سەردێری هەواڵ

كوڕ و كچه‌ لاوه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ی‌ كوردستانن




پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

یاریگه‌ی‌ به‌حركه‌ ده‌بێته‌ یاریگه‌ی‌ به‌یه‌ك گه‌یشتنی‌ یاریزانانی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ یانه‌كانی‌ كوردستان بۆ پاڵه‌وانێتی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ لاوانی‌ یانه‌كانی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاسته‌كانی‌ كوڕان و كچان ، پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر و له‌ ڕۆژانی‌ 23 و 24 ی‌ 8 / 2019 به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تێیدا و تیمی‌ كوڕانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ نازناوه‌كه‌ی‌ ته‌واوی‌ ئاماده‌كاریان ئه‌نجام داوه‌ .

ئه‌مه‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ كچان-یش كچه‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ سلێمانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ تاك به‌شداری‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ژماره‌ی‌ نوێی‌ پێوانه‌یی‌ تۆمار بكه‌ن و میدالیاكانی‌ یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنن .

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارداریان و به‌ڕێوه‌ چوونی‌ پاڵه‌وانێتی‌ لاوان زه‌رده‌شت ڕه‌فیق سه‌رپه‌رشتیاری‌ گشتی‌ تیپی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، یه‌كێتی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ كوردستان له‌ كارو به‌رنامه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ دا ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ گرنگی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌رخستنی‌ توانانی‌ یاریزانی‌ لاو و نوێ‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كاندا .

زه‌رده‌شت ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ پاڵپشتی‌ ته‌واوی‌ تیپی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانه‌ و هیواخوازیش بوو ئه‌وان له‌ جێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ یانه‌كه‌یان بن بۆ به‌ده‌ست هێنانی‌ ئه‌نجامه‌كان .

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ڕه‌نجده‌ر قادر ڕاهێنه‌ری‌ تیپی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ دا و له‌سه‌ر ئاماده‌كاری‌ تیپه‌كه‌یان بۆ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، تیپه‌كه‌مان زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چڕ ئاماده‌كاریه‌كانی‌ كردووه‌ و له‌سه‌ر ئاستی‌ كوڕان به‌ شێوه‌ی‌ تیم به‌شداری‌ ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ئاستی‌ كچانیش كچانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ تاك بۆ تۆماركردنی‌ ژماره‌ی‌ نوێی‌ پێوانه‌یی‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن .


PM:03:34:22/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 3835 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌