مۆندیالی روسیا بێ كوردەكە بەڕێوەدەچێت!


زاگرۆس نانەكەلی

لەوانەیە مانشێتەكە لای بەڕێزانێك سەیر و سەمەرە و لۆژیك نەبێت، هەندێكیش نەزانن مەبەستم چییە، هەندێكی تر لەبەر تێنویەتی وبرسێتی مانگی پیرۆزی رەمەزان نەك یاریزانی كورد، بگرە مەسەلەی كوردیشی بیرچۆتەوە!، ئەمانە هەمووی پێی دەڵین ئەگەر و گریمان.

زەلاتان ئیبراهیمۆڤیچی بەڕەچەڵەك بۆسنی و بەڕەگەز سویدی لەیەكێك لەدیدارەكانیدا باس لەوە دەكات كە دانیشتووانی سوید ئەوانەی بەڕەچەڵەك سویدین، سەركەوتنی منیان لەیاری تۆپی پێدا پێ قبوڵ ناكرێت، بەڵام ئەگەر ناوم (ئەندرسۆن) و (سڤانسۆن) بوایە، ئەوا پێچەوانەكەی رووی دەدا، ئەم رستەیە خۆی لەخۆیدا واتە هەمووشتێك كە نایزانی، چونكە وتەكانی بۆنی (رەگەزپەرستی) و(جیاوازكاریی) لێدێت.

كوردەواری دەڵێن كراس دوو بەرە هەر كەس خەمی خۆی لەبەرە، یاریزانی نێودەوڵەتی و بەڕەگەز سویدی (ژیلوان حەمەد)، ئەو یاریزانە بەڕەچەڵەك كوردەی كەخەڵكی شاری رانیەیە، ماوەیەكی زۆرە ئەستێرەیەكی درەوشاوەی تۆپی پێی سویدە، ئەگەرچی ژیلوان هەڵبژاردەكانی تازەپێگەیشتووان و لاوانی سویدی ژێر تەمەنەكانی (17 و19 و21) ساڵی بڕیوە و دەستكەوتی باشی هەبووە و كاپتنی هەڵبژاردەی لاوانیش بووە، لەهەمان كاتدا كاپتنی یانەی مالمۆی سویدی بوو 2 نازناوی خولی نایابی لەگەڵ یانەكەدا بردەوە و باشترین ناوەڕاستكاری خولەكەش بوو، دواجار لەبەر ئاستی بەرزی بانگهێشتی هەڵبژاردەی سوید كرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لەلوتكە دابوو، بەهۆی ئەوەی لەخولی ناوخۆیی سوید یاری دەكرد، بەم بیانووە پێگەیەكی جێگیری لەهەڵبژاردەی سوید دەست نەكەوت، ناچار بیری لەژیانی پیشەگەریی لەدەرەوەی سوید كردەوە و رووی لەبۆندس لیگای ئەڵمانیا كرد و بۆندی لەگەڵ یانەی هۆفینهایم واژووكرد، كەچی تا ئەوكاتەی دووچاری پێكانێكی قورس هات لەئەژنۆی هەر جێگەی لەهەڵبژاردەی سویددا نەبۆوە، بۆیە گەڕایەوە خولی نایابی سویدی تا پاش دابڕانێكی زۆر بەهۆی پێكانەوە، خۆی رێكبخاتەوە و بگاتەوە ئەو ئاستەی پێی ناسراوە، ئەوەبوو پاش ساڵێك لەگەڕانەوەی بۆ سوید توانی پێگەیەكی بەهێز لەنێو تۆپی پێی سوید بگرێت و لەلایەن یانەكەیەوە (هاماربی) وەك كاپتن و كۆڵەكەی سەرەكی لەهێڵی ناوەند پشتی پێببەستن و ئەویش لەكۆی 10 یاری یانەكەیدا 6 گۆڵ تۆمار و 5 گۆڵیش سازبكات و كلیلی بردنەوەی یانەكەی بێت، ئەم ئاستە بەرزەش وای لەڕاهێنەری هەڵبژاردەی سوید كرد بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەكەی بكاتەوە و هەر خۆشی چاودێری بكات و ئامادەی یەكێك لەیارییەكانیشی بێت، میدیاكانیش  بەشایستەی ئەوەی بزانن كە بۆ مۆندیالی 2018ی روسیا یەكێك بێت لەجەنگاوەرانی یان ئەندرسۆن-ی راهێنەر، كەچی پێكهاتەی كۆتایی هەڵبژاردەكە راگەیەندرا و ژیلوان لەنێو پێكهاتەكەدا ناوی نەهات.

ئەمە لەكاتێكدایە كە ژیلوان نەپێكانی هەیە و نەئاستی دابەزیوە، لەلوتكەدایە، یاری دروستكەرە و گۆڵساز و گۆڵكەرە، بەشایەدی میدیاكانی سوید خۆیان و بەهەموو پێوەرێك شایستەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان بوو، بەڵام وەك ئیراهیمۆڤیچ دەڵێت ئەگەر ژیلوان-یش ناوەكەی سویدی بوایە و قژی زەرد بوایە، ئەوا بێشك جێگەیەكی لەهەڵبژاردەكەدا بەردەكەوت!

 ئەوەی بەرامبەر ژیلوان كراوە و روویداوە ئەگەر جیاكاریی نەبێت،  چیترە؟، ئایا لەباربردنی خەونەكانی ئەو لاوە هەڵكەوتووەی كورد نییە؟، كە لەبەر هەڵبژاردەی سوید تائێستا ئۆكەی یاری كردنی لەڕیزی هەردوو هەڵبژاردەی عیراق و ئازەربایجان نەداوە،بەهیوام ژیلوان حەمەدی ئەستێرەی درەوشاوەی كوردی سویدی لەمۆندیالی 2018ی روسیادا ببینم.


PM:04:35:29/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 1759 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌