کۆکە و پژمە و سەرما پەیوەندییان هەیە به‌ یه‌كه‌وه‌؟



ته‌ندروستی‌ - 

هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان و لە ناوەڕاستی وەرزی پایزدا بەشێکی زۆری خەڵک گیرۆدە دەبن بە کۆکە، پژمە، تا، لووتتەڕی و قورگئێشە، دكتۆر زانیار نووری ئاغال له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تا چه‌ند كۆكه‌ و پژمه‌ و سه‌رما په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"هەموو ساڵێکیش کۆمەڵێک قسە و باس زیندوو دەبنەوە، نەخۆشەکان پەنادەبەنەوە بۆ هەمان چارەسەری هەڵە و لەشساغەکانیش پەنا دەبەن بۆ کۆمەڵێک خۆپاراستنی هەڵە. ئەم بازنەی هەڵە و تێگەشتنی هەڵەیە بەردەوامە، پێیدەڵێن پەتای وەرزی، ئایا وایە؟"

جارێ با بزانین نەخۆشییەکە چییە؟ هەڵامەت و ئینفلوێنزا چین؟

مرۆڤ تووشی هەندێک ڤایرۆس و بەکتریا دەبێت. یەکێک لە ڤایرۆسەکان تووشی (هەڵامەت)مان دەکات. هەڵامەت نەخۆشییەکی ئاسانە هەرچەندە بێزارکەر و هەراسانکەرە. هەڵامەت زۆربەی کات لە پاییز و زستاندا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە زۆرێک لە خەڵک وا دەزانن بە سەرما تووشدەبن.

ڤایرۆسێکی دیکە هەیە پێی دەڵێن ڤایرۆسی (ئینفلوێنزا) کە لای خۆمان لە زمانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ بە هەڵە وەرگیراوە و ناوی دەبەن بە (ئەنفلۆزا). ئەمەش زۆربەی کات لە کۆتایی پایز و سەرەتای زستاندا پەیدادەبێت، بەڵام بە هەمان شێوەی هەڵامەت مەرج نییە لەگەڵ سەرما بێت. ئینفلوێنزا قورسترە لە هەڵامەت، تای بەهێزدەکات و قورگ دەیەشێنێت و تەنانەت هەندێکجار ملدەنێت بەرەو پەککەوتنی نەخۆشەکە و بە دەگمەن جاری وا هەیە نەخۆش دەکوژێت.

بەکتریاش هەیە و ئەمانەش زۆربەی کات لە هەمان وەرزدا لەوزەتێن و هەوکردنی گوێ و هەوکردنی قورقوراگە و گیرفانەکانی لووت توشی دەکەن.

لە پاڵ هەموو ئەم به‌كتریا و ڤایرۆسانه‌، ئاڵۆشی لووت و قورگیش هەن کە لای خۆمان پێیدەڵێن هه‌ستیاری، ئەمانە نەخۆشی درێژ خایەنن و هیچ پەیوەندییان بە پەتاکەوە نییە، بەڵام ئاسایی لەگەڵ هاتنی سەرماکە خراپتردەبن. ئەمیش نیشانەکانی هەروەک ئەوانەی میکرۆبەکانە.

قسە و باس و هەڵە:

1-  وەکو ووتمان ئەو نەخۆشییانە پەیوەندیان بە سەرماوە نییە، ئه‌گەر بەوە بووایە دەبوو خەلکی سوید و نەرویج دایم هەڵامەتیان هەبووایە، جا ئەمە بۆ گرنگە، لەبەر ئەوەیە کاتێک نەخۆشکەوتیت مەڵێ هی ئەوە بوو دوێنێ سەرمام بوو،ئه‌ گەر وا بکەیت ئەوا گوێ نادەیتە نەخۆشییەکە و خەڵکی دیکەش تووشدەکەیت، ئه‌گەر تۆ واتزانیبێ قورگت هی سەرمایە گیراوە، ئەوا بە ویستی خۆت بەسەر خەلکدا دەکۆکیت و ماڵ و منداڵ و داروبەرد تووشدەکەیت بە خۆتەوە.

2- هەڵامەت و ئینفلوێنزا میکرۆبن، پەیوەندی بە ئاوی سارد و خۆ شتنەوە نییە، ئەشکەنجەی خۆت و ماڵ و منداڵ مەدە و رێگە مەگرە لەوەی ئاوی سارد بخۆنەوە یان بە هەفتە خۆیان نەشۆن و بۆن بکەن، بەڵام کە پەتاکەت گرت، ئەوسا خۆت بپارێزە لە سەرمابوون وەکو هەموو نەخۆشییەکی دیکە تاوەکو ماندووتر نەبیت.

3- ئینفلوێنزا و هەڵامەت جیاوازن. هەڵامەت سووکترە، ئینفلوێنزا وەکو گرانەتا قورسە، هیچیان دژە بەکتریایان ناوێت واتە ئەمۆکسیل مەخۆ تکایە.

4-  هەرکامیانت گرت تکایە خەڵکی دیکە تووشمەکە، هەناسەت بۆ ئەوان پیسە، دەبێت نه‌چیته‌ سه‌ر كاره‌كه‌ت بە تایبەت بۆ ئینفلوێنزا تاکو چاکدەبیتەوە، دەبێت بەڕێوبەرایەتییەکان مۆڵەت بە ئاسانی بدەن بە نەخۆش پاش پشتگیریی پزیشک.



PM:06:17:15/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 2175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌