ئالان و دایكی نیمار!!!.



زاگرۆس نانەكەلی 

مەلا مەشهور (10) هێلكەی بە دینارێك دەكڕی و (11) هێلكەی بە دینارێك دەفرۆشتەوە،  لێیان پرسی مەلا بۆ وادەكەی؟، لەوەڵامدا وتی: با خەڵك نەڵێن مەلا بێ ئیش و كارە!، ساڵی 2017 بۆ سمینارێك لەسەر هەردوو كتێبەكەم كە تایبەت بوو بەمیدیای وەرزشی و مێژووی میدیای وەرزشی كوردی چوومە پاریس، ئەوكات ستوونێكم نووسی بەناوی (پێش نیمار چووم بۆ پاریس)، لەستوونەكەمدا گلەیی و رەخنەم لە میدیاكارانی وەرزشی و میدیای وەرزشی كوردی گرت، كە كەس نەیوت بۆ چووی بۆ پاریس و چیت كرد لەپاریس و چۆن و بۆچی چوویتەتە ئەوێ‌، كەچی من لە سەر گیرفانی خۆم بۆ ناساندنی میدیای وەرزشی كوردی چوو بووم!، بەڵام كە نیمار چوو بۆ پاریس و گرێبەستی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان واژوو كرد، میدیاكاران و میدیای وەرزشی كوردی سەری زمان و بنی زمانیان نیمار و پاریس سان جێرمان بوو،دەتوت بەپارەی ئەوان گرێبەستی كردووە و یانەكەش هی خۆیانە، دەهۆڵ و زۆڕنایەكی وایان لێدەدا لەسەر قوڕ تۆزیان دەكرد!!.

ئالان عەلی غەریب میدیاكاری وەرزشی كوردی رێكەوتی 11-4-2020 كۆچی دوایی كرد، ئەم مرۆڤە تا توانی خزمەتی وەرزش و میدیای وەرزشی كوردی كرد كاتێك كۆچی دوایی كرد،واز لە هاوپیشە بێنن،هاوڕێیەتی و دۆستایەتی ساڵانێك و دەركەوتن لە تیڤی و دیمانەی رادیۆی لەزۆربەی بۆنە وەرزشییەكان لەگەڵ برادەرەكانی كە شەو رۆژ بەیەكەوە  بوون،نمەك و وەفا و دڵسۆزی و برای گیانی بە گیانی زۆر گرنگە،كەچی نازانم و تێناگەم بۆ بەدیار نەكەوتن وەفا بنوێنن؟ لە ترسی كۆڕۆنا؟یان كە ئالان كۆچی دوایی كردپەرتووكەكە داخرا؟!،لە وڵاتی ئێمەئەوەی یەك پەند بزانێ دەڵێ (پشیلە سپڵە وبێ ئەمەكە!!) یەكێ نەزانێ ئەوان سەرچاوەی ئەمەكداری و وەفادارین! كەچی زانست نوێی سەردەم سەلماندویەتی پشیلە لە هەر (12) خولەكێك مێشكی فۆڕمات دەبێتەوە و هیچی لەبیر نامێنێت و نەك ئەوەی كورد دەڵێ پشیلە سپڵەیە!!،بۆیە نە میدیاكاری وەرزشی و نە میدیای وەرزشی كوردی و نەدەزگاكانی راگەیاندنیش، نەمبینی و نەمزانی و نەمبیست و هەروەها نەمخوێندەوە، تەنها بڵێن خوات لەگەڵ هاوپیشەكەمان، من سۆشیال میدیا ناڵێم، لەبەرامبەردا لەم رۆژانە دایكی نیمار-ی یاریزانی بەرازیل و پاریس سان جێرمان بووە گێڵ فرێندی كوڕێكی گەنج ، میدیای وەرزشی كوردی و میدیاكاران وازیان لەنان و ئاو و كۆرۆنا هێنا و باسی گەرمیان شیكردنەوە و میكردنەوە و شرۆڤە و مرۆڤەی ئەو بارە نائاساییە بوو كەدایكی نیمار دۆستی نوێی گرتووە و باوكی نیماری یەكەم پیرۆزبایی لە زڕباوكی نیمار كردووە!، هەروەها نیمار پیرۆزبایی لەدایك و دۆستەكەی كردووە و دەڵێ خۆش رابوێرن!، بۆ خۆش رانەبوێرن،لەبەر كۆرۆنا نەبوایە لە وڵاتی من ئاهەنگیان بۆ سازدەكردن!.

بڕوابكەن لەكاتی نووسینی ئەم ستوونە موچوڕكەی شەرم دایگرتبووم، زۆر هەستێكی ناخۆشم هەبوو، ئینجا لە بەشێك لەدەزگاكان و میدیاكارانی وەرزشی لەپەنای پێشكەوتن ومەدەنیەت  قسەی زۆر نەشیاویان دەكرد، باسی سەرجێ و مەرجێ‌ و شتی قیزەوەنیان دەكرد كەمن نەهزر و نە پێنووسەكەم رێیان نەدا بینووسم!!.

 حەیفە لەبری پیشەی ئەكادیمی، رۆڵی بەربووك بگێڕن، ئاخر بەمن ناڵێن دایكی نیمار و دۆستەكەی بەئێوەچی؟ باوكی نیمار خیانەی زەوجی دەكات بەئێوەچی؟ بۆچی بەمن ناڵێن دۆستی دایكی  نیمار كە هەتیوێكی رووهەڵگری بێ نموودە بەئێوە چی؟ بۆچی وەڵام نادەنەوە؟ باوك و دایك و دۆستەكەی چ پەیوەندییان بە وەرزش هەیە؟ چ پەیوەندییان بە میدیای وەرزشی كوردی و میدیاكارانی وەرزشی كوردی هەیە؟، ئەم وڵامە سەقەتە كلاسیكیەم نەدەنەوە، كەدەڵێ هەموو جیهان روماڵی ئەم هەواڵەی كردووە؟ ئەم هەواڵەی باس دەكرێت لە (ئینستگرام و تویتەر) كەسی خۆیان باسكراوە،نەك وەكو هەواڵ لە رۆژنامەوسایتەكان،ئەم هەواڵەی باسی دەكەن عاشق و مەعشوقە قێزەونەكە دایكی نیمار (52) ساڵ و  دۆستەكەی (22) ساڵ، شرۆڤەكاری وەرزشی و میدیاكاری وەرزشی باسی چی ئەم رووداوە دەكەن؟ دڵنیام دەڵێن دایكی نیمار بەپارە دۆستی بۆ خۆی كڕیوە، یان دۆستی دایكی نیمار ئەوەندە  مسقال زێڕی بۆ كڕیوە، موقەدیمەو و موخیرەشی ئەوەندە مسقالەی بۆ داناوە،یاخود دەڵێن ئەمە دۆستیەتی،ئەگەر بەفەڕمی شووی پێ بكات،لە كوردستان دەبێتە چ شایی ولۆغانێك، یان دەڵێن ئاهەنگی بووك گواستنەوەكەی دەبێتە ئاهەنگی ساڵی كۆرۆنای 2020 و تیایدا بۆ یەكەم جار بەشێك لەمیدیاكارانی وەرزشی كوردیش لەم مەراسیمە ناوازەیە داوەتكراون!، بەڕاستی شەرمە، بێ ناوی لە بەد ناوی باشترە،ئێمە دەزانین قەیرانی  بێ هەواڵییە،تەنها هەواڵی تەندروستی نەبێت، بەڵام مانای ئەوە نییە، ئەم جۆرە هەواڵانە ببێتە باس و گفتوگۆی رۆژ، یاخود وەك پیشەكەی مەلا مەشهور، یەكێك دیاربوو ئەم رووداوە زۆر كاریگەری لەسەر دروست كردبوو،لەكاتی شرۆڤەی ئەم رووداوە دەیگووت: بڕوا ناكەم ئەم زەواجە ساڵێك بخایەنێ)،ئەم رووداوەم وەك شرۆڤەكاری سیاسی هاتە بەرچاو، لەماڵەوە ئاوی نەدەهات لە تیڤی باسی كێشەی دارفوڕی دەكرد!.

بەویژدانتان، ئەوەندەی هەڵپەڕین و دابەزین بۆ (Girlfriend)  ی هەوایی  و دۆستە هەرزەكار و بێ ناونیشان و یانەسیب بۆ دەرچوو دەكەن، دەزانن نیشانەی چییە؟ نیشانەی ئەوەیە ئەو گۆڵانەی نیمار دەیكرد ئێوە  شەڕتان دژی یەك دەكرد، یان ئەو گۆڵانەی دەیچواند خەفەتتان پێ دەخوارد، پارەكە و خۆشی بۆ ئەو دۆستەی دایكی نیمار كە ئێوە دەهۆڵتان بۆ لێدەدا!!.

من باكم بەو رووداوە دروستكراوانە نییە، بەیانی كە (ئالان عەلی كۆچكردوو لەگەڵ شەهید ئامانج و شەهید دڵشاد مەریوانی و شەهید سەلام دۆسكی و سدیقی گچە یاوەر نامیق و جەمیل مەدفەعی و دكتۆر عاسی و و جێگر خدر و مەزۆ لەشكری و نەوزاد كەركووكی فۆتۆگرافەر) هاتنە خەونم و گلەییان كرد، لەجیاتی خۆم و ئێوە جگە لەئارەقی شەرم، هیچی ترم نیە بۆ وتن!!.


PM:04:09:18/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 1141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌