‌هۆكار و نیشانه‌كانی پێکانی وەرزشی ئەژنۆ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

پچرانی دیسکی کەوانەیی ئەژنۆ کە لە ناو خەڵک بە تەقینی کڕکڕاگەی ئەژنۆ ناسراوە، زۆربەی زۆری نەشتەرگەری جومگەی ئەژنۆ بەهۆی پچڕانی کڕکڕاگەی کەوانەیی بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر دیده‌وان پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری پێكانی وه‌رزشی ئه‌ژنۆكان ده‌خاته‌ ڕوو.

هۆکاری پچڕانی دیسکی کەوانەیی لە گەنجان بریتییە لە سووڕانی ئەژنۆ لە سەر جومگەیەکی کەمێک نوشتاوە لە کاتی یارییە وەرزشییەکان بەڵام لە بەتەمەنەکان بە هۆی داخورانی (سەوەفانی) کڕکڕاگەیە.

لە ڕووی توێکاریەوە ،دوو کڕکڕاگەی( دیسکی) کەوانەیی لە شێوەی پیتی C ئینگلیزی لە ئەژنۆ هەیە کە بریتین لە کڕکڕاگەی کەوانەیی دیوی ناوەو دیوی دەرەوە.کڕکڕاگەی کەوانەیی دیوی ناوەوە زیاتر توشی پچڕان دەبێت.

ئیشی ئەم کڕکڕاگەیە:
بریتییە لە هەڵگرتنی قورسایی لەش لە کاتی ڕۆیشتن، جێگیرکردن و پارێزگاری کردنی جومگە لە زەبری دەرەکی.

نیشانەکانی پچڕانی کڕکڕاگە چییە؟
-  لە ناو یاریگا کاتێک توشی پێکان دەبێت، ئازارێکی زۆری جومگەی دەبێت و ناتوانێ یاری تەواو بکات و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا جومگەی ئەستور دەبێت.
- بە تێپەڕبوونی کات، پاش مانگێک لە پێکان ئەستوربوونەکە کەم دبێتەوە، بەڵام ئازاری لە شوێنی پچڕانەکە دەبێت کە دیوی ناوەوەیە یان دیوی دەرەوەی جومگەیە.
- لەوانەیە ئەستووربوونی جومگە بە بەردەوام دووبارە بێتەوە.
- هەندێک جار نەخۆش نیشانەی میکانیکی دەبێت وەکو قفل بوونی جومگە و کرتە کرت لە ناو جومگە.

چۆن دەست نیشان دەکرێت؟
بە ئەنجامدانی پشکنینی نۆرینگەیی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و تیشکی لەرەلەری موگناتیسی ( MRI).

چۆن چارەسەردەکرێت؟
ئایا هەموو پچڕانێکی کڕکڕاگە پێویستی بە نەشتەرگەریە؟
وەڵام/ نەخێر.

چارەسەر بە بێ نەشتەرگەری:
لە کاتی پێکان لە یاریدا ،نەخۆش دەبێت پشوو وەربگرێت و سەهۆڵ دابنرێت لەسەر جومگە و دەرمانی ئازارشکێن بەکابێنێت بۆ دوو هەفتە تا مانگێک.
ئەنجامدانی ڕاهێنان و چارەسەری وەرزشی بۆ گەڕانەوەی جولەی جومگەی ئەژنۆ و بەهێز کردنی ماسولکەکانی چوار دەوری ئەژنۆ.

چارەسەر بە نەشتەرگەری:
نەشتەرگەری بۆ ئەم کەسانە ئەنجام دەدرێت:
1- زیاتر لە دوو جار تووشی قفلبوونی جومگە بێت،  قفل بوون واتە نەتوانینی ڕاست کردنەوەی ئەژنۆ پاش نوشتانەوەی ئەژنۆ یاخود بە پێچەوەانەوە.
2-بەردەوامی ئازاری جومگەی ئەژنۆ پاش ٣-٦ مانگ لە بەکارهێنانی ڕێگاکانی بێ نەشتەرگەری.
3- ئەگەر پچڕانی بەستەرەکانی تری جومگەی ئەژنۆی لەگەڵ بێت.

نەشتەرگەریەکە ئەنجام دەدرێت بە ئامێری نازوریی جومگە ، ئەویش بە کردنی دوو برینی بچووک یەک سانتیمەتری.

ئەم پارچەی کە پچڕاوە یان دەدورێتەوە یان لادەبرێت کە هۆکارە بۆ ئازار و قفل بوون و ڕۆژی دوای نەشتەرگەریەکە نەخۆش دەتوانێ لەسەری بروات و پاش سێ هەفتە نەخۆش دەگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی خۆی.


PM:02:18:18/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 15558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌