دە ساڵ لەمەوبەر چرایەك لەئاسمانی وەرزش و میدیای وەرزشی كوردی كوژایەوە




پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

زاگرۆس نانەكەلی

بەڕێكردن وجولانەوە و مانەوە و خۆشگوزەرانی هەسارەی زەوی، بە مرۆڤە خۆبەخش وماندوونەناس و خۆنەویست و ویژدان پاكەكان گوزەر دەكات و بەردەوام دەبێت.

سدیقی گچكە كوڕێكی هەژاری شاری هەولێر بوو، هەموو هیواو ئاواتی لەنێو هۆڵ و یاریگاكان بوو، نووسەرێكی بوێر و مرۆڤێكی قەڵەم تیژ و هزرێكی گەورە و لەهەمان كاتدا وەرزشوانێكی سەركەوتووبوو.

ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوو وەك یاریزانێكی تۆپی پێ دەركەوت، لەخۆشی وەرزش پەیمانگای وەرزشی تەواوكرد، وانەی وەرزشی بەقوتابیان دەدایەوە و خۆشی یاریزان بوو، سەرەتای ساڵی 1967 خۆی یاریزان و خوێندكاربوو، سەڕەڕی ئەمانەش بەهۆی نەبوونی رۆژنامەی وەرزشی كوردی، بابەت و كاری پەیامنێری وەرزشی ئەنجامدەدا بۆ چەندین رۆژنامەی ئەوسای شاری بەغدا.

سەرەتای ساڵی حەفتاكان یەكێك بووە لە باشترین یاریزانەكانی هەولێر، بەڵام داخەكەم بەهۆی (شكانی قاچی) لەیەكێك لەیارییەكاندا، بۆ چەندین مانگ لەسەر جێگا دەكەوێت وكەس چارەسەری ناكات و لێی ناپرسن و بەناچاری و بەیەكجارەكی واز لەیاریكردن دەهێنێت.

دواتر مامۆستا سەرقاڵی پێگەیاندنی یاریزانان بووە لەشاری هەولێر و پیشەی مامۆستای وەرزشی هەبووە و ساڵی 2007 بەباشترین مامۆستای وەرزشی لەكوردستان دەست نیشان دەكرێت، دوای راپەڕینیش لە رۆژنامەكانی (كوردستانی نوێ و برایەتی و خەبات و چەند رۆژنامەیەكی عێراقی وعەرەبی) بابەتەكانی رەخنە و دیمانە و بابەتی تری وەرزشی دەنووسی، دوای نەخۆشكەوتنی، لەڕێكەوتی 14-7-2010 بەیوكجاری چاوەكانی دادەخات وماڵئاوایی لەئاسمانی وەرزش و میدیای وەرزشی كوردی دەكات.

با زیاتر ئاشنای ئەم یاریزان و مامۆستا و راهێنەر و میدیاكارە وەرزشییە بین

سدیق سەعید محەمەدئەمین هورمزیاری ناسراو بە صدیقی گچكە، ساڵی 1951 لەشاری هەولێر لەدایكبووە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی هەولێرە، یاریزان و مامۆستا و راهێنەر و رۆژنامەنووس و نووسەری وەرزشی بووە، بەر لەهاتنە نێو دونیای راگەیاندن، یاریزانێكی بەتوانای تۆپی پێ بووە و لەڕیزی تیپی یانەی هەولێر یاریكردووە، هەروەها مامۆستای وەرزش بووە، ساڵی 2007 وەك باشترین مامۆستا لەكوردستان رێزی لێگیراوە و خەڵات كراوە، سەرەتای ساڵی 1967 دەخزێتە نێو جیهانی راگەیاندنی وەرزشی، ئەوكات لەڕۆژنامە وەرزشییەكانی (ملاعب و شەباب و ریازی) و رۆژنامەكانی تر بەزمانی عەرەبی دەنووسێت، ساڵی 1985 لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەفتەنامەی (كاروانی وەرزش) دەبێتە پەیامنێرێكی كارای ئەو هەفتەنامەیە، لەزۆربەی ژمارەكاندا وەكو پەیامنێری هەولێر كاروچالاكییەكانی رووماڵ كردووە، ئەمە جگە لەبابەتی وەرزشی تر، دوای راپەڕینیش لەڕۆژنامەكانی كوردستانی نوێ و برایەتی و خەبات-دا چەندین بابەتی وەرزشی وەكو راپۆرت و ستوون و هەواڵ و دیمانەی وەرزشی بڵاودەكاتەوە، لەقۆناغەكانی تر لەڕۆژنامەی خەباتی وەرزش و گۆڤاری خەباتی وەرزش و رۆژنامە وەرزشییەكانی تر بابەتی بڵاوكردووەتەوە و لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان بووە، هەروەها یەكێك بوو لەوانەی كە لەساڵی 1992دا كاری كۆمێنتاری وەرزشی ئەنجامداوە و دوای ماوەیەكی زۆر بەهۆی نەخۆشی لەكاروانی راگەیاندنی وەرزشی وەستا و لەڕێكەوتی (13 لەسەر 14-7-2010) بەهۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لەڕاگەیاندنی وەرزشی و هاوپیشەكانی و قەڵەمە بوێرەكەی كرد.


PM:04:16:14/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 362 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌