سوودەکانی ئاو خواردنەوە


 
ته‌ندروستی‌ -

زیاتر لە سەدا 60 ی لەشی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە، بۆیە مرۆڤ وا باشە رۆژانە نزیکەی 8 پەرداخ ئاو بخواتەوە چونکە هەبوونی رێژەیەکی باشی ئاو زۆر پێویستە بۆ بوونی لەشێکی تەندروست.

1-ئاو هاوکارە بۆ زیادکردنی توانای فیزیایی لەش

زۆر گرنگە کە لە کاتی ئەنجامدانی وەرزشدا برێکی باش و پێویست لە ئاو لە لەشماندا هەبێت، کەمبوونەوەی ئاوی لەش بە رێژەی لە %2 دەکرێت کاریگەری دیار و خراپی هەبێت لەسەر لەش.

بە تایبەت کە هەندێک یاریزان لە کاتی یاریدا بە رێژەی لە سەدا (6-10) ئاو لەدەست دەدەن بەهۆی عارەقکردنەوەوە، لەئەنجامدا پلەی گەرمی لەش تێکدەچێت  و ورە نامێنێت بۆ بەردەوامبوون لە یاریکردن و زیادبوونی کرژبوون (تشنج) و هەست کردن بە نائارامی و قورسی، بۆیە زۆر گرنگە کە ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن رێژەیەکی زۆر ئاو بخۆنەوە بۆ باشترکردن و زیادکردنی توانا فیزیاییەکانی لەشیان.

2-ئاو کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کارکردنی مێشک

توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە لەدەستدانی ئاو بە رێژەی لە %1.36 لە دوای وەرزشکردن دەبێتە هۆی نەهێشتنی تەرکیز و نەمانی مەیل ونەهێشتنی ئارەزوو و بێتاقەتی، هەروەها سەرئێشە.

3-ئاوی زۆر دەبێتە هۆی نەهێشتنی سەرئێشە

هەندێکجار کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە لەشتدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە سەرئێشە و (شەقیقە).
چەندین توێژینەوە ئەوەیان سەلماندوو کە خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو دەبێتە هۆی هاوکاریکردن لە کەمکردنەوەی ئازاری سەر.

4-ئاو رێگری دەکات لە قەبزی‌

خواردنەوەی شلەمەنی زۆر بە تایبەت ئاو رێگری دەکات لە تووشبوون بە قەبزی، بە تایبەت لەو کەسانەدا کە ئاو کەم دەخۆنەوە.


5-ئاو خواردنەوەی زۆر رێگری دەکات لە بەردی گورچیله

بەردی گورچیلە بریتییە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کانزای کریستاڵی لە گورچیلەکاندا، چەند بەڵگەیەکی زانستی ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاوی زۆر هەندێکجار رێگری دەکات لە دووبارە دروست بوونەوەی بەردی گورچیلە بەتایبەت لەو کەسانەدا کە پێشتر تووشی بەردی گورچیلە بوون.

6-ئاوی زۆر دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی لەش

خواردنەوەی ئاوی زۆر یارمەتیت دەدات لە دابەزاندنی کێشی لەشت چونکە ئاوی زۆر دەبێتە هۆی خێراکردنی کرداری هەرسکردن و بەرهەمهێنانی وزە لە خانەکانی لەشدا .

دوو توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنەوەی نیولیتر ئاو دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی مێتابۆلیزمی جەستە بە ریژەی لە %  (24-30) بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و نیو، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ئەگەر کەسێک لە رۆژێکدا 2 لیتر ئاو بخواتەوە، ئەوا رۆژانە 96 کالۆری زیاتر دەسوتێنێت.

خواردنەوەی برێک ئاو هەموو نیو کاتژمێر جارێک لەگەڵ کاتژمێرێک بەر لە ژەمە خواردنەکان دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە تێری بکەیت و کەمتر نان بخۆیت، بە پێی توێژینەوەیەک ئەو کەسانەی لیترێک ئاو دەخۆنەوە بەر لە ژەمەخواردنەکانیان، ئەوا بە رێژە لە %44 کێشی لەشیان لە دەستداوە لە ماوەی 12 هەفتەدا.

ئەگەر دەتەوێت کە کێشی لەشت دابەزێنی، ئەوا واباشتر ئاوی سارد بخۆیتەوە چونکە ئەوکات لەش ناچارە وزەی زیاتر بسووتێنێت بۆ گەرمکردنەوەی.



PM:02:01:13/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌