رێنمایی سەرەتایی بۆ فریاكەوتنی حاڵەتی سووتاوی


 
ته‌ندروستی‌ - 

لەكاتی ڕوودانی سووتانی جەستەدا پێش گەیشتنی كەسی قوربانی بۆ نەخۆشخانە پێویستە چی بكرێت ، لەوباریەوە د. شاخەوان سەعید زۆراب پزیشكی نەشتەرگەری نەخۆشییەكانی سووتاوی و جوانكاریی بەسایتی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "Dohsuli"راگەیاند: كاتێك ڕووداوەكە ڕوودەدات پێویستە لەسەر هاوڵاتیان چەند رێنماییەك جێبەجێ بكەن بۆ كەسی قوربانی تا گەیشتنی بەنەخۆشخانە:

1- لەكاتی ڕوودانی سوتاندا، پێویستە شوێنی سوتاوییەكە بۆ ماوەی (10 - 15) دەقیقە بخرێتە بەر بەلوعە و ئاوی ساردی پێدا بكرێت نەك ئاوی سەهۆڵاو، چونكە ئاوی زۆر سارد دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی نەخۆشەكەو ڕەنگە لەبری چارەسەركردن دووچاری نەخۆشی تری بكات ، ئاوی بەلوعە وادەكات ناهێڵێت سوتاوییەكە قوڵتربێت و كاریگەرییەكانی كەم دەكاتەوە لەسەر جەستەی مرۆڤەكە.

2- جۆری پێچانی شوێنی سووتاوییەكە زۆر گرنگە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت هاوڵاتیان خۆیان لە پارچە پەڕۆی پیس بەدوور بگرن ، بەڵكو نایلۆنی تەنكی پاكوخاوێن بۆ پێچانەوەی سوتاوییەكە بەكاربهێنن تادەگاتە نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەركردن ، ئەم پێچانەوەیەش لە دوای ساردكردنەوەی شوێنی سووتاوییەكە دەبێت.

3- دەبێت هاوڵاتی خۆی بەدوور بگرێت لە بەكارهێنانی هەموو جۆرە ماددەیەك بۆ چارەسەركردنی شوێنی سووتاوییەكەی وەكو (دەرمانی ددان شوشتن ، دۆشاوی تەماتە، نەوت .. هتد)، بەهیچ جۆرێك بەكارهێنانی ئەم ماددە و پێداویستییانە نەك چارەسەری سووتاوی ناكات ، بەڵكو شوێنی سووتاوییەكە قوڵتر و خراپتر دەكات ، ڕاستە ڕەنگە بەهۆی ئەم كەرەستانەوە بۆماوەیەكی كەم ئازارەكەی نەهێڵێت، بەڵام شوێنەواری خراپتر بەجێ دەهێڵێت لەسەرجەستەی مرۆڤ و دواڕۆژ برینی كەسەكە زۆر خراپ دەبێت و گرژی دروست دەكات و دەبێتە هۆی ناڕێكی بۆجومەگەكان.



PM:02:29:04/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 745 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌