هۆکار و نیشانەكانی نه‌خۆشی پاقله‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی


 
ته‌ندروستی‌ - 

نەخۆشی پاقلە، بریتیە لە نەبوونی ئەنزیمێک لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا کە ئەیان پارێزێت لە شیبوونەوە لە کاتی خواردنی هەندێ جۆر خواردن و دەرمان، یان لە کاتی هەوکردن بە ڤایرۆس یان بەکتریا.

ئەو جۆرە نەخۆشیە لە باوانەوە ئەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکانی لە ڕێگەی کڕۆمۆسۆمی (X) ەوە ، کەواتە منداڵی کوڕ زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشیە ئەبێت بەوەی تەنها یەک کڕۆمۆسۆمی X ی هەیە ، بەڵام بۆ تووشبونی کچ پێویستە هەردوو کڕۆمۆسۆمەکە هەڵگری نەخۆشیەکە بن یان یەکێک لە کڕۆمۆسۆمەکان چالاک نەبێت.

کەمتر نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە دەرئەکەون لە حاڵەتی هەبوونی نەخۆشیەکەشدا ، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی دەرکەوتن بە یەکێک لەم ڕێگایانە ئەبێت :

۱- لە تازە لە دایکبوودا بەشێوەی زەردویی و کەم خوێنی.

۲- لە گەورەدا زەردویی ئەگرێت و خوێنی کەم دەکات بەشێوەیکی کوتوپر ، ڕەنگی کاڵ ئەبێت و ڕەنگی میزەکەی تۆخ وەک چای لێدێت لە دوای خواردنی یەکێک لەو خواردن یان دەرمانانەی لە خوارەوە باسی ئەکەین، یان هەوکردنی هەبێت.

زۆرو کەم دەرکەوتنی نیشانەکان ئەگۆڕێت بە گوێرەی جۆری خواردن و دەرمانەکە، بڕی خواردنەکە یان بڕی دەرمانەکە، یان بڕی نەبوونی ئەنزیمەکە لە منداڵەکەدا.

لە کاتی خواردنی ئەم خواردن و دەرمانانەدا شیبوونەوەی خڕۆکە سورەکان درووست ئەبێت:

۱- هەندێ جۆر دەرمان وەکو هەندێ دژە بەکتریا، دەرمانی چارەسەری مەلاریا ، ئەسپرین ، پاراسیتامۆڵ.

۲- هەندێ ماددەی کیمیایی وەک بەنزین و نافسالین.

۳- هەوکردنی بەکتریا یان ڤایرۆس.

٤- تەنها ئەو کەسانەی ئەو جۆرە نەخۆشیەیان هەیە بە خواردنی پاقلە تووشی کەم خوێنی ئەبن، ئەگەری هەیە بە بۆنی باقلەش توش بن.

هەندێ خواردن و خواردنەوەو دەرمانی تر هەن ئەگەری هەیە خوێن شی بکاتەوە بەڵام وەک باقلە هوکاری سەرەکی نییە وەکو: نیسک، فاسوڵیا، نۆک، گەنمەشامی، کاتشاپ، خواردنی موعەلەب، شەربەتی گیراوە، ئاوی بیر، خەنە، ئیندۆمی، ماجی، مەعجونی ددان، دۆشاوی تەماتە، چا ، هەندێ شتی تر.

ئەو نەخۆشیە چاک بوونی نیە لەگەڵ تەمەن بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەکانی کەمتر دەرئەکەون، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا.

پێویستە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکەیان نەخۆشی پاقلەی هەیە زۆر ئاگاداری منداڵەکەیان بن لە خواردنی ئەو شتانە ، وە لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشکەکە بڵێن کە ئەو نەخۆشیەی هەیە ، بەردەوام ئاگاداری ڕەنگی پێستی ،لەگەڵ ڕەنگی میزی نەخۆشەکە بن .

هەرکاتێ هەستت کرد منداڵەکەت رەنگی زەردە یان میزەکەی رەنگی وەک چای لێهاتووە یان بێهێزە یەکسەر سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بکە بۆ پشکنین جونکە گەر خوێنی منداڵەکە زۆر کەمی کردبوو ئەبێت بە زووترین کات خوێن وەربگرێ.

گەر باوک و دایک ئەو نەخۆشیەیان هەبوو یان کەسی نزیکیان هەیبوو ئەتوانن پشکنینی خوێن بۆ منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی پێشوەخت بزانن ئەو ئەخۆشییەیان هەیە یان نا بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بپارێزن لەو خواردن و دەرمانانەو له ئامادەکردنی یاپراخیشدا پاقلە بەکار نەهێنن.



PM:02:58:11/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 2180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌