‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری سەوەفانی جومگە

 
ته‌ندروستی‌ -

سەوەفانی جومگەكان بڵاوترین نەخۆشیی جومگەیە كه‌ زۆر كه‌س له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، دكتۆر سه‌روه‌ر سالار وه‌ك پزیشكی پسپۆڕی جومگه‌ و ڕۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

هۆكاره‌كانی:

لە تووشبووانی سەوەفاندا، بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە، ئەو كڕكڕاگەیەی ڕووی ئێسكە بەرامبەرەكان لە جومگەكاندا دادەپۆشێت دادەخورێت و تەنك دەبێت و زبر دەبێت. ئێسكی زیادە لە دەوروبەری جومگەكەدا درووست دەبن و كێشەی زیاتر دەنێنەوە، بەستەر و ژێیه‌کان دادەخورێن، ماسولكەكان (زۆرجار بەهۆی كەم جووڵانەوە) لاواز دەبن و سەرەنجام ئێسكەكان فشاری زیاتریان دەچێتە سەر.

هۆی سەوەفان بە ووردی نەزانراوە، بەڵام ئەمانە ئەگەرەكە زیاد دەكەن:
1-بۆماوە
2-قەڵەوی
3-زەبر و شکانی پێشووتر لە جومگەکەدا
4-زیاد لەپێویست ماندوكردنی درێژخایەنی جومگە و كەنەفتكردنی
5-هەندێ‌ نەخۆشیی وەك: 
*ئەو نەخۆشییانەی دەبنەهۆی خوێنبەربوونی ناو جومگە، وەك هیمۆفێلیا
*هەوكردنی جومگەكان وەك لە دەردەشا (دائولملوك) و ڕۆماتیزمی جومگە.

سەوەفان لە چلەکانی تەمەنەوە دەستپێدەكات و لە تەمەنی 70 ساڵیدا كەم كەس هەیە تووشی سەوەفان نەبێت.

نیشانەكانی:

زۆربەی تووشبووان هەست بە یەکێک یان زیاتر لە نیشانەكان دەكەن كە بریتین لە:
1-ئازاری جومگە: ئازارەكە بە وەرزش و جووڵان زیاد دەكات و بە پشوو كەمتر دەبێت
2-ئاوسانی جومگە
3-سنوورداریی جووڵەی جوگە
4-تێکچوونی شێوەی جومگە

چارەسەر:

ئامانجەكانی چارەسەر بریتین لە:
1-بەهێزكردنی جومگەكە لە رێگەی بەهێزکردنەوەی ئەو ماسولکانەی جووڵەکانی ئاراستە دەکەن
2-هێشتنەوە و باشتركردنی جووڵەی جومگەكە
3-نەهێشتنی ئازار

دەرمان:

بۆ چارەسەری ئازارەكە پزیشك بە پاراسیتۆڵ دەست پێدەكات چونكە زیانی كەمە. ئەگەر بەمە باش نەبووی یان ئاوساویی جومگەكەت هەبوو ناچار دەبێت چارەسەرییەكانی تری وەك دژەهەوكردنە ناستیرۆیییەكانی نمونەی پرۆفینت بداتێ‌ بەڵام ئەمانە زیانیان زیاترە وەك زیادكردنی ئەگەری تووشكردنت بە برینی گەدە، جەڵتەی دڵ و دەماخ و هەندێكجاریش ماددەی ستیرۆیدی بە دەرزی دەكاتە ناو جومگەكە.

هەندێك ماددەی درێژخایەنی تریش لەلایەن هەندێك پزیشكەوە دەدرێن گوایە لینجی جومگەکە درووست دەکەنەوە، بەڵام لێكۆڵینەوە زانستییەكان نەیانسەڵماندووە بەسوود بن وەك گلوكۆزەماین و ئەوانیتر.

لە کۆتاییدا پزیشک بۆی هەیە جۆری دەرمانەکەت بۆ دیاری بکات، بە سەرنجدان لە دۆخی تەندروستی گشتی جەستە و ڕاددەی سەوەفانەکە و نابێ خۆبەخۆ بەکاربهێنرێت.

گۆڕینی ستایلی ژیان:

وەرزش باشترین یارمەتیدەرە بۆ تەندرووستی جومگە و بەهێزكردنی و لەناویاندا پیادەڕەوی و مەلەوانی پێشڕەون و جگە لە وەرزش، ئەمانەش بەسودن:
1-دانانی كەرەستەی گەرم لەسەر جومگەكە یاریدەی كەمبوونەوەی ئازار دەدات.
2-پشووی پێویست.
4-دابەزاندنی كێش ئەگەر قەڵەوی.

چارەسەری سروشتی:

بەشێکی چارەسەری فیزیاییە و بە ئامێری تایبەت دەکرێن، بەشێکی دیکەش ئەو وەرزشانەیە كە بۆ بەهێزكردنی جومگە تووشبووەكە فێر دەكرێیت و یاریدەی ئاسان جووڵانی جومگەكەش دەدات.

نەشتەرگەری: 

گۆڕینی جومگەکە و تەکنیکەکانی دیکە لە حاڵەتە هەرە قورسەكاندا دەكرێن کە تێیاندا سوودی پێویست لە دەرمان و وەرزش و رێگا چارەکانی دیکە نابینرێت.


PM:03:43:28/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 3250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌