کاریگەری خواردنەوە گازیەکان لەسەر لەشت

 
ته‌ندروستی‌ -

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵكی بەردەوام سۆدە، کە ناسراوە بە خواردنەوە گازییەکان دەخۆنەوە بێ ئاگا لەوەی چ زیانێک بە لەشت دەگەیەنێت.

١- کەمکردنەوەی چڕی ئێسک

خواردنەوە گازییەکان بڕێکی زۆر لە ترشی فسفۆڕییان تێدایە، ترشی فۆسفۆڕی دەبێتە هۆی رێگری کردن لە هەڵمژینی کالسیۆم، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنەوە گازییەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی چڕی ئێسک و پووکانەوە و نەرمکردنی ئێسک.

٢- زیادکردنی کێشی لەش

شارەزایانی بواری تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوە گازییەکان یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەو قەڵەوییە زۆرەی لە ئێستادا بەرۆکی جیهانی گرتۆتەوە، ئاماژە بەوەش دەکەن کە خواردنەوەی رۆژانەی یەک قوتو لە خواردنەوە گازییەکان بۆ ماوەی ساڵێك نزیکەی 6.8 کیلۆ لە کێشت زیاد دەکات.

پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێكی تر لە زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان بریتییە لە دروستکردنی چەوری لە بەشی ناوەوەی جەستە، بەمەش چەوری لە دەوروبەری ئەندامەکان کۆدەبێتەوە و ئەگەری نەخۆشی دڵ زیاتر دەبێت.

٣- زیانگەیاندن بە جگەر

خواردنەوە گازییەکان بڕێکی زۆر لە شەکری (فرەکتۆز)یان تێدایە، بوونی ئەم شەکرەش بە رێژەیەکی زۆر زیان بە جگەر دەگەیەنێت، خواردنەوە گازییەکان یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی درووستبوونی چەوری سەر جگەر.

٤- شییبوونەوەی ددان

سۆدە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە مینای ددانەکان و درووستبوونی کلۆر، خواردنەوەی هەر قومێک لە سۆدە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک زیان بە ددانەکانت دەگەیەنێت لە رێگەی کارلێکی کیمیاویی، بۆیە هەتا کاتی خواردنەوەکە زیاتر بێت، زیانی زیاتر بەر ددانت دەکەوێت.

٥- نەخۆشی گورچیلە

لە توێژینەوەیەکدا کە لە سەر ٣ هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی سۆدە دەخۆنەوە بە رێژەی %٣٠ ئاستی چالاکی گورچیلەیان دابەزیووە بەراورد بەو کەسانەی سۆدە ناخۆنەوە.

٦- شەکرە

خواردنەوە گازییەکان بڕێکی زۆر لە شەکرییان تێدایە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی شەکرە، خواردنەوە گازییەکان دەتوانن ببنە هۆی لەدەستدانی توانای خانەکان بۆ وەڵامدانەوەی هۆرمۆنی ئینسولین، بەمەش جۆری دووەمی شەکرە درووست دەبێت، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی رۆژانە خواردنەوە گازییەکان بەکاردێنن، چانسی تووشبوونیان بە جەڵدەی دڵ %٢٠ زیاترە.


PM:07:15:10/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌