بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رگری له‌شت به‌هێز بێت ئه‌م خۆراكانه‌ بخۆ



ته‌ندروستی‌ - 

خواردنی خۆراكی تەندروست و دەوڵەمەند بە ڤیتامین و كانزاكان یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاری لەسیستمی بەرگری لەش بۆئەوەی رۆڵی خۆی بە باشی بگێڕێت.

ئەو خۆراكانە دەبنە پارێزگاری كردن لەبەهێزی كۆئەندامی بەرگری و چالاكبوونی و وادەكات لەش جۆرێك لەخۆپارێزی بەرامبەر وەرەمی شێرپەنجەیی و پەتا ڤایرۆسیەكان دروست بكات.

بەپێی ڕاوبۆچوونی پسپۆڕان هەندێك خۆراك هەیە كەدەبنە هۆی پتەوبوونی بەرگری لەش و دووركەوتنەوە لەهەندێك نەخۆشی ئەوانیش:

1-  هەنگوین: سەرچاوەیەكی گرنگی دەستكەوتنی ووزەیە و بەكاردەهێنرێت وەك دژە هەوكردن و دژە ڤایرۆس و سەرمابوون و بەسوودە بۆ پتەوكردنی بەرگری لەش.

2- ماسی: جۆرێكی تایبەتمەندی ترشەڵۆكی چەوی تێدایە بەناوی ئۆمیگا سێ و بەسوودە بۆ پتەوكردنی خڕۆكە سپیەكانی خوێن كەسیستمی بەرگری بەهێز دەكات.

3- مریشك و قەل: دەوڵەمەندن بە ڤیتامین بی 6 كەئەو ڤیتامینە رۆڵی گرنگی هەیە لە كارلێكە كیمیاییەكانی لەش و گرنگە بۆ پارێزگاری لەتووشبوون بەنەخۆشی.

4- زەنجەبیل: یارمەتیدەرە لەكەمكردنەوەی هەوكردن و گێژبوون و ئازاری درێژخایەن و هەروەها تایبەتمەندێتی هەیە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵ.

5- بادەم: ڤیتامین ئی تێدایە كە بە كلیكی سیستمی بەرگری لەش دادەنرێت و پڕە لەڤیتامین و چەوری تەندروست و رێگری دەكات لە سەرمابوون و بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشكەوتن.

6- چای سەوز: ماددەی فلافونویدی دژە ئۆكسانی تێدایە و رێژەیەكی بەرزی ئیبیگالوكاچین گالیت (EGCG) ی تێدایە كە یەكێكە لەدژە ئۆكسانە بەهێزەكان و دەبێتە هۆی پتەوبوونی بەرگری لەش و دروستكردنی دژەتەنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا.

7- سەوزەوات: كەلەرم و كاهوو و شێلم برێكی زۆر ماددەی چالاكەر و بەسوودی بۆ پتەوكردنی كۆئەندانی بەرگری تێدایە و هەروەها ماددەی دژەئۆكسانی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و كانزا و ڕیشاڵەكان.

8- مزرەمەنیەكان: دەوڵەمەندن بەڤیتامین سی و دژە ئۆكسان و یارمەتی بەهێزبوونی كۆئەندامی بەگری لەش دەدات و یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتا و چالاككردنی سیستمی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی وەرەمی شێرپەنجەیی.

9- سیر و پیاز: دەوڵەمەندن بە كبریت و پێكهاتەی دژە ئۆكسان و كانزای سیلینیۆم و ئەوەش وادەكات وەك چالاكەرەوەی سیستمی بەرگری لەش دابنرێت ، بەوەناسراون كە توانای بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشی و ڤایرۆس و بەكتریایان هەیە.

10- برۆكلی: دەوڵەمەندە بەڤیتامین و كانزاكان بەتایبەت ڤیتامینەكانی ئەی و سی و ئی لەگەڵ زۆرێك لەریشاڵەكان و مەوادی دژەئۆكسان.

11-سپیناخ: دژەئۆكسان و ماددەی بیتا كارۆتینی تێدایە و دەبێتە هۆی زیادبوونی توانای بەرەنگاربوونەوەی پەتا و پتەوبوونی كۆئەندامی بەرگری لەش.

12- بیبەری سوور: ڤیتامین سی تێدایە و سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی بیتا كارۆتینە ، یارمەتیدەرە بۆ پتەوكردنی سیستمی بەرگری و پارێزگاری لەتەندروستی پێست.
 
ئا: كارزان عەبدوڵا


PM:07:43:28/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 1916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌