تهندروستی -
هەوکردنی بۆریچکە هەواییەکان (قەسەبات) بریتییە لەهەوکردنی ڤایرۆسی بۆریچکەی هەوای سنگ، کە دەبێتە هۆی هەڵاوسانی ئەو بۆریچکانە و تەسکبوونەوەیان.
لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەندا 50%ی منداڵان تووشی دەبن. زۆرتر ئەو منداڵانە تووش دەبن، کە تەمەنیان لە نێوان 2 – 6 مانگە، بەڵام دوای تەمەنی دوو ساڵان بە دەگمەن روودەدات.
ئەم جۆرە ڤایرۆسە زۆرتر لە وەزری پایز و زستان بڵاوە. منداڵەکە لە رێگەی کەسێکی گەورەی ماڵ کە پەتای گرتبێ، یان منداڵی دیکە کە ئەم نەخۆشییەی هەبێت، ڤایرۆسەکە وەردەگرێ. 10%ی ئەو منداڵانەشی تووشی دەبن پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
هۆکارەکان:
هۆکاری سەرەکی، ڤایرۆسێکە بەنێوی (RSV)و هەندێ ڤایرۆسی دیکە بەکەمی، نەخۆشییەکە زۆر دەگوازرێتەوە، بەتایبەت بەهۆی پرژەی دەم و بەهۆی دەستەوە (نزیکبوونەوەی راستەوخۆ)
نیشانەكانی:
- رۆژانی سەرەتا وەک پەتایەکی سادە دەردەکەوێت: کۆکە، ئاوی لووت و لووتگیران.
- دوای 3 – 7 رۆژی دیکە: هەناسەتووندی، هەناسەدانی ناڕەحەت، خیزەی سنگ (بە گوێ هەستی پێدەکەیت)، تایەکی کەم و هەراسانی.
- ئەگەر بە سەختی تووش ببێت: نێوان پەراسووەکانی بەناودادەچن کاتی هەناسەوەرگرتن، نرکە نرک کردن (گرەنتین)، شینبوونەوە، و منداڵی زۆر بچووک (1- 3مانگ): تەنیا دەرکەوتەی بریتییە لە وەستانی ناوە ناوەی هەناسەدان (ئەپنیا).
پشکنین:
- پێوانی رێژەی ئۆکسجینی خوێن (ئۆکسیمێتری)
- وێنەی تیشکی سنگ: هەڵاوسانی سییەکان (سییەکان تاریک دەردەکەون، ناوپەنچک تەخت دەبێت، ئاسۆییبوونی پەراسوەکان)، دەرکەوتنی هەندێ پەڵەی هەوکردن.
پێویستە ئەم نەخۆشییە لەگەڵ هەندێ باری دیکەدا جیابکرێتەوە، وەکو: رەبۆ، سستبوونی دڵ، گەڕانەوەی خواردن بۆ دەم، نەخۆشیی رەقبوونی کیسەکان، قوتدانی تەنێکی نامۆ. هەموو ئەمانە خیزەی سنگ دروست دەکەن بەبێ تا.
خەواندن لە نەخۆشخانە:
- تەمەن: خوار 6 مانگ.
- هەناسەی ناجێگیر بێت: وەستانی هەناسە، هەناسەدانی زۆر خێرا بێت، ئۆکسجینی خوێنی خوار 92% بێت.
- توانای شیرخواردنی نەبێ.
- ئەوانەی بە سەختی تووشدەبن: نەخۆشیی زگماکیی دڵ، نەخۆشیی درێژخایەنی سنگ، کەمی بەرگریی لەش، نەخۆشیی دەماری/ماسولکەیی.
ئاڵۆزییەکان:
- سستبوونی سییەکان.
- وەستانی ناوە ناوەی هەناسە.
- هەندێکیان لە داهاتوودا تووشی تەنگەسی (رەبۆ) دەبن، بە تایبەت ئەوانەی بە سەختی گرتوویانە.
- مردنی 1%ی تووشبووان.
رێگریکردن بۆ ئەوانەی مەترسییان لەسەرە: کوتانی مانگانە لەو مانگانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە، کوتانی (پالیڤیزوما- Palivizumab).
ئا: دكتور شادمان حهمهئهمین