پاڵەوانە كوردە تاقانەكەی ئۆڵۆمپیاد بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

زاگرۆس نانەكەلی

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەرێكەوتی 24-6-2020 محەمەد یاسین-ی پاڵەوانی نێودەوڵەتی و ئۆڵۆمپی كورد و پێشووی شاری هەولێر و كوردستان و عیراق و عەرەب و ئاسیا لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی لەوڵاتی سوید بەڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) كۆچی دوایی كرد.

ئەم پاڵەوانەی ئۆڵۆمپی كورد لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەریی لەسییەكانی، لەنەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ لەوڵاتی سوید لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكی دابوو، پاش 2 مانگ لەتووشبوونی بەڤایرۆسەكە كە بەهۆیەوە ژیانی لەمەترسیی دابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2020 ڤایرۆسی كۆرۆنا زەفەری پێبرد و بۆدواجار لەتەمەنی 57 ساڵیدا بەجێی هێشتین.

نزیكەی مانگێك لەمەوبەر خالید یاسین كوڕی گەورەی ئەم پێی راگەیاندنم: بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە باوكی لەنەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ خەوێنراوە، زۆر بەقورسی ئەم نەخۆشییەی گرتووە و زۆر بەقورسی كاریگەریی كردۆتە سەر كۆئەندامی هەناسەی و مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە.

موحەمەد یاسین لەدایكبووی ساڵی 1963ی شاری هەولێرە و لەساڵی 1991ەوە لەشاری ئۆریبرۆ-ی وڵاتی سوید نیشتەجێیە، خاوەنی دوو كوڕ و سێ كچە و یەكەم وەرزشكاری كورد بوو كە لەیاری بەرزكردنەوەی قورساییدا بەشداری هەردوو ئۆڵۆمپیادی هاوینەی مۆسكۆ 1980 و لۆس ئەنجلس 1984ی كردووە و لەیەكەمیاندا پلەی 17 و لەویتریاندا بەپلەی شەشەم هاتووە و لەژیانی یاری كردنیدا خاوەنی 42 میدالی رەنگاو رەنگی یاری بەرزكردنەوەی قورساییە (21 زێر، 6 زیو، 15 بڕۆنز).

سیڤی پاڵەوانە كوردەكە:

*ناوی تەواو: محەمەد یاسین محەمەد
*ساڵڕۆژی لەدایكبوون: 7-1-1963
*شوێنی لەدایكبوون:  شاری هەولێر
*شوێنی نیشتەجێبوون: شاری ئۆریبرۆ/ سوید
*رەگەزنامەی عیراقی و سویدی هەیە
*ژیانی هاوسەری پێكەوە ناوە و (5) منداڵی هەیە بەناوەكانی زینە و خالید و بەشار و عەبیر و مریەم.
*سەرەتا بەیاری تۆپی پێ چۆتە نێو بواری وەرزشەوە.
*دواتر بەیەكجاری رووی لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی كردووە.
*ساڵانی (1977 تا 1991) یاریزانی یانەكانی هێرش و هەولێر و هەڵبژاردەی عیراق بووە.
*ساڵانی (1977 تا 1991) پاڵەوانی عیراق و وڵاتانی عەرەب لە كێشەكانی (67 و75) كگم بووە.
*ساڵی (1985) لە ژاپۆن و ساڵی (1988) لە چین، بووەتە پاڵەوانی وڵاتانی ئاسیا
*ساڵانی (1979-یۆنان) و (1979-هەنگاریا) و (1980-كەنەدا) و (1981-ئیتاڵیا) و (1982-بەرازیل) و (1983-فەرەِنسا) و (1989-یۆنان) بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی كردووە
*ساڵی (1987) لە فیلیپین و لە پاڵەوانێتی وڵاتانی جیهان بەپلەی سێیەم هاتووە.
*ساڵی (1987) هەر لە فیلیپین و لە پاڵەوانێتی وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
*ساڵانی (1982) لە نیودەلهی-هیندستان و (1986) لە سیئۆل-كۆریای باشوور بەشداری خولی یارییە وەرزشییەكانی وڵاتانی ئاسیا (ئاسیاد)ی كردووە و لەیەكەمیاندا بە پلەی دووەم و لەویتریشیاندا یەكەم بووە.
*ساڵی (1980) لەئۆڵۆمپیادی هاوینەی مۆسكۆ/ لە كێشی 67.5 كیلۆگرام بەشداربووە و لەنێو 20 وەرزشكاری بەشداربوودا، لە خەتف: هەوڵی یەكەم/ (120 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/ (125 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (125 كگم) سەركەوتوو نەبوو، لە نەتر: هەوڵی یەكەم/ (145 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/  (155 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (155 كگم) سەركەوتوو نەبوو، كۆی گشتی: پلەی  17ی ریزبەندی گشتی بەكۆكردنەوەی (270) كیلۆگرام.
*ساڵی (1984) لەئۆڵۆمپیادی هاوینەی لوس ئەنجلس/ لەكێشی 75  كیلۆ گرام بەشداربووە و و لەنێو 12 وەرزشكاری بەشداربوودا، لە خەتف: هەوڵی یەكەم/ (140 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/ (145 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (145 كگم) سەركەوتوو نەبوو، لە نەتر: هەوڵی یەكەم/ (180 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/  (185 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (185 كگم) سەركەوتوو نەبوو، كۆی گشتی: پلەی  6ی ریزبەندی گشتی بەكۆكردنەوەی (320) كیلۆگرام
*ساڵی 1991 رووی لەهاندەران كردووە و لەوڵاتی سوید گیرساوەتەوە و لەوێش درێژەی بەیارییەكە داوە و توانیویەتی 12 میدالی جۆراوجۆری پلەكانی یەكەم تا سێیەم لەسەر ئاستی سوید و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا بباتەوە.
*لەژیانی یاری كردنیدا خاوەنی 42 میدالی رەنگاو رەنگی یاری بەرزكردنەوەی قورساییە (21 زێڕ، 6 زیو، 15 بڕۆنز).


PM:10:26:24/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 843 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌