وێنەی ئاسایی خۆی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكاتەوە،كە گوایە هەوادارینە،كاكی برای یاخوا هەموو جیهان هەواداری تۆ دەبێت،بەڵام بە یەك دوو رۆژ ئەمە دروست نابێت.

*.كێشەی گەورەی خودی پێشكەشار وشرۆڤەكار تەمەنە!،چونكە بەنموونە مۆندیال لە ساڵی 1930 لە ئۆرگوای دەستی پێكردووە،واتە (88) ساڵە ئەم پاڵەوانیەتیە،ئەم بەرێزانە نە مێژووی هەڵبژاردەكان ویاریزانەكان و رووداوەكان بەباشی شارەزانین،بەم هۆكارەش كە تەمەنیان بچووكە لەبری ئەوەی بچن مامۆستایەكی زانكۆ تایبەت بە تۆپی پێ بێنن،یاخود داوەرێكی خانەنشین بێنن،یەك دوو گەنجی هاو تەمەنی خۆیان دێنن،سەرەتا مێژووی ئەم دوو هەڵبژاردە نازانن،نازانن مێژووی یاریزانەكان وئەستێرەانی ئەم دوو هەڵبژاردە كێ بوونە،ناتوانن باس لە قوتابخانە وچۆنیەتی یاریكردنی ئەم دوو هەڵبژاردە بكەن،ئامار وسەرژمێری و داتا و ریزبەندی و دیاردە سەیر وسەمەرەكان ورووداوە ناخۆش و دیمەنە سەیرەكان و ...تاد،هیچی لێنازانن،بۆیە دەتوانم بڵێم كێشەكە لەم خاڵە دەست پێدەكات.

*.خودی پێشەشكار وشرۆەكار وهەموو خەڵك ئازادە،هاندەر و تەڕەفداری چ هەڵبژاردەیەكە،بەڵام ئەوەی سەیر وسەەرەیە هەندێك لە پێشكەشكاران وشرۆڤەكاران بە روونی وئاشكرا لایەنگری هەڵبژاردەیەك دەكەنلە بەرنامەیەكی راستەوخۆ،بۆیە بینەر وبیسەر هەستی پێ دەكەن،بەڵام لوە سەیر تر كە لایەنی گیری دەكەن لایەنگیرییەكە بە هەڵ‌،بە نموونە دەڵێ هەڵبژاردەی فلان زۆر بەهێز بەتوانا وخاوەن مێژوو و یاریزانی پیشەگەر وراهێنەری باشە،كەچی فلان ئەو هەڵبژاردەی ئەو باسی دەكات تووشی شكست بووە،بۆیە بەهیچ شێوەیەك نە پێشكەكشار ونە شرۆڤەكار نابێت لایەنگیری هەڵبژاردەیەك بكات،دواتر بینەر وبیسەر هەستی پێدەكەن ،پاشان خودی شرۆڤەكار وپێشكەشكارەكە ممتمانە لە دەست دەدەن.

*.شرۆڤەكار وپێشكەشكاری وەرزشی ئەركێكی ئاسان نیە،بەداخەوە هەندێك وەكو پیشەی فەرمانبەری تێگەیشتوون،دەوام بكەن وبەرانبەر بە دەوامەكە مووچە وەربگرن،هەڵەیەكی كوشندەیە ئەم دیدە وبۆچوونە،چونكە بەتایبەتی كەسی شرۆڤەكار هەر چ نەبێت باكگراوندی لە (20) ساڵ كەمتر نەبێت وەكو وەرزشوانی دێرین،یاخود وەكو میدیاكارێكی وەرزشی،ئینجا دەكرێت بتوانین گوزەر بەنێو ئەم پیشە قورسە دابكەین،من زۆر جاران باسم كردووە،ئەو گەنجانەی نوێن وحەز وئارەزووی شرۆڤەكاری وەرزشییان هەیە،بابڵێن دید وبۆچوونمان هەیە،ئینجا پەیژە بە پەیژە بتوانن قۆناغەكانی سەركەوتن بۆ كاری شرۆڤەكاری وەرزشی ببڕن.

*.میدیاكاری وەرزشی تا بتوانی سەنگە و قورسایی وكەسایەتی خۆی بپارێزی وجێگیری بكات،چونكە ئەمانە پێشوەختەی سەركەوتنی مرۆڤەكانن،بتوانە بە درێژای ئەو مۆندیالە یەكجار ببە بە میوان،بەڵام میوانێكی بە سەنگ وكەسایەتێكی جێگر و پڕ زانیاری و شرۆڤەیەكی ئەكادیمی و لۆژیكانە هەڵسوكەوت بكە،تا نە دەزگاكەی راگەیاندن لێت بێزار بێت ونەبینەر وبیسەر لێت بێزاربن،هەوادارانی وەرزشیش ستایشت بكەن.

*.نابێت رۆڵی بەشێك لە میدیاكارانی وەرزشی تازەپێگەیشتوو و گەنج و هاوتەمەنەكانمان لەبیر بكەین،چونكە ئەوان زۆر ماندوونەناسانە بەزانیاری وورد و نوێ وهەستیار و ژیرانە پێشكەشی بینەر وبیسەر دەكەن،ئەمەش هەنگاوێكی باش و روونە بۆ ئایندەی میدیای وەرزشی كوردی،ئومێد دەكەم ئەوانەی بەمانای ووشە خزمەتی راستەقینەی میدیای وەرزشی كوردی دەكەن لەلایەن حكومەت و دەزگاكانی راگەیاندن ولایەنی پەیوەندیدار گرنگیان پێ بدرێت.

*.پێوویستە ئەو بەرێزانەی بەشەوق و ئارەزووێكی بێ سننور دەیانوێت فێری پیشەی شرۆڤەكاری بن،پێوویستە،لەگەڵ مامۆستاكانی راهێنەر و یاریزانان و پسپۆڕانی كۆلیژی پەروەردەی وەرزشی و وەرزشوانە دێرینەكان و میدیاكارانی خاوەن ئەزموون و مامۆستایانی زمانی كوردی و نزیك بوونەوە لە دەزگاكانی راگەیاندن هەنگاو بنێیت ،كار بۆ زیاتر گرنگیدان بەخۆت و پیشەكەت بدەی لەرێگای كردنەوەی خول و ۆورك شۆپ لەنێو خۆ ،گەر بوار رەخسا لە دەرەوەی وڵاتیش بەشداربیت و كۆنتاكت دروست بكەیت زۆرباشە.

لەكۆتا دیدەكانم وویستم ئەوەیە بڵێم شرۆڤەكاری وەرزشی زانستێكی سەردەمی نوێیە،راستە لەكۆنەوە مێژووەكەی بۆ سەدەكانی (18و19) دەگەڕێتەوە،بەڵام وەكو ئێستا پڕتر وئەكادیمی تر نەبووە،مەبەستیش لە شرۆڤەكاری خۆڕایی پارەنیە ئەوەی تێگەیشتوون،بەڵام بێ بەرانبەریش هیچ شتێك ناكرێت،بۆیە دانیشتن لە شوێنی خۆت زۆر باشترە لەوەی بچی بۆ شوێنێكی تر كە خۆتی لەنەدۆزییەوە،هەرزان كردنی پیشەی شرۆڤەكاری وەرزشی گورزێكی زەبەلاحە لە خودی خۆتی دەدەی،نەك لە زانستی شرۆڤەكاری، چونكە هەندێك بەوە دڵ تەنگ بووینە گەر ماوەیەك لە شاشەانی تیڤی  دەرنەچێت،ئەوا وون دەبێت وبینەر وهەواداری نامێنێت ولەوانیە هیچ تیڤی ورادیۆیەك میوانداری نەكات و ئیتر ئەم شرۆڤەكارە دەكەوێتە نێو زەریاییەكان!،من پرسیارێك دەكەم تۆ وون بیت باشترە یاخود رۆژانە بكەویتە ژێر تیر و توانج و رەخنەی روخێنەر و پڕ برینداركردن؟وابزانم بێ ناوی باشترە لە بەدناوی!.


PM:03:23:24/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 2160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌