كۆڕۆنا دوا گورزی خۆی لە وەرزش دەدات؟!




زاگرۆس نانەكەلی

دەبێت بۆ ڕێگریی لە پەتای کۆرۆنا و پارێزگاری لە گیانی هاندەران و یاریزانان و داوەران و سەرپەرشتیارانی گشتی، سێ پاڵەوانێتیی زەبەلاحی جیهانییدەبێت رابگیرێن کە هەرسێ بۆنە گرنگەکەی كوپا ئەمریكا و یۆرۆ-2020 و ئۆڵۆمپیادی پەکین-2020 یە، رەنگە بەمەش گەورەترین گورزی كوشندەی ئابوری بەر ڕێكخەرانی ئەم پاڵەوانیەتیانە بكەوێت گەر بەرێوەنەچن، ئەمەش واتا كۆڕۆنا گورزی کوشندەی خۆی لە وەرزش دەدات.

چەندین كۆمپانیای جیهانی جل وبەرگ و ریكلام و گواستنەوەی یارییەكان و كەناڵەكانی جیهانی و سەدان كۆمپانیای تری جۆراو جۆری بەشداری بووی ئەم سێ پاڵەوانیەتییە، هەموویان لە چاوەڕوانی گۆدۆدان، جگەلەوەی وەرزشی جیهانیی بە ئەنجامنەدانی ئەم سێ پاڵەوانێتییە گورزێکی جەرگبڕی بەر دەکەوێت و باری دەروونی مرۆڤەكانی گۆی زەویش زیاتر گوشاریان دەكەوێتە سەر و تووشی دڵە راوكێیان دەكات، جگە لەوەش زیانەكان لەهەموو لایەکەوە هێرش دەهێنن، بەڵام لەكۆتاییدا هەموو ئەو بۆنە وەرزشییانە بەراورد ناكرێن و ناکەنە گیانی یەك مرۆڤـ، لەنێوان بەرێوەچوون وبەرێوەنەچوونی ئەو بۆنە وەرزشییانەدا هەمووان واقیان وڕماوە، ئەنجامدانیان لەوانەیە كارەساتی مرۆیی بخوڵقینێت و قڕكردنی مرۆڤەکانی لێ بكەوێتەوە، بەئەنجام نەدانیشیان گەورەترین گورزی كوشندە بەر وەرزش دەكەوێت و مرۆڤەكان بۆ ئاقاری ترس و دڵە راوكێ دەبات.

بۆیە دەكرێت لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەدا، گەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام بێت پلانی سێیەم هەڵدەبژێردرێت، ئەویش ئەوەیە ئەو چالاکییە وەرزشییانە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخرێن، چونكە هەموو وڵاتان ماوەی سێ ساڵ زیاترە خۆیانیان بۆ ئامادە کردووە و وەرزشکارانێکی زۆر لە سەرجەم وەرزشە جۆراو جۆرەکاندا مەشق وراهێنان و خۆئامادەكردنی زۆریان کردووە، ئەوەتا لە هەنگاوی یەكەمی خۆپاراستندا لەم ڤایرۆسە، پاڵاوتنی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022 بۆ كاتێکی نادیار دواخرا.

وێرای دڵ تەنگی و خەمی زۆرم بۆ تێكڕایی ئەو مرۆڤانەی گیانیان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا سپارد، ئومێد دەكەم هەسارەكەمان ئەم نەهامەتییەش بە كۆتاییەكی باش بەرێبكات و مرۆڤایەتی لە لووتكەی خۆش بەختی وخۆشگوزەرانیدا بێت، ئەو سێ پاڵەوانیەتییەی بڕیارە ئەم ساڵە بەرێوەبچن بەم شێوەیەیە؛

*47 – ەمین كوپا ئەمریكا کە 12/6/2020 لە ئەرجەنتین و كۆڵۆمبیا بەرێوەدەچێت.
* 16 – یەمین یۆڕۆی تۆپی پێ کە 12/6/2020 لە سێزدە شاری ئەوروپا بەرێوە دەچێت.
* 32- ەمین ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن کە 24/7/2020 دەستپێدەکات.


PM:08:56:15/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 2704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌