‌8 ڕێنمایی بۆ توشبوان به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌


ته‌ندروستی‌ - 

یه‌كێك له‌ نه‌خۆشیه‌ مه‌ترسیداره‌كان كه‌ زیان به‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ش ده‌گه‌یه‌نێت له‌وانه‌ش" گورچیله‌ و لاواز بوونی چاو و دڵ و مێشك و خوێنبه‌ره‌كان" نه‌خۆشی شه‌كره‌یه‌، ئه‌گه‌ر تۆ توشبووی شه‌كره‌ی‌ ئه‌وه‌ به‌ 8 ڕێنمای كه‌ دكتۆر زانا پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی باسی لێوه‌ ده‌كات ده‌توانیت خۆت بپارێزیت.

1- شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە، واته‌ پێویسته‌ چاودێری شەکرەش درێژخایەن بێت، تەنھا خواردنی دەرمان به‌س نییە، کەسی تووشبوو پێویستە شەش مانگ بۆ ساڵی جارێک لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ھەڵسەنگاندنێکی گشتیی بۆ بکرێت.

2- پشکنیی شەش مانگ یان ساڵی جارێک بۆ: فشاری خوێن، چەوریی خوێن، پشکنینی فرمانی گورچیلەکان، پشکنینی چاو، پشکنینی قاچەکان و موولوولە دەمارەکانی پەلەکان، پشکنینی دڵ، سەرەکیتریین پشکنین و ھەڵسەنگاندنەکانن.

3- پارێزیی کردن لە ڕێگای خواردنێکی ڕێك و تەندروست، دابەزاندنی کێشی لەش، وەرزشێکی تەندروست، بە خاڵی سەرەکیی چارەسەری شەکرە دادەنرێن.

4- دەرمانەکانی شەکرە (حەب و ئینسۆلین و جۆرەکانی تر) ھەرکاتێ پێویستی کرد دەبێت بەکاربێت، نابێت بە قسەی نازانستیی گوایە فێری عیلاج دەبم، عیلاجی شەکرە نەخورێت.

5- شەکرە لە سەرتاسەری جیھاندا ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ھۆکاری سەرەکیش زیادبوونی کێشی لەش و تەمبەڵیی و کەم وەرزشیی، خواردنی ناتەندروست (زۆر خواردنی شەکرەکان و خواردنەوە گازییە پڕ شەکرەکان و شیرنەمەنییەکان و خواردنە خێراکان)ە، تکایە بۆ پاراستن لە تووشبوون لە شەکرە، دەبێ ڕێگریی لەم حاڵەتانەی سەرەوە بکرێت.

6- ھەندێك خواردنی ترەیدیشن-عەشایەریی کە باس دەکرێت بۆ شەکرە، ھەندێکیان دەشێت سوودێکی کاتییان ھەبێت، بەلام ھیچ کات جێگرەوەی پارێزییەکی باش و خواردنی دەرمانەکانی شەکرە نین.

7- لە ڕووی زانستییەوە تا ئێستا ئەوە نەسەلمێندراوە کە خواردنی ھەندێ گژو گیا و تاڵیی دەبێتە ھۆی چارەسەریی کۆتایی شەکرە، بۆیە دەبێ پرس بە پزیشک بکرێت پێش ھەر ھەنگاوێک.

8- چاک بوونەوەی یەکجاریی لە شەکرە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، زۆر قورسە، بەلام ڕێگریی کردن لە كاریگه‌ریه‌ لاوه‌كیه‌كانی و ماکە نەخوازراوەکانی کە باسکران، زۆر ئاسانە و دەتواندرێت کەسی تووشبوو بە شەکرە ژیانێکی زۆر ئاسایی بژیێت.



PM:04:07:04/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 1437 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌