‌هۆكاره‌كانی توشبوونی منداڵان به‌ سكچوون و ڕشانەوە و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر



ته‌ندروستی‌ - 

سكچوون و ڕشانه‌وه‌ حاڵه‌تێكی باوە لە منداڵان، بریتی یە لە هەوكردنی ڕێخۆلە كە دەبێتە هۆی سكچوون، زۆر جاریش ڕشانەوەی لە گەڵدایه‌، بە شێوەیەكی سەرەكی هۆكارەی ڤایرۆسە بە تایبەت ڤایرۆسی ڕۆتا، دكتۆر رمچان خچر پزیشكی تایبه‌تی خێزان له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و نیشانه‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ باس ده‌كات.

چۆن تووشی دەبێت؟

زۆر بە ئاسانی لە ڕێگای هەر كەلو پەلێكی پیس بوو بە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە، بەكتریا دەتوانێت لە ڕێگای خواردنی پیس بوو، یان مێشوولە بگوازرێتەوە.

نیشانەكانی چین؟

-دەرچوونی پیسایی زوو زوو بە شێوەی شل، ئاوی و سەوز، خوێن هاتن.

-ڕشانەوە، سك ئێشە، گریان بە هۆی ژان، برسیبوون، تێنووێتی، یان هێلنج دان، تای گەرم، سوربوونەوەی دەوروبەری كۆم.

ئەنجامەكەی چی یە؟

-ڕشانەوە ڕۆژێك كەمتر یان زیاتر تەواو دەبێت.

-سكچوون 2 تا 3 ڕۆژ دەخایەنێت، بەلام جاری وا هەیە تا 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.

مەترسییەكەی لە چی دایە؟

لە دەست دانی ئاو و كانزاكانی وەك سۆدیۆم و پۆتاسیۆم، چەند منداڵه‌كە بچووكتر بێت مەترسی زیاترە.

نیشانە مەترسیدارەكان چین؟

بورانەوە و شەكەت بوون، بێ ئاگایی، نقوم بوونی چاوەكان، ووشك بوونەوەی پێست و دەم، زەردهەلگەڕان، نەبوون یان زۆر كەم بوونی میزكردن، گەشكە، ڕشانەوەی زۆر و بەردەوام، لە دەست دانی توانای خواردن و خواردنەوە.

چارەسەرەكەی چی یە؟

چارەسەرێكی گشتگیر نیە بۆ هە موو مندالێك، دەرمانی ڕاگرتنی سك چوون و ڕشانەوە نابێت بدرێتە هەموو مندالێك، دەرمانی فلاجیل پێویست ناكات بە ڕۆتینی بدرێت بە هەموو منداڵێك، زۆربەی منداڵه‌كان دەتوانن لە ماڵه‌وه‌ چارەسەریان بۆ وه‌ربگیرێت.

شلەمەنی پاك بدرێت، هەر جارێك كەمێك ( 50 مل لە 15 خوله‌ك جارێك)، بۆ هەر جارێكی سكچوون یان ڕشانەوە 200 مل بدرێت باشە، پاش ڕشانەوە 10 خولەك چاوەڕێ بكە و دیسان هێواش هێواش دەست بە پێدانی شلەمەنی بكەوە.

بۆ ئەو منداڵانەی تاكە خۆراكیان شیردانی سروشتی یە پێویستە زوو زوو شیری پێبدرێت، وە لەگەل ئەوەش ئاوی پاك یان ORS پێ بدرێت.

باشترین شلەمەنی لە دەرمانخانەكان دەست دەكەوێت بە شێوەی پاودەر ORS. ئەگەر نەبوو دەتوانی لە ماڵه‌وه‌ یەكێك یان زیاتر لەمانە بەكاربهێنیت" ئاوی پاك، ئاوی برنج، سوپ یان ماستاو. بڕێك (50 مل) لە شەربەتی میوەی سروشتی وەك پرتەقال یان لیمۆ بكە ناو 5 بڕی (250مل) ئاوی خاوێن. یەك كەوچك شەكر لەناو 120 مل ئاوی خاوێن."

كەی پەیوەندی بكرێت بە پزیشك؟

1- لە دەست دانی توانای خواردن یان خواردنەوە
2- تەندروستی خراپتر بوو
3- پەیدابوونی خوێن لە پیسایی یان تای گەرم


PM:03:15:20/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 4887 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌