122 ساڵ بەدرخانییەكان وئێستا چی بۆ رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی كراوە؟!


زاگرۆس نانەكەلی -

ئەمڕۆ 22/4/2020 ساڵیادی (122) ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییە،خانەوادەی بەدرخانییەكان لە 22/4/1898 یەكەم رۆژنامەیان بڵاوكردەوە بەناوی رۆژنامەی كوردستان،ئەوەی من دەمەوێت باسی بكەم دارێكی تەمەن122 ساڵ وگەڵاكانیەتی،چونكە ئەم دارە لەسەرەتای چاندنی تا ئێستا بە قۆناغی جیاجیا گوزەری كردووە،یەكێك لە لق وپۆپەكانی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردییە،هەرچەندەلەئێستای پێشكەوتنی رۆژنامەگەری گەر رۆژنامەگەری وەرزشی خۆی لە گشتی جیا نەكاتەوە،ئەوا بەشێكی گرنگی رۆژنامەگەری گشتییە،چونكە میدیای وەرزشی ئەمڕۆ لە جیهاندا هەنگاوەكانی هاوشێوەی پڵنگە،دوور و درێژ و بەرزە،بۆیە دەمەوێت بڵێم بەدرخانییەكان چییان بۆ  وەرزش كردووە، یاخود چییان بۆ رۆژنامەگەری وەرزشی كردووە؟،پرسیارێك مێژو و دیكۆمێنت و راستییەكان و ئەزمووندارەكان دەتوانن وڵامیان هەبێت.

نە رۆژنامەی كوردستان بەڵكو هەردوو گۆڤاری (روناهی و هاوار) یش باوەڕ ناكەم بابەتی وەرزشییان بڵاوكردبێتەوە، ،بەڵام بابەتی وەرزشی لەسەر لاپەڕەكانی كوردستان بوونی نەبووە،بۆیە دەكرێت بڵێین رۆژنامەی (كوردستان) و گۆڤارەكانی  (هاوار و روناهی) هیچ بابەتی وەرزشییان بڵاو نەكردۆتەوە،چونكە سەردەمی خانەوادەی بەدرخانییەكان قۆناغێَكی هەستیار و دژواری شۆڕشی كورد بوو،ئەستەم بوو ئەو كات وەرزش و رۆژنامەگەری وەرزشی لە رۆژنامەی (كوردستان) كاری بۆ بكرابوایە،بەڵام مەحاڵیش نەبوو،چونكە دەكرا ئەو كات باس لە وەرزشێكی فۆلكلۆری كوردی بكرابوایە،یاخود پێشبڕكێی (ئەسپ سواری،شمشێربازی،زۆرانبازی،جریدبازی -پۆڵۆ) بكرابوایە،ئەوكات دەبوو بە چالاكیێكی وەرزشی ولەهەمان كاتدا دەبوو بە مێژووی هەواڵی وەرزشی كوردی.
ئەوانەی باسمان كرد مێژوو بوو كۆتایی هات بە تۆماركردن وبە تۆمار نەكردنی،بەڵام ئێستا چی بۆ رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی و رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردی كراوە؟ئەم پرسیارە لەوانەیە وەڵامدانەوەی قوڕس نەبێت،چونكە ئەو زەمەنەیە ئێستا ئێمە تیای دەژین و زۆربەی زۆرمان ئاگادارین،رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردی دوای 122 ساڵ تا ئێستا زۆربەی مافی خودی و رێكخراوەیی بەدەست نەهێناوە، لەوانە (رێكخراوێكی میدیای وەرزشی سەربەخۆی نیە،تا ئێستا ئێمە لەژێر چەتری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانین،لەهەموو جیهان بە یاسا نێودەوڵەتییەكان رۆژنامەنووسانی وەرزشی ماف و پێگە ویاسا و سەنگی خۆیان هەیە،تا ئێستا رۆژنامەنووسی وەرزشی لە كوردستان خاوەنی (ناسنامەی رۆژنامەنووسی وەرزشی) خۆی نیە،تا ئێستا رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردی لە پلە دووی رۆژنامەنووسانی گشتی سەیر دەكرێت،رۆژنامەنووسانی وەرزشی تا ئێستا شارێك،یان پرۆژەیەكی نیشتەجێ بوون بەناویان نیە،بەنموونە (شاری میدیاكارانی وەرزشی كوردستان) هەبێت،ئێمەی میدیاكارانی وەرزشی خاوەن چەندین شەهید وكۆچكردووین ،تا ئێستا پاڕكێك،یاخود شوێنێكی گشتی یان شەقامێك بەناوی رۆژنامەنووسانی وەرزشی نەكراوە،تا ئێستا رۆژنامە یان گۆڤارێكی وەرزشی سەربەخۆمان نیە لە كوردستان،نەبوونی كۆنتاكت لەگەڵ یەكێتی رۆژنامەنووسانی عێراق وئاسیا وجیهانی و هەروەها لەگەڵ كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی نێودەوڵەتی (ئیپس)،نەبوونی بیمەی میدیاكاری وەرزشی بۆ كارئاسانكردنی،لەگەڵ وڵاتی عێراق بەپێی یاسا رێژەی 17% مان هەیە،پێوویستە ئەم رێژە بقۆزینەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی میدیای وەرزشی لەم وڵاتە،تا ئێستا یانەیەكی تایبەتمان بە رۆژنامەنووسانی وەرزشی نیە بەیەكەوە كۆبینەوە وگفتوگۆ لەسەر گۆڕانكارییەكانی میدیای وەرزشی كوردی و جیهانی بكەین...تاد.

بۆیە دەكرێ سەیری سەرەتای شۆڕشەكانی كورد بكەین،لەنێو نووسراوو  و راگەیاندنەكان بەهۆی گرژی و سەختی رۆژگار و پەیوەست بوون بە نەتەوایەتی،بابەتی وەرزشی و رۆژنامەنووسی وەرزشی رەنگدانەوەی نەك لاواز و سست بووە،بگرە نەبووە،بۆیە گەر ئێستا جگە لە باشووری كوردستان كە پێشتر ئەم جۆرە هەنگاوە نەبووە،ئێستاش رەنگدانەوەی لە پارچەكانی (باكوور و رۆژهەڵات) هەیە وگرنگی بە وەرزش وبابەتی وهەواڵی وەرزشی نادەن،بەڵام لە رۆژئاوابی كوردستان،گۆڤار ورۆژنامەی وەرزشی و میدیاكارانی وەرزشی بوونیان هەیە،هەرچەندە ئەوانیش پێشتر بەهۆی رژێمی وڵاتەكەیان بۆیان نەبووە بە كوردییش بخوێنن وقسە بكەن،بەڵام ئێستا هەنگاوی سەرەتایی وباشیان ناوە،بۆیە گرنگە  بۆ خوێنە ر وەرزشكاران و میدیاكارانی وەرزشی هەم وەك چالاكی و هەم وەكو مێژوو بابەتی وەرزش و میدیای وەرزشی لە بڵاوكراوەكانیان بوونی هەبێت .

لەنێوان خانەوادەی بەدرخانییەكان وئێستای رۆژنامەگەری كوردی كە ئەمڕۆ 122 ساڵیادیەتی،چەپكێ گوڵی شكۆمەندی بۆ رێبوارانی ئەم رێگا سەخت و دژوارە،ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی پیرۆزبێت،ئومێدی ئایندە میدیاكارانی وەرزشی كوردی بتوانن لەم زەریایە زەبەلاحە  مەلەی مەحاڵ بكەن و بگەن بە مافە سەرەتاییەكانیان.


PM:03:48:22/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 942 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌