رونکردنەوەیەک لەیەکێتی ناوەندی گۆرەپان و مەیدانی هەولێر



سەبارەت بە ماراسۆنی نێودەولەتی هەولێرکەلەلایەن  رێکخراوی هەولێر بۆ ماراسۆن لەرێکەوتی 27 – 10 – 2017 لەشاری هەولێر ئەنجامدرا , ئێمە وەکو لقی هەولێری یەکێتی گۆرەپان و مەیدان ئەم خالانەی خوارەوە  بۆ رای گشتی و شەقامی  وەرزشی کوردی و دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانی وەرزشی بلاو دەکەینەوە : 

1-  ئەم چالاکیە بەهیچ  شێوەیەک بەهەماهەنگی و بەئاگاداری لقی هەولێری یەکێتی ناوەندی گۆرەپان و مەیدان  نەبووە ، ئەمەش پێچەوانەی کارکردن و عورفی ئەنجامدانی چالاکی وەرزشیە ، لەبەرئەوەی هەموو چالاکیە وەرزشیەکان بەشێوەی هەماهەنگی و ئاگاداری یەکتر ئەنجام دەدرێت ، هەروەها لقی هەولێری یەکێتی گۆرەپان و مەیدان تایبەت مەندو پسپۆرو بەرپرسیارە لەهەر چالاکیەکی  وەرزشی تایبەت بەبواری گۆرەپان و مەیدان بەگشتی و ئەنجامدانی ماراسۆنی لەم شێوەیە بەتایبەتی  ، لێرەدا رێکخراوی هەولێر بۆ ماراسۆن بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری لقی هەولێری یەکێتیەکەمانی نەکردوەتەوە و تاک لایەنە ئەم چالاکیەی ئەنجام داوە . بۆیە ئەگەرپرس و ڕا بەئێمە بکرابایە ، ئەوا لەڕووی لۆجیستی و هونەری و ئەکادیمی هاوکاریمان دەکردن بۆ مەبەستی بەرێوەچوونی چالاکیەکە بەشێوەی ستاندارد و یاسایی و رێک و پێکی وەرزشی .

2-  ئەم چالاکیە بەشێوەی ستانداردی نێودەولەتی ئەنجامنەدراوە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە کەماراسۆنەکە  نێودەولەتیە ، ئەمەش لەبەر ئەوەی هیچ تایبەت مەندیەکی ماراسۆنی نێودەولەتی تێدا نەبوو بەلکو  راکردنێکی ئاسایی  پێنج کیلۆ مەتری  وەیاخوود دەکیلۆ مەتری  نابێتە ماراسۆن و ناوی شەشەمین ماراسۆنی نێو دەولەتی هەولێری لێبندرێت .

3-  لەراکردنی پێنج کیلۆ مەتر پارە لەبەشداربووان وەرگیراوە بەلام هیچ دیاریەک نەبەخشراوەتە براوەکانی پلەکانی پێشەوە لەبەشدارییان لەراکردنی پێنج کیلۆ مەتری.

4- لەرووی دارایی  بڕە پارەیەکی باش لەبەشداربووان یەکجار زۆر وەرگیراوە  کەچی لەبەرامبەردا دیاریەکی  بەنرخ پێش کەش بەبراوەکان  نەکراوە کەشایستەی  یاریزانان و پالەوانان بێت لەم ڕووەش خودی پالەوانان گلەییان هەبووە لەسەر دیاری و بەخشینی خەلات پێیان .

5- بۆ زانیاری هەموو لایەک لەسالی رابردوو رێکخراوی ناوبراومان ئاگادار کردوەتەوە بەنوسراوی فەرمی کەوا پێویستە هەماهەنگی هەبێت بۆ بەرێوەبردنی چالاکی وەرزشی پەیوەندیدار بەگۆرەپان و مەیدان  بەلام ئەمسال دووبارەیان کردەوە.

6- وەک دەردەکەوێت کەوا ئەم رێکخراوە تەنانەت هەماهەنگی نەکردوە لەگەل یەکێتی گۆرەپان و مەیدانی عێراق ، واتە بەشێوەیەکی تاک لایەنە بەبێ گوێدانە  هیچ دامەزراوەیەکی وەرزشی و یەکێتی گۆرەپان و مەیدانی کوردستان و لێژنەی ئۆلۆمپی کوردستان کەباڵا دەسترین دامەزراوەی وەرزشیە لەکوردستان .

7- دەستەی بەرێوەبردنی ماراسۆنی نێودەولەتی هەولێر هیچ یەکێکیان کەسی ئەکادیمی نین و پسپۆر نین لەبواری گۆرەپان و مەیدان بەگشتی و ماراسۆن بەتایبەتی 

بۆیە وەکو لقی هەولێری یەکێتی گۆرەپان و مەیدان   رێو شوێنی پێویست بەرامبەر رێکخراوی هەولێر بۆ ماراسۆن  دەگرینە بەرو نوسراوی ئاگادار کردنەوە ئاراستەیان دەکەین کەجارێکی تر ناتوانن چالاکی هاوشێوە بەبێ هەماهەنگی  یەکێتی ناوەندی گۆرەپان و مەیدانی کوردستان و عێراق و لێژنەی ئۆلۆمپی کوردستان و یەکێتی گۆرەپان و مەیدانی لقی هەولێر ئەنجام بدەن 

راگەیاندراوی فەرمی یەکێتی گۆرەپان و مەیدانی هەولێر
 
فۆتۆ : دلێر ئیبراهیم


PM:04:27:08/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 1308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌