ھۆکاری سڕبوونی دەست و قاچ


ته‌ندروستی‌ - 

سڕبوونی پەلەکان یەکێكه‌ لەو گرفتانەی کەتوشی مرۆڤ دەبێت بەتایبەت ئەوانەی کەجۆری كاره‌کەیان دانیشتنی زۆر و بەپێوە وەستانی زۆرە و ئەمەش توشی سڕبونی کاتی یان درێژخایەنی دەست و قاچیان دەکات.

لەوبارەیەوە (د.کاروان جەلال) پسپۆری رۆماتیزم و جومگە و راھێنانەوەی پزیشکی رایدەگەیەنێت سڕبوون بریتییە لەکەمبوونەوەی ھەست لەبەشێک لەبەشەکانی جومگەکان یان ھەربەشێکی لەش کەبەپێست رووپۆشکرابێت، ھۆکاری دروست بوونی سڕبوونیش دەگێڕێتەوە بۆ ئەو فشارەی کەلەسەر ئەو خانە دەمارییانە دروست دەبێت کەلەمێشکەوە دەردەچن بۆ دڕکەپەتک و دواتریش بۆ بەشەکانی تری لەش ھەرکات فشار لەسەر ئەم دەمارانە دروست بوو ئەمە دەبێتە ھۆی سڕبوون کەھەندێ جار ئەو کەسە ھەست بەدەستی ناکات،ئەمەش پەیوەندیی بەشێوازی دیاریکراوی وەستان یان جوڵەوە ھەیە و رەنگە کاتی و کەم بێت کەخۆشی ھەستی پێ نەکات و بێزاری نەکات.

ئەو پزیشکە راشیدەگەیەنێت کەماوەی سڕبوونەکە بەپێی رادەی فشارەکە وتەمەن و نەخۆشی دەبێت کەماوەکە زیاتر دەکات.

ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ھۆکاریشی زۆرە لەوانەش رەنگە بەھۆی دەرمانەوە بێت، بۆنمونە دەرمانی فشاری خوێن، دڵ، وەرەم، ھەوکردنی درێژخایەن کەئەمەش کاریگەری لاوەکی دەرمانەکەیە.

لەبەساڵاچوواندا سڕبوونی پەلەکان زۆرجار بەھۆی نەخۆشی سوانی بڕبڕەکانی پشت و مل و رەقبونی کڕکڕاگە و نەخۆشی شەکرەی درێژخایەنەوەیە کەئەمەش لەپەنجەی پێ تا پێیەکانی لەدەستیشدا دەگرێتەوە.

د.کاروان جەلال رایدەگەیەنێت کەسڕبوونی پەلەکان دووجۆری ھەیە (کاتی و درێژخایەن)، لەکاتی سڕبوونی کاتیدا پێویستە ئەو کەسە شێوازی دانیشتنی بگۆڕێت ئەگەردانیشتوە ھەڵبسیێت ئەگەر بەپێوەیە بکەوێتە جوڵە، کەمێ وەرزش بکات.

سڕبوون ھەیە لەشێوازی خەوتن دروست دەبێت ئەمەش بەوپێیەی مێشکی کەسی تەنروست وا ڕاھاتوە بۆ چەند كاتژمێرێك لەسەر یەک لا نەخەویت بۆیە ئەمدیو دیو ئەکەیت فشارەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام کەسانی قەڵەو یان کێشی زۆر دەبینی بەزەحمەت ئەمدیواودیو دەکات، یان کاتێك شەو دەست دەخاتە ژێر سەر و مل بەیانی ھەست دەکات سڕبونی کاتی دەبێت، زۆر جار بەگۆرینی جوڵە باش دەبێت.

توشبوانی سڕبونی درێژخایەن:
دەبێ سەرەتا ھۆکارەکەی بزانین پاشان پشکنینی سەرەتایی بۆ بکرێت ئەوانەش کە کاریگەرییان لەسەر لاوازکردنی ماسولکەکان ھەیە پێویستی بەپشکنینە بەسیتی سکان یان ئیم ئار ئای.

شێوازی دەستنیشان کردنی:

1- پشکنینی خوێن بکرێت بۆ (توشبوانی نەخۆشی شەکرە)
2-کەمی ڤیتامین D ئەوەش دروست دەکات ڤیتامین بی، کەم خوێنی، کەمی ئاسن کالیسیۆم پۆتاسیۆم، (ئەمەش بەشیکاری و پشکنین دەردەکەوێ)
3-پشکنینی سی تی سکان یان MRI بۆ ئاشکراکردنی ڕادەی فشارەکە .
4-بۆ دەماری پەلەکان دەست و قاچ و پەنجە، ئامێری (ھێڵکاری دەمار و ماسولکە) دەکرێت.

ئەوانەی سڕبونەکەیان پەیوەندیی بەمل و سەر و بربرەکانی پشت ەوە ھەیە بەم ئامێرە پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەوەی لەدەرەوەی بڕبرەکان فشار دروست دەبێ ناتوانرێت لەرێی ئەو تیشکانەوە بۆیان بکرێت ناچار دەبێ لەرێی ئامێرێکی تایبەتەوە بۆی بیکرێت تا بزانین لەمەچەکە یان ئانیشکە یان لەکوێ فشارەکە ھەیە کەئەویش ئامێری (ھێڵکاری دەمار و ماسولکە)یە کەبەئامێری ئی ئێم جی یان ئیلیکترۆ مایۆگرافی ناسراوە و لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی ھەیە و دەکرێ بەکاربھێنرێت بۆ شیکاری نەخۆشیەکە بەتایبەت ئەوانەی سڕبونەکە پەیوەندیی بەمێشکیانەوە نیە و پەیوەندیی بەئینزلاقەوە ھەیە.

بەوجۆرە پشکنین و دیاریکردنی نەخۆشیەکە دەکرێت و دواتر شێوازی چارەسەرەکە لەرێنمایی تەندروستی و دەرمان و نەشتەرگەریی پێ دەدرێت و ھەندێك نەخۆشی رۆماتیزمی دەبێتە ھۆی ھەڵاوسانی جومگەکە کەئەمەش كاتژمێرێكی پێ دەچێت ئەمەیان دەبێ نەخۆشیە کە دەست نیشان بکرێت.

بەردەوامی لەسڕبوونی کاتی چۆن دەبێتە درێژخایەن:

بۆ ئەوانەی لەسەر کۆمپیوتەرن یان شۆفێر یان خەیات کە (٤ بۆ ٨ ) سەعات دادەنیشن بەیەک شێوە ئەوا توشی گرفتەکە دەبن و بەردەوامی فشار کاریگەری لەسەر خەوتن و جوڵەی ماسولکەکان دروست دەبێت، ئەگەر دووبارە بێتەوە و فریای خۆ نەکەوی دەبێتە سربونی درێژخایەن ئەوکات چارەسەری دەوێت.

رێنمایی تەندروستی بۆ ئەوانەی زۆر لەسەر کۆمپیوتەر کاردەکەن تا توشی سڕبون نەبن:

٥٠ خولەک ئیش بکە ١٠خولەک جێ گۆرکێ یان وەرزش بکە یان ھەڵسە لەشوێنی خۆت.
بۆ شۆفێرانیش بەھەمان شێوە و ھەوڵ بدە شێوەی دانیشتن بگۆڕیت، دەبێ کورسییەکەت بەگۆشەی ٩٠ پلە دابنێیت.

سودی وەرزشی تایبەتی:
1- ئەوانەی فەقەراتی ملیان ھەیە بەساڵاچوو یان گەنجیش توشی دەبن (فشاری سەر دەماری بربرەی ملی ھەیە) زۆر وەرزشی تایبەتی ھەیە.
2- پشتییەکە زۆر بەرز بێت یان رەق بیت فشار زیاتر دەکات.
3- دەبێت نەخۆشەکە بەپێی جۆری سڕبوونەکەی فێری راھێنانی تایبەتی بکرێت .

سڕبوون لەدوای نەشتەرگەری :
داخزانی دیسکی کەمەری پشت (ئینزلاق): ئەمەیان پێشترفشاری ھەبوە و فشار لەسەر دەمارەکەش دروست دەکات..چونکە پشتگوێی خستوە، وایلێھاتوە کەفشاری زۆر بێت لەسەری ، ھەست بەئازاری زۆر دەکات و نیشانەکانی بەسڕبون دەست پێ دەکات، ئەمەیان مەترسیدارە ئەگەر درێژە بخایەنێت.

شکاوی ئێسک بەھۆی رووداوەکانەوە فشار لەسەر دەمار دروست دەکات، ئەمەیان جیاوازە و پێویستی بەنەشتەرگەریی ھەیە.


PM:03:36:17/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 5395 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌