وەرزشیش ھاککرا !



ئاراس رواندزی

گومانەکانی دوو ھەفتەی رابردوو لەمەڕ یاریکردن بە ئەنجامی چەند یارییەکی خولی تۆپی پێی کوردستان، ھەروەھا مشتوومڕە تووندەکانی وەرزشکاران و میدیاکاران و لایەنگرانی ھەردوو بەرە، جارێکی دیکە سەلماندی وەرزشی کوردستان بۆتە دەسکەلای حزبەکان و گیرۆدەی دەستی کەسایەتیە سیاسیەکان بووە، ئەوان ئەم کایەیان ئەوەندە ناشیرن و قۆرغکردووە، سیماو ئەرکە وەرزشیەکەیان بۆ مەرامی گڵاوی حزبیانەی خۆیان گۆڕیوە، بە ئەندازەیەک وەرزشیان ئیفلیج و ھاککردووە، توانای چاکبوونەوەو پێشڤەچوونی نیە. تۆ سەیرێکی یانەکانی کوردستان بکە، ھەموویان بەسەر حزبەکانی ئەمبەرو ئەوبەر دابەشبوونە، ھیچ بوارێکیان بۆ سەربەخۆیی کایەکەو ھاتنە پێشەوەی کەسانی ئەکادیمی و وەرزشکاری دێرین و راستەقینە نەھێشتۆتەوە، ھەر فەرماندەیەکی سەربازی دەبینی، سەرۆکایەتی یانەیەکی گرتۆتە ئەستۆ، بۆیە لە بری وەرزش، ئەقڵێکی پێچەوانەو تەواو سەربازی رەنگی داوەتەوە. ئەرێ بەراست دەبێ ئەوان خولی تۆپی پێ بە خولی سەربازی تێنەگەیشتبن؟! 

دوابەدوای جەنگی دوژمنان و رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرو ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عیراق، لێکترازان و بێ متمانەیی زیاتر لە نێوان ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم دروستبوو، ژینگەیەکی نا تەندروست و پڕاو پڕ لە یەکتر شکاندن و ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە، شوێنی رێزگرتن و یەکتر قەبوڵکردنی گرتەوە، بە دڵنیاییەوە پڕوشکی ئەو ئاگرە، بەر وەرزش-یش کەوت.

کوا بەڵگەکانتان؟!

یارییەکانی دوا دوو گەڕی لیگی کوردستان و دەرھاوێشتەکانی، سەلماندیەوە کە حزبەکان وەرزش وەک درێژە پێدەری رکابەری و ململانێ سیاسیەکانیان بەکار دێنن، بۆیە لە ئاکامی بەریەککەوتنی دژەکان یا یەکگرتنەوەی بەرژەوەندی ھاودیدو حزبەکان،  شکست و سەرکەوتن گومانی دەخرێتە پاڵ، وەک یارییەکانی ھەردوو گەڕی کۆتایی خولەکە کە بەشێوەیەک باسی کڕین و فرۆشتنی یارییەکان دەکرا، وەک ئەوەی لە مامەڵەو بازاڕی دۆلار بیت!!!

ئاشکرایە لە رووی یاساییەوە ھەموو تۆمەتێک بێ بنەمایە، تا ئەوکاتەی لەبەردەم دادوەر یا لایەنی پەیوەندیدار بە دۆکومێنت دەسەلمێندرێت. راستی من زۆرم پێ سەیرە، زۆرترین ھێرش و تۆمەت و قسەو سیناریۆی جۆراوجۆرم بیست، کەچی نەمبینی ھیچ کەس و لایەنێک بەڵگە بخاتە روو! باشە ئەوانەی دەڵێن یاری بە ئەنجامەکان کراوە، بۆ لە یەکیەتی تۆپی پێ سکاڵا تۆمار ناکەن؟! یاخود بۆ بەڵگەکان ناخەنە بەردەستی میدیاکان، تاکو راستیەکان بە شەقامی وەرزشی بگەیەنن؟! ئەم قسەیەم بۆ ئەوانەشە کە دەڵێن برایەتی دوای بێھیوابوونی لە دوا خولەکدا ھاوکاری نەورۆزی ھاوحزبی کردووە، بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داھاتوو لە ریزی گەورەکان بمێنێتەوە. بۆیە ئەنجامنەدانی ھیچ یەک لەم ھەنگاوانەی سەرەوە، من دەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بڵێم ئەوەی دەگوترێ تەنھا قسەو پڕوپاگەندەیەو ئامانج لێی پەردەپۆشکردنی شکست و بێدەنگکردنی جەماوەرە!

تیاگۆ جیاوازییەکە بوو! 

بە بڕوای من ناکرێ وەرزشکاران و میدیاکاران بەو ئەندازەیە بێ ویژدان بن و لە بەھێزی و شایستەیی زێرەڤانی کەمبکەنەوە، وەک چۆن ناتوانرێ ئاستە بەرزەکەی برایەتی کە ھەموومانی سەرسامکرد، نادیدە بگیرێ، وەلێ یانەکەی شاری دھۆک بە ھێنانی دوو پیشەگەر توانیان جیاوازی لە ئاست و ئەنجام دروست بکەن، بەڵگەش گۆڵکار بوونی یاریزانی بەڕازیلی (تیاگۆ ئەمەڕال )ە بە تۆمارکردنی (١٢) گۆڵ. 

شۆڕشی مەدەنیانە! 

بۆ بێلایەنبوون و گەڕانەوەی شکۆ بۆ وەرزش، بە پێویستی دەزانم شۆڕشێکی مەدەنیانە بەرپا بکرێت، بەو مەرجەی میدیاو تەواوی وەرزشکاران بگرە شەقامیش ھاوکار بن. زۆر گرینگە سەرەتا فشارەکان چڕبکرێنەوە دەستی درێژی حزبەکان ببڕدرێت، ئینجا کایەکە بە کەسانی پسپۆڕو شارەزا بسپێردرێت، دواتریش بەرنامەو میکانیزمێکی زانستی درێژ خایەن دابڕێژرێت، بۆ ئەوەی تۆپی پێ و  وەرزشی ھەرێمەکەمان بە گشتی لەو چەقبەستووییەی ئێستا دەربازی بێت و بە رێچکەیەکی دروست بەرەو پێشڤەچوون و گەشانەوە ھەنگاو ھەڵبگرێت. بەدەر لەو چارەسەرە من پێموایە وەرزشەکەمان وەک چەرخ و فەلەک لە شوێنی خۆی دەخولێتەوەو ھەرگیز پێش ناکەوێ!


PM:03:37:05/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1431 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌