هۆكار و نیشانه‌كانی خه‌مۆكی و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر



ته‌ندروستی‌ - 

دەووونزانەكان دڵەڕاوكێ بەكلیلی خەمۆكی دادەنێن،وە خەمۆكی بەبەرھەمی دڵەڕاوكێ دادنێن، وە ھەردوكیان بەھەڵچونە سۆزیەكان دەژمێردرێن بەرامبەر بەكێشەكانی دەروونی وململانی جیاوازیەكان،خەمۆكی وەڵامدانەوەیەكە دوو خاسیەتی سەرەكی تێدایە:
١.ھەستكردن بە بێزاری و بێ ئومێدی.
٢.ھەستكردن بە تێكچوون و بێ توانایی.

كەسی خەمبار كەسێكی دڵ تەنگ و ڕەش بین و بێ ئومێدی، وە خاوەن میزاجێكی ڕەشە و ناڕازییە، گوێ ناداتە ڕووداوەكان و ئەنجامەكان، ھەست بەماندو بوون و بێ توانایی دەكات لە جێ بەجێكردنی كار و ئەركەكانی و ھەست بەتێكچوون و نزم بوونی ڕوا بەخود دەكات.

خه‌مۆكی چییه‌؟

حاڵەتێكی دەرونییە یان شڵەژانێكی دەرونییە كە دووچاری مرۆڤ دەبێتەوە كە تیایدا كەسەكە ناتوانێت بەرەنگاری كێشەكانی ڕۆژانەی ببێتەوە،وە بەردەوام پەنا دەباتە بەر خۆلادان و خۆشاردنەوە لەھەر دەست پێشخەریەك، وە بەردەوام كەسەكە ھەست بەناڕەحەتی و دڵەڕاوكێ دەكات.

ھۆكارەكانی خەمۆكی دەروونی چین؟

1- قەیرانەكانی ژیان و ڕووداوە كت و پڕەكان وەكو لەدەست چوونی خۆشەوستەكان و یان نەخۆش بوونیان.

2-باردۆخی دەروونی نەخۆش كۆدەبێتەوە لەنەخۆشدا و توشی خەم و خەفەت و بێ ئومێدی دەكات، وەك كێشەی بێ پارەیی و نابووت بوون یان نەخۆشییە كوشندەكان كە توشی یەكێك لە تاكەكانی خێزانەكە دەبێت یان شەڕ و ئاژاوە لە خێزاندا یان نەگونجان لەگەڵ كار و خوێندن و كەسانی دەوروبەر.

3-تووشبوون بەنەخۆشیەكی جەستەیی قورس وا لە نەخۆشەكە دەكات ھەست بە ماندووبوون و بێ ھێزی بكاتو ئەمەش لەوانەیە پاڵی پێوەنێت بۆ بیركردنەوە لە ئامانجە خراپەكان و ئەگەری مردن.

4-ھۆكارەبۆ ماوەییەكان و ئامادە بوونی جەستەیی بۆ خەمۆكی.

نیشانەكانی خەمۆكی چین؟

1-ھەستكردن بەخەم و خەفەت و بێ ئومێدی و بێ توانایی و بەبەزەیی.
2-لەدەستچونی بڕوا بوون بەخود و بێ توانایی لە جێ بەجێكردنی ئەركەكان.
3-ھەستكردن بەترس و تۆقین لە جیھانێكی تاریك و بێ بەزەیی و شەڕانگیزی.
4- ھەستكردن بەتەنگی و دان بەخۆدانەگرتن بەرامبەر بەزەبر و كێشەكان و خەڵك و ئاژاوە.
5- تێكچونی نوستن.
6- سەرئێشە و بوورانەوە و دڵ تێكەڵ بوون.
7-قورسایی لە چڕكردنەوەی سەرنج.
8- ترس لەتەنیایی و ئارەزووكردن لەنزیك بوونەوە لەو ھاوڕێیانەی كە دڵی خۆش دەكەن.
9- تیژی خەمۆكی لای تاكەكە زۆر دەبێت كاتێك بەرەو ئێوەرە بڕوات.

چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی:
دوای دەستنیشانكردنی خەمۆكی، پزیشك بڕیار دەدات كە ئاخۆ كامە چارەسەر گونجاوترینە بۆ ئەو كەسە بەپێی توندیی حاڵەتەكە. چارەسەرەكە رەنگە گفتوگۆ، چارەسەری هزری یان دەرمان بێت. بە هەموو بارەكاندا دەبێ ئەندامانی خێزان چاودێری كەسەكە بكەن كە ئایا بە چارەسەرەكان بەرەو باشتر دەچێ یان نا. 

1-دەرمانەكان :
دەرمانەكان بەگشتی كار لەسەر زیادكردنی ماددەی (سیرۆتۆنین) دەكەن لە مێشك و دەمارەكاندا. سیرۆتۆنین پەیامبەرێكی كیمیاییە و كار لەسەر میزاج و هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی دەكات. 

2-چارەسەری دەروونی :
بەگفتوگۆ لەگەڵ پزیشك یان توێژەری دەروونی دەبێت ئەو گفتوگۆیە هەم یاریدەی دەستنیشانكردنی رادەی توندیی نەخۆشییەكە و هۆكارەكانی دەدات، هەم پرۆسەی چارەسەر ئاسان دەكات.

3-چارەسازیی دەروونی، كەسەكە فێردەكات چۆن خۆی لەگەڵ نەخۆشییەكە و لێكەوتەكانی بگونجێنێ و زانیاری بداتە نەخۆش لەبارەی سرووشتی نەخۆشییەكە و چۆنێتی دەربازبوون لە هەستە نەرێنییەكان. 

4-نەخۆشخانە :
ئەگەر توندیی نەخۆشییەكە گەیشتە راددەیەك كە نەخۆش نەیتوانی گرنگی بە خۆی بدات و كەوتە مەترسییەوە، یان بیری خۆكوشتنی هەبوو، دەبێ نەخۆش لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشك و چارەسازیی دەروونی بمێنێتەوە. دەكرێ لە هەمان نەخۆشدا زۆرتر لە جۆرێكی چارەسەر بەكاربهێنرێ بەپێی بڕیاری پزیشك.

5- سەرنجی زیاتر لەسەر ژیانی تاكەكەسی و گەراندنەوەی حەزو مەیلەكان و دیاریكردنی ئامانجەكانی ژیان و دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی دەیگەیەنە ئامانجەكانی.

6-دارشتنی بەرنامەیەكی باش بۆ پشوودان بەتایبەت رێكخستنی بەرنامەی خەوتن،وە دۆزینەوەی كاری تازە و ھاوڕێیەتی كردنی ئەو كەسانەی كە یارمەتیدەرن.

7- وەرزشكردن و هەستكردن بەبەرپرسیارەتی وهەروەها ئەنجامدانی كاروچالاكی ئارام بەخش وەك سەفەركردن و سه‌یران و راوكردن.
 
ئا: فه‌رهاد حسێن



PM:04:11:21/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 7527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌