گوزەرێك بەنێو مێژووی میدیای وەرزشی كوردی لە مۆندیال



زاگرۆس نانەكەلی

سەرەتا

گرنگ وپێوویستە گەر چوار ساڵ جارێكیش بێت بتوانین باس لە مۆندیال بكەین و مێژووی میدیاكارانی وەرزشی كوردی لە مۆندیالەكان چۆن بووە وكێ بوونە و كەی ولەكوێ دەستی پێكردووە،چونكە مێژووی میدیاكارانی وەرزشی بە هەر چوار بەشەكانی (بیندراو،بیستراو،نووسراو،چەسپاو)  هێندە  كۆن نیە،بۆیە وەك هەموو جار لە باشووری كوردستان باس لە مێژووەكەدەكەین،چونكە روونە بەشەكانی تری كوردستان تا ئێستا مافی نەك خۆیان پێ نادەن وەك كورد بژین،بگرە مافی روماڵكردنی مۆندیالیشیان بۆ نیە!.

میدیای وەرزشی كوردی پێش راپەڕینی 1991

مێژووی مۆندیال لە باشووری كوردستان بە دوو قۆناغ هەنگاوی ناوە،سەرەتا پێش راپەڕین،كاتێك رۆژنامەی (كاروانی وەرزش) لەرێكەوتی 30/7/1985 دەرچوو،لە مۆندیالی 1986 مەكسیك ومۆندیالی 1990 ئیتاڵیا،وەكو هەواڵ وبابەتی هەمە جۆری مۆندیال روماڵێكی نیمچەیی وسەپێی بۆ كراوە،چونكە هەفتەی جارێك دەردەچوو كاروانی وەرزش.

مۆندیالی ئەرژەنتین 1978 دەستپێكی رۆوماڵی میدیای وەرزشی بیندراوی كوردی بوو

شێخی میدیاكارانی وەرزشی كوردستان شێخ ستار بەرزنجی وەكو پێشكەشكاری بەرنامەی (وەرزش و لاوان) لەرێكەوتی 27/11/1975 لە تەلەڤزیۆنی كەركووك یەكەم بەرنامەی پێشكەش كرد،پاشان بەبۆنەی مۆندیالی ئەرژەنتین لە ساڵی 1978 تا یاری كۆتایی ئەم مۆندیالە هەفتانە تێكڕای یاری وهەواڵ وچالاكییەكانی ئەم مۆندیالەی بەرنامەی پەخش دەكرد،بۆیە میدیای وەرزشی بیندراوی كوردی و شێخ ستار بەرزنجی وەكو یەكەمەكانی روماڵی مۆندیال دێن،دواتر بەرنامەی (وەرزش و لاوان) لە ساڵی 1978 تا مۆندیالی ئیتاڵیای 1990 روماڵی دەكرد.

میدیاكارانی وەرزشی كوردی بۆ مۆندیال بە زمانی بیانی دەیاننووسی

نەهامەتیەكانی كورد جگەلە داگیر كردن وماڵوێرانی هیچی تر نەبووە،بگرە میدیاكارانی وەرزشی كوردستانیشی گرتبوەوە،لەتێكڕا و دەسپێكی مۆندیال لەبەشەكانی باكور ورۆژهەڵات ورۆژئاوا وباشوور،بەهۆی نەبوونی كیانی كوردی سەربەخۆ،بۆ میدیاكارانی وەرزشی كوردستان نەبوو رۆژنامەیەك تیڤیەك رادیۆیەكی وەرزشی تا كار وچالاكییەكانی وەرزشی كوردی وبیانی ومۆندیالیش بە زمانی رەسەنی كورد بوەشێنن،تەنها بەخێری خۆیان دەبوایە روماڵی مۆندیال بكەی بە وویست وئارەزوو و زمانی ئەو وڵاتەی كە بە غەدری زەمان تۆی كۆت وبەند كردووە. 

میدیای وەرزشی كوردی دوای راپەڕینی 1991

دوای راپەڕین لە مۆندیالی ئەمریكا 1994 ئەم قۆناغە دەبێتە هەنگاوی حەز و خولیا و خۆشەویستی بۆ مۆندیال ونیمچە رێڕەوی ئەكادیمی،بەڵام هەر بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ وئەكادیمی نەبوو،وەكو تیڤییە ناوخۆیەكان وەكو (گەلی كوردستان وكوردستان) لەشارەكانی هەولێر وسلێمانی ودهۆك،میدیاكارانی وەرزشی كاری پێشكەشكردنی بەرنامە وكۆمێنتاری وەرزشی وشرۆڤەكردنی یارییەكانینان دەكرد،ئەمە میدیای وەرزشی بیندرا بوو.

میدیای وەرزشی بیستراو لە مۆندیال

لە میدیای وەرزشی بیستراو كە رادیۆ دەگرێتەوە،رادیۆیەكان رێژەی تیڤییەكان زیاتر بوون بۆ روماڵكردنی چالاكییەكانی مۆندیال بەتایبەتی لە مۆندیالی 1994ی ئەمریكا،بەڵام لەم رادیۆیانەی لە شارەكانی باشووری كوردستان بوون،یان هەواڵ یاخود بەرنامەی رۆژانەی تایبەت بە مۆندیال پەخش دەكرا،بەڵام ئەوەی جیگای باسە لە رادیۆی هەولێر خاتوو (نەجیبە كەریم) وەكو یەكەم میدیاكاری وەرزشی خانمان یەكەم بەرنامەی لەم رادیۆیە بەناوی (جیهانی وەرزش) كە خۆی بەرنامەیەكی هەفتانە  بوو بەندە ئامادە وپێشكەشی دەكرد،بەڵام بۆ مۆندیالی 1994 كرا بەرۆژانە بۆ چالاكییەكانی مۆندیالی 1994 ی ئەمریكا.

مۆندیال خانمانی میدیاكاری وەرزشی كوردی

نابێت خاتوونانی میدیاكاری وەرزشی كوردی لە چالاكییەكانی مۆندیال لەبیر بكەین،سەرەتا لە بەشێك لە خانمان لەساڵی 1985 لە رۆژنامەی (كاروانی وەرزش) بابەتی وەرزشییان بڵاودەكرایەوە،دواتر لە مۆندیال ئەمریكای 1994 بەشێوەیەكی ئەكتیڤ وبەرچاو نەبووە،بەڵام دواتر بۆ مۆندیالەكانی تر بەتایبەتی مۆندیالی (2010و2014) جێگای باس بوون،بەڵام لە مۆندیالی 2018 رووسیا خانمانی میدیاكاری وەرزشی لە تیڤی ورادیۆیەكان كۆنتڕۆڵی خۆیان سەپاندووە،ئەمەش جێگای دەست خۆشییە،بۆیە گرنگ وپێوویستە خانمانیش بتوانن روماڵی مۆندیال بكەن،ئەمانەش بەشێك لەم خاتوونانەن كە روماڵی مۆندیالیان كردووە لە مۆندیالی 1994 تا مۆندیالی 2014 وئێستاش ئامادەن بۆ مۆندیالی روسیای 2018.

(ناسكە محەمەد دزەیی،بێری محەمەدی،دایكی رەگەز،زبێدە محەمەد،گلار حەبیب كەناوی (گولەر) بوو،بەهات شەتڕەنج،كەژاڵ ئیبراهیم،ئەدیبە سمایل مامە(كاریكاتێرستی وەرزشی)،شەپۆل، سامیە محەمەد،سۆلاڤـ محەمەد،رووبار ئەحمەد جاف،نەجیبە كەریم،تریفە فەریدون،ئامینە كەریم،ئاڤان جەمیل،هێڤی ئیسلام،نیشتیمان سدیق،ئەریڤان جەمال،هۆزان رۆستەم،وەفا سەڵاح،ترێ بەختیار،فرمێسك تاڵەبانی،دالیا فاتیح،نالە سوپەر،بەناز حەمە،نەشمیل محەمەد،كوردۆنیا حسێن،باخان كەمال،ژوان قادر،تریفە نانەكەلی،شادان ئەبوبەكر،تریف ئازاد،ژیلا تەیفور،ئارینا حەمید،رۆژان عەبدولرەحمان،رۆژین حەیدەر،جوان فەریف،تەرزەتۆفیق،سوڕەیا لەیلا،كەژاڵ عەبدوڵڵا،گوڵناز نەجات،سۆما عەلی،هەنگین ئەكڕەم،نەهلە ئەحمەد،ژێكار سابیر حەمە ئەمین،شادان عەلی،ئەڤین حسێن،نەوال فەرهاد،شادان قادر).

میدیای وەرزشی چەسپاو بۆ مۆندیال تا ئێستا بوونی نیە!

سەربارەت بە میدیای وەرزشی چەسپاو لە مۆندیالی ئەمریكای 1994 لە كوردستان بەگشتی و لەباشوور دەتوانم بڵێم تا ئێستا بوونی نیە،چونكەهیچ كاتێك لە كوردستان بۆ مۆندیال كۆڕ وۆرك شۆپ و پانێڵ وسمینار نەركراوە.

پاشكۆی مۆندیال نۆبەرەی میدیای وەرزشی نووسراوی كوردی بوو بۆ مۆندیال

پاشكۆی مۆندیال كە لەرێكەوتی 17/6/1994 كە بیرۆكەی بەندە بوو لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو بە نۆبەرە ویەكەمین پاشكۆی وەرزشی لە باشووری كوردستان دەرچوو،كاتێك كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی وەرزشی شارەكانی باشووری كوردستان بە هەواڵ وبابەت ومێژوو ی مۆندیالەكان و مەلەف وسیڤی هەڵبژاردەكانی بەشدار بووی مۆندیال و كاریكاتێری وەرزشی وبابەتی هەمەڕەنگی وەرزشی ئەم پاشكۆ وەرزشییەیان نەخشاندبوو،ئەم پاشكۆیە تەنها (26) ژمارەی لێدەركرا،دواتریش چەندین رۆژنامە وگۆڤاری وەرزشی بڵاوكرایەوە.

 كۆتایی

نامەوێت رۆڵی گرنگی ئێستا هەر چوار بەشەكەی میدیا ومیدیاكارانی وەرزشی كوردی لەبیر بكەین،كە لە دەزگاكانی راگەیاندن و لە سۆشیال میدیا بەبەرنامەی تیڤی ۆ رادیۆ ورۆژنامەوگۆڤار وسایت و سۆشیال میدیا ئێستاكە دەتوانم بڵێم سەرەتایەكی باشی میدیای وەرزشی كوردییە تا بتوانین بە بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵانە كاربكەین،من دەستخۆشی لەتێكڕایی دەزگاكانی راگەیاندنی كوردی دەكەم كە ئەوانەی گرنگی بە میدیای وەرزشی كوردی دەدەن،هەروەها دەست خۆشی لە هاوپیشەكانم بەهەردوو رەگەز دەكەم كەلەماوەی مانگێك بەجوانترین شێوە روماڵی مۆندیالی 2018 رووسیا دەكەن.



PM:02:57:11/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 3329 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌