پێشمه‌رگه سپۆرت -
پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له ڕۆژێكی وه‌كوو ئه‌مڕۆدا له شاری سلێمانی و به ڕوداوی هاتووچۆ یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه كادێرێكی پڕ به‌هره‌و توانای خۆی له‌ده‌ست دا كه له هه‌موو بواره‌كانی وه‌رزشدا چ وه‌ك ( یاریزان ، ڕاهێنه‌ر ، سه‌رپه‌رشتیار ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی ، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی ) جێگه ده‌ستی خۆی نه‌خشاند .
هیوا ئه‌حمه‌دی به‌رێوه‌به‌ری پێشووی كارگێڕی یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا یانه‌كه‌ی وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ڕۆحی ئه‌و و بیره‌وه‌ری و یادی تایبه‌تی بۆ رێك خستووه و هه‌رده‌م وێنای ئه‌و ڕۆحه‌ی له یانه‌كه‌دا به زیندووی نه‌خشاوه .
هه‌ربۆیه دووباره و له ساڵ یادی كۆچی دوایی كاكه هیوا دا یانه‌كه‌مان یادی ده‌كاته‌وه و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه ڕۆحی كاكه هیوا هه‌رده‌م له ناوماندایه‌و جێگه‌ی ئه‌و له یانه‌كه به زیندووی ده‌هێڵینه‌وه .
كورته‌یه‌ك له ژیانی وه‌رزشی كاكه هیوا :
له به‌رواری 2 ی 5 / 1970 چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه و هه‌ر له منداڵیه‌وه خولیایی یاری تۆپی سه‌رمێز بووه و گرنگی زۆری له ژیانی خۆی پێداوه به‌لاَم به‌هۆی خێزانی نه‌یتوانیوه به‌رده‌وام بێت و بۆ چه‌ند ساڵێك لێی دابڕاوه ، خه‌ونه‌كه‌ی كاكه هیوا له ڕۆحی دا زیندوو بووه و له ساڵی 1995 وه‌ك یه‌كێك له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی وه‌رزشی سه‌رچنار دیاری كراوه و هه‌ر خۆشی یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی یانه‌كه .
پاشان وه‌ك ڕاهێنه‌ر له یانه‌ی سه‌رچنار توانیویه‌تی تیپێكی تۆكمه‌ی لاو دروست بكات و یانه‌كه‌یانی گه‌یانده ئاستی پله نایاب تا ساڵی 1999 و له‌گه‌ڵ یه‌كگرتنی یانه‌كان ، یانه‌ی وه‌رزشی سه‌رچنار و یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه بوونه یه‌ك یانه و به ناوی پێشمه‌رگه دووباره پێشمه‌رگه ئاسا كاكه هیوا درێژه‌ی به كاروانی وه‌رزشی خۆی دا‌و له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنیش توانی وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی دیاری بكرێت كاكه هیوا هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ره‌و پێش چوونی یاری تۆپی سه‌رمێز له یانه‌كه‌ی دا چڕكرده‌وه تا توانی چه‌ندین نازناو به‌ده‌ست بهێنێت و پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجام و ده‌ست كه‌وتانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا به‌ده‌ست هێنا وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار درێژه پێده‌ری خزمه‌تی تیپی تۆپی سه‌رمێزی له یانه‌كه كردوو له هه‌مان كات وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی یانه‌ی پێشمه‌رگه كاری كردووه و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش وه‌ك جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی ناوه‌ندی تۆپی سه‌رمێزی عێراق هه‌ڵبژێردرا و تا به‌رواری 5 / 3 / 2015 به كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل كۆچی دوایی كرد و ماڵ ئاوای لێكردین.
كاكه هیوا دوایی كۆچی خۆی دوو كیژی به ناوه‌كانی ( سایه و سه‌ریا ) جێهێشت .
هه‌زاران سلاَو له ڕۆحی كاكه هیوا ........