سەد ساڵەی پێشكەوتن ومێژووی یەكەم هەواڵی وەرزشی كوردی



زاگرۆس نانەكەلی

لەوانیە بپرسن بڵێن بۆچی یادی 100ساڵەی رۆژنامەی پێشكەوتن دەكەنەوە؟، چ پەیوەندی بە رۆژنامەگەری وەرزشی كوردییە؟، لەوانەشە لەهەندێك لە عاجباتیەكانی رۆژنامەنووسی وەرزشی كوردی ئەسڵەن مێژو و پەرتووكی میدیای وەرزشی و زانستی میدیای وەرزشی تەنها پڕكردنەوەی پەرتووك بێت، چونكە لەملاو لەولا ناوەناوە بەرگوێمان دەكەوت ئەم وردە لێدوانانە كە بەڕاستی گیانت هەمووی دەكات بە ئارەق و شەرم داتدەگرێ و واقتوڕ دەمێنێ لە هەڵكەوتووی دواكەوتوو!، ماڵوێرانیەكە لەوەدایە وێنەگرتن لەبەردەمی یاریگاكان بەپێشكەوتن و شانازی بزانی، بەڵام مێژووی میللەتەكەت بەشتێكی كۆن و بێ بەها بزانی، وێنەگرتن لەبەردەم یاریگا و هەروەها یاریزانی بەناوبانگیش من بە دڵخۆشی و هەواڵ و ئارەزو و تەنانەت بە هەنگاوی ناسین و نزیك بوونەوەشی دەزانم و دژی نیمە و من خۆم یەكێك بوومە لەنێو یاریگاكانی نێوخۆی و وڵاتانی جیهان ئەنجاممداوە ،بەڵام مێژووی نەتەوەكەم سفر نەكردۆتەوە و دژی مێژوو و دەستكەوتەكانی میللەتەكەم نیم،هەڵكەوتووی دوێنی بم و پێشخۆم و دوای خۆم  وەلابنێم، خۆشم بە مەوزوع بزانم، بەڵام دەڵێن یەكێك لەكارەساتەكانی دیموكراسی دەبێت گوێ لەنەزانیش بگری، گەر سەفەرێكت بەرەو بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی پێشكەوتن  كرد لەم وتارە، ئەوا گرێ كوێرە و  كۆد و زۆربەی زۆری وڵامەكانت دەست دەكەوێت.

گەلێك مێژووی نەبێت دەمێكە مردووە، هیچ چڵەدارێكی وشك نەبوو خۆم بە باڵای بئاڵێنم، رووبارێكی خێراش نەبوو تا زوو تینوویتَی عەشقی بوارەكەم پێ بشكێنم، ئەوەی باسی دەكەم نوێترە لەنوێ، كۆنتریشە لەكۆن!، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە ناخوێنینەوە و زیاتر قسە دەكەین و گوێڕایەڵنین و زیاتر دەنووسین!، پاشان هزری ئێمە لەچاومانە، بۆیە زیاتر تیڤی و سۆشیال میدیا دەكەین بەسەرچاوەكانمان، كەچی مێژو و داهێنان و پێشوە بردنی ڕەوڕەوەی مرۆڤایەتی  لەنێو داهێنان و كتێب  دایە و دەبن بە بەڵگە ومێژوو، نەوەكانی دوای خۆمان چ وەكو زانست و چ وەكو مێژوو لە كتێبەكان بەدوای دەگەڕێن وسوودی لێ وەردەگرن، بێچەوانەكەشی دەبێتە سەرەتای گرنگی پێنەدانی مێژو و خۆسەرقاڵكردن بەشتە لاوەكی و بێ بەهاكان و لەبیرچوونەوەی ئامانجی راستەقینە، بۆیە ئۆقرەم نەگرت تا نەگەم بەكەناری ئارام، چونكە مێژو و گەڕان بەدوای مێژوو خۆی لەخۆیدا بەرپرسیاریەتییە، ناشكرێت لە خەوی غەفڵەتا بین و نەبای بێت ونەباران، ئەو چەند ساڵەی گەڕاشم  تروسكەیەك ئومێدی گەوهەری نەتەوەكەم دۆزیەوە، گەیشتم بەسەرەتای موڕاد، دەستم گەیشت بە بەشێك كەشكۆڵی دڕ و یاقوتی میدیای وەرزشی كوردی، ئێوەش و هەموومان بەیەكەوە هەوڵ بدەین كاری بۆ بكەین، چونكە ئیتیك وئەرك و بەرپرسیاریەتی هەموومانە، پەنا بەخوا بەردەوامیش دەبم، چونكە دڵنیام گەوهەر و دڕ و مەرجان و ئەڵماس و یاقوتی زۆر بەهاتر و نایاب و سەنگین تر لە خەزنەی مێژووی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی بوونی هەیە، بۆیە تەنها ماندووبوون وگەڕان وئارامی وهزر و خۆراگری دەوێت، بەدرخانییەكان دامەزرێنەری رۆژنامەی كوردی بوون، ئەوان فێری رۆژنامە و رۆژنامەگەرییان كردین، لە رۆژنامەی (پێشكەوتن ) یش كۆدی زانستی یەكەم هەواڵی وەرزشی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردیمان دۆزیەوە، كاروانی وەرزشیش نەهێنی هەنگاوەكانی ئاشكراكرد و بوو بە فەڕمی كەمیللەتێك ژێر دەستیش بێت ناوەستێك لە بوارە جیاكانی ژیان و بەتایبەتیش رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی.

ویستم بە دەرگایەكی كراوە و ئاسان بچمە نێو نەواخنی ئەم وتارەم، ویستم بنوسم یادی 100ساڵەی پێشكەوتن لەرۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردی پیرۆزە، دواتر وتم بنوسم میدیاكارانی وەرزشی كوردی قەرزاری پێشكەوتنین، ئەمجارە ویستم مانشێتی وتارەكەم بكەم بە پێشكەوتن  پێشەنگی رۆژنامە بۆ هەواڵی وەرزشی كوردی لە مێژوودا، وتم با نەبێتە گومان و پیاهەڵدان، ئەمجارەش ویستم بنوسم، پێشكەوتن ئەو رۆژنامەیە مێژووی یەك سەدەی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی لا پارێزراوە، دواتر نوسیم 100ساڵ لەمەوبەر یەكەم هەواڵی وەرزشی كوردی بڵاوكرایەوە، یان نوسیم پێشكەوتن نۆبەرەی هەواڵی وەرزشی لە رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی، بۆدواجار نووسیم، سەد ساڵەی پێشكەوتن ویەكەم هەواڵی وەرزشی كوردی،بۆیە واقم وڕمابوو،بەندەش وەكو مێژو و گەڕان و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی پێشكەوتن-م كردووە، یەكێكیان 100 ساڵەی رۆژنامەی پێشكەوتن و دووەمیان تائێستا پێشكەوتن یەكەم رۆژنامەی كوردییە لەمێژوودا بابەتێك یان یەكەم هەواڵی وەرزشی تیا بڵاودەكرێتەوە،بڵێم خۆم بەبەختەوەر دەزانم، چونكە ئەمە وێستگەی شانازی و بەشێكی گرنگی مێژووی كاركردنی منە لەمیدیای وەرزشی كوردی، راستە پێشكەوتن ئەمڕۆ 29-4-2020 مۆمی سەد ساڵەی دەكوژێنتەوە، بەڵام ئەم رۆژنامەیە تاكو ئێستا تاكە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی یەكەم هەواڵی نووسراوی میدیای وەرزشی كوردییە، ئەوكات دوای ساڵێك و لەرێكەوتی 2-6-1921 رۆژنامەی پێشكەوتن یەكەم هەواڵی وەرزشی بڵاوكردەوە بەناونیشانی (ئەسپ تاودان)، لەلایەكی ترەوە نابێت وەشاندی یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی لەچوارپارچەی كوردستان لەبیربكەین،لەرێكەوتی 30-7-1985 یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی لە شاری هەولێر بەناوی (كاروانی وەرزش) بڵاكرایەوە، ئەوەی من دەمەوێت باسی بكەم، لەنێوان یەكەم هەواڵی وەرزشی لەرێكەوتی 2-6-1921 ویەكەم رۆژنامەی وەرزشی لەرێكەوتی 30-7-1985،كامەیان دەبن بە رۆژی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی؟پرسیارێكە بۆ مێژوونووس و موئەریخەكان جێدێڵم؟!.

ئەمڕۆ یادی 100 ساڵەی بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی (پێشكەوتن)ە كە لەشاری سلێمانی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی پێشكەوتن لە 29ی نیسانی 1920 لەشاری سلێمانی دەرچووە و بەگشتی 118 ژمارەی لێدەرچووە و دواژمارەی لە 27ی تەمووزی 1922 دەركراوە. رۆژنامەكە راستەوخۆ لەلایەن حاكمی سیاسی ئینگلیزەوە لەسلێمانی سەرپەرشتی كراوەو بەدوای یەكدا هەریەك لە میجەر سۆن و مێجەرگۆلد كە دوو حاكمی سیاسی ئینگلیز بوون سەرپەرشتی رۆژنامەكەیان كردووە و سیاسەتی فەڕمیان داڕشتووە، (مستەفا مەزهەر) یش كە روناكبیرێكی سلێمانی بووە هاوكاریان بووە ئەم رۆژنامەیە رۆژنامەیەكی هەفتانە بووە و چوار لاپەرە بووە و گوزارشتی لەسیاسەتی فەڕمی حكومەتی ئینگلیز كردووە. رۆژنامەكە بایەخی بەبوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رۆشنبیری و مێژوویی داوە.

2-6-1921 لە ژمارە (58) دا یەكەم هەواڵی وەرزشی بەناونیشانی (ئەسپ تاودان) بڵاوكرایەوە، هەروەها  لەرێكەوتی 16-6-1921 و لەژمارەی (60)ی  دوو بابەتی هەواڵی  دووەم وسێیەم، هەواڵی وەرزشی و بەناونیشانەكانی  (لەعەسكەری یا یاری) و (وڵاخ تاودان) بڵاوكرایەوە، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە مێجەرسۆن خۆی گەنجانی سلێمانی كۆكردۆتەوە و یاری لەگەڵ كردوون، هەروەها هەرخۆشی هەواڵەكەی بڵاوكردۆتەوە لە رۆژنامەی پێشكەوتن، بۆیە گرنگە میدیاكارانی وەرزسی كوردی هەموومان گرنگی و دەست نیشانكردنی مێژووی هەواڵی وەرزشی لە رۆژنامەی پێشكەوتن و بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی كاروانی وەرزش تێك هەڵكێشی بكەین و رۆژێك بۆ رۆژی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی دەستنشان بكەین، نەك بە ئارەزووی خۆمان وەك كوتاڵ فرۆش چۆنمان پێ خاس بێت قوماشەكە بە بەری خۆمان ببڕین!،ناكرێت و نابێت و لۆژیك نیە،لەمێژوو نەبیت ومێژووت نەبێت و مێژوو دابنێی!! مێژووش بشێوێنی و خۆشت بكەی بە پاڵەوانی مێژووی بێ مێژوو!!،بۆیە پێوویستە بەخۆمان دابچینەوە،چونكەمێژوو ئەمانەت وبەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقیە،بۆیە ئەمە مێژووە لەبیرمەكەن، یادی 100 ساڵەی رۆژنامەی پێشكەوتن پێرۆزبێت، میدیاكارانی وەرزشی چوارپارچەی كوردستان دەبێت هەموومان سوپاسی رۆژنامەی پێشكەوتن بكەین،ئەوكات گرنگی بە بابەت وهەواڵی وەرزشیداوە،بۆ ئێمە بۆتە مێژووێكی بە بەها و پڕ نرخ،چونكە تاكو ئێستا یەكەم هەواڵی وەرزشی لەم رۆژنامەیە لەمێژوو بڵاوكراوەتەوە، كەواتە یادی 100ساڵەی رۆژنامەی پێشكەوتن چەند گرنگ بوو بۆ مێژووی میللەتەكەمان،سەدان جار گرنگتر بوو بۆ مێژووی یەكەم هەواڵی وەرزشی لە رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی.


AM:03:30:29/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 2690 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌