یادی 35 ساڵەی بڵاوبوونەوەی یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی

یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی‌ وه‌رزشی‌ كوردی‌


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

ڕاپۆرت - زاگرۆس نانەكەلی

سێ شەممە رێكەوتی 30/7/2019 رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی پێ لە 35 ساڵی تەمەنی دەنێت،كاروانی وەرزش لەرێكەوتی 30/7/1985 بۆیەكەم جار وەكو رۆژنامەیەكی وەرزشی كوردی بڵاوكرایەوە،ئەم رۆژنامەیە وەك مێژوو بۆیەكەم جار لە هەر چوارپارچەی كوردستان بەزمانی كوردی بڵاوكرایەوە،پێشتر لە رۆژنامەكانی پێشكەوتن و ئەوانی تر بابەتی وەرزشی و لاپەڕەی وەرزشی هەبووە،بەڵام وەكو رۆژنامەیەكی وەرزشی بەر لە كاروانی وەرزش هیچ رۆژنامەیەك نەبووە.

راستە ئەم رۆژنامەیە زیاتر لە خزمەتی سیاسەتی ئەوكاتی رژێمی بەعس بوو!،بەڵام كۆمەڵێك رۆژنامەنووس وچەند رۆژنامەنووسی وەرزشی كارییان تیادەكرد و خۆیان داڵدە دابوو و بژێوی ژیانیان لەم رۆژنامەیە پەیدا دەكرد،هەروەها چەندین بابەتی مێژووی وەرزشی كوردی كە ئەوكات لە فەتان و نەمان رزگاربوو،هەروەها هەواڵی وەرزشی تیپەكانی شارەكانی باشووری كوردستان ویاریزانانی دێرینی كورد و یارییە فۆلكلۆرییە كوردییەكان وبابەتی ستوونی رەخنەیی و بابەتی تەندروستی وەرزشی و بابەتی جۆراوجۆری وەرزشی لێ بڵاودەكرایەوە،كەخزمەتی رۆنامەگەری وەرزشی كوردی و وەرزشكارانی كوردستانی كردووە،بۆیە ئەرێنی ونەرێنی ئەم رۆژنامەیە زیاتر بۆ پسپۆڕان وخوێنەرانی وەرزشی و میدیاكارانی وەرزشی و وەرزشكاران جێدێڵین.

یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی

مێژووی رۆژنامەی گەری كوردی لە خاڵی سەرەتای خانەوادەی بەدرخانیەكان دەست پێدەكات،كاتێك لەرێكەوتی 22-4-1898 یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان) لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ بڵاوكرایەوە.

بەڵام گەڕان بەدوای یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی،یاخود یەكەم هەواڵی وەرزشی كوردی،یان یەكەم رۆژنامەی وەرزشی ئازاد،دەكرێت كارێكی وورد و بە سەلیقەی بۆ بكەیت،چونكە پێوویستە میدیاكارانی وەرزشی كوردی رۆژێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ یادی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی،هەروەها دەبێت رۆژێك هەبێت بۆ رۆژی میدیاكارانی وەرزش كوردستان.

پێشووتر لە چەند بۆنەیەك باسكراوە كە رۆژی میدیاكارانی وەرزشی لە 12-7-2006 دەست پێدەكات،كاتێك بۆیەكەم جار لە كوردستان رێكخراوێكی میدیاكارانی وەرزشی دامەزرا بەناوی (كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان)،دوو هەفتە لەمەوبەر یادی (14) ساڵەی رۆژی میدیاكارانی وەرزشی كوردستان بوو كە لە 12-7-2019 تێپەڕبوو،بەڵام بەداخەوە كەس ئاگادار نەبوو!.

گەر وویستمان ئەوە بێت چۆن رۆژی رۆژنامەگەری یاخود رۆژی میدیای وەرزشی كوردی دابمەزرێنین،ئەوا دەبێت وەكو سەرەتایەك روو لە مێژووی نووسینی وەرزشی كوردی بكەین،چونكە  میدیای وەرزشی نووسراو پێش بیسترا و بیندرا وچەسپاو سەری هەڵداوە و ئەو بە كۆنترین هەژمار دەكرێت،كەواتە روو لە نووسینەكانی وەرزشی دەكەین لە رۆژنامە و گۆڤارە كۆنەكانی كوردی،بۆ دامەزراندن و دیاركردنی رۆژی میدیای وەرزشی كوردی،دەبێت كار لەسەر سێ مێژوو بكەین و پرسیارە گرنگ و یەكلاكەرەوە ئەكادیمی وهزری و لۆژیكانە لای خوێنەر و میدیاكارانی وەرزشی و رۆژنامەنووس ومێژوو نووسەكان جێ بهێڵین.

یەكەم.لەرێكەتی 2-6-1921 لەرۆژنامەی پێشكەوتن یەكەم بابەتی وەرزشی نووسراو بڵاوكرایەوە بەناونیشانی (ئەسپ تاودان) كە زۆربەزۆری بۆچوونەكان دەڵێن خودی (مێجەر سۆن) نووسویەتی.

دووەم. لەرێكەوتی 30-7-1985 بۆیەكەم جار رۆژنامەی (كاروانی وەرزش) لەدایكبووە،هەرچەندە ئەم رۆژنامەیە لەسەردەمی رژێمی بەعس بوو،بەڵام وەك مێژوو ئەم رۆژنامەیە بە فەڕمی یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردییە.

سێیەم:لەرێكەوتی 17-6-1994 یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی ئازاد لەدایكبوو،كە ئەم رۆژنامەیە نووسەر وخوێنەر و هەموو ستافەكەی لە دوای راپەڕین بوو،بەرۆژنامەیەكی وەرزشی كوردی ئازاد ناوزەند دەكرێت وبیرۆكەی ئەم رۆژنامە وەرزشییە بەندە بوو.

پرسیارەكە لێرە دەست پێدەكات،گەر باس لەیەكەم نووسینی وەرزشی بكرێت،ئەوا دەبێت رۆژی 2-6-1921 بكرێت بەم رۆژە،گەر یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی بەفەڕمی دامەزرابێت،ئەوا دەبێت 30-7-1985 بكرێت بەم یادە،گەر یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی ئازاد بێت،ئەوا 17-6-1994 دەبێت بەم یادە،بۆیە هەر چۆن لەسەرەتاش باسم كرد پرسیارەكە بۆ خودی میدیاكارانی وەرزشی و رۆژنامەنووسان ومێژوونووسان وئەكادیمی وپسپۆڕانی بواری مێژووی رۆژنامەگەری جێدێڵم.

چۆنیەتی دەرچوونی كاروانی وەرزش

دەرچوونی كاروانی وەرزش چیرۆكی راستەقینەی خۆی هەیە،گرنگ راستی چیرۆكەكان بزانین لە بڵاوكردنەوەی یەكەمین رۆژنامەی وەرزشی كوردی،راستە كاروانی وەرزش لەسەردەمی رژێم دەرچوو،بەڵام وەك مێژوو زۆربەی زۆری دید و بۆچوونەكان بە یەكەم سەرچاوە و یەكەم هەنگاوی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی هەژماری دەكەن،بۆیە نووسەرانی ئەو سەردەم و سپۆڕانی ئێستای رۆژنامەگەری كوردی باس لە دەرچووی (كاروانی وەرزش) دەكەن.

نازم دڵبەند / شاعیر و نووسەر ورۆژنامەنووس

نازم دڵبەندی شاعیر و نووسەر ورۆژنامەنووسی دیاری گەلەكەمان،باس لە چۆنیەتی دەرچوونی كاروانی وەرزش دەكات، پاشكۆی گۆڤاری كاروان بوو بەناوی (كاروانی وەرزش)،كاتی خۆی لە ئەمینداریەتی گشتی رۆشنبیری و لاوان لە هەولێر،گۆڤارێك دەردەچوو بەناوی گۆڤاری كاروان،سەرنووسەرەكەی (حسێن عارف) بوو،ئەو كات دەركردنی گۆڤار و رۆژنامەئاوا سانا نەبوو،بێگومان هۆكاری زۆربوو ئێستا باس ناكرێت،برادەرانی وەرزش ولاوان قسەیان لەگەڵ (محەمەدئەمین شەمبی) ئەمینداری گشتی رۆشنبیری و لاوان بوو،ئەو كات هەوڵی زۆرماندا تا كەلێنێكی یاسایەكمان دۆزیەوە تا پاشكۆیەكی وەرزشی بكەین بەپاشكۆی گۆڤاری كاروان تا ئەم رۆژنامەوەرزشییە دەربكەین،سەرئەنجام توانیمان رازییان بكەین و رۆژنامەیەكی وەرزشی هەموو رۆژانی چوارشەممە دەردەچوو بەناوی (كاروانی وەرزش).
ئەو كات ئەوانەی ئەم رۆژنامەوەرزشییەمان بەرێوە دەبرد ئەمانەبووین (سەعید یەحیا،نازم دڵبەند،ئەسعەد عەدۆ) وەك ستافی یەكەمی رۆژنامەی كاروانی وەرزش بووین،لەچاپخانەی رۆشنبیری هەولێر چاپكرا
نەوزاد عەلی وكاروانی وەرزش.

نەوزاد عەلی ئەحمەد نووسەری دیار رۆژنامەگەری كوردی سەبارەت بەبیرۆكەی دەرچوونی رۆژنامەی كاورانی وەرزش دەڵێ: ئەمینداریەتی گشتی رۆشنبیری ولاوان لەگەڵ وەرزشوانانی كوردستان ئەم بیرۆكەیان پێشكەشكرد و پرۆژەكەیان جێ بەجێكرا،چونكە ئەمینداریەتی گشتی ورۆشنبیری و لاوان ئەم پرۆژەیان لەلایەن وەرزشكارانی شارەكانی باشووری كوردستان پێشكەشكرا و ئەوانیش رازی بوون بۆ دەركردنی،لە رۆژی سێ شەممە رێكەوتی 30/7/1985 یەكەم ژمارەی كاروانی وەرزش دەرچوو.

نەوزاد سەبارەت بەكاركردنی خۆی لەم رۆژنامە وەرزشیە دەڵێ: من كەچوومە كاروانی وەرزش هەشت نۆ ژمارەی لێدەرچوو بوو،پێوویستیان بە نووسەر وهەڵەبڕ هەبوو و پاشكۆی گۆڤاری كاروان بوو كە ئەمینداریەتی گشتی رۆشنبیری و لاوان دەریدەكرد،سەرەتا كێشەی ئەوەیان هەبوو ئایا لەگەڵ گۆڤاری كاروان بێت یان جیابكرێتەوە،بڕیاردرا جیا بكرێتەوە بەڵام هەر سەر بە گۆڤاری كاروان بوو،رۆژنامەیەكی قەبارە گەورە و هەفتەی جارێك دەردەچوو،هەندێك جار رۆژنامەی كاروانی وەرزش چوار لاپەڕەبوو هەندێكجاریش هەشت لاپەڕەبوو،لاپەڕەی یەكەم وكۆتایی رەنگاو رەنگ بوو،بەڵام تەنها یەك رەنگ بەكار دەهات،لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكە سیاسی بوو.

.پرۆفیسۆر دكتۆر هیمداد حسێن

پرۆفیسۆر دكتۆر هیمداد حسێن سەبارەت بە كاركردن ودەرچوونی رۆژنامەی كاروانی وەرزش بەم شێوە باس دەكات:ئەو رۆژنامە بە شێوەیەكی هەفتانە بڵاودەكرایەوە،ئەوەی لە بیرم مابێ،شاعیرەكان كەریم دەشتی و فەرید زامدار و سەعدوڵڵا پەرۆش و نەوزاد رەفعەت لەوێ كاریان دەكردو لایەنی هونەری و دیزاین خوالێخۆشبوو یاسین عاصم و محەمەد زادە و عوسمان پیرداود بەڕێوەیان دەبرد،منیش پێداچوونەوەی زمانی هەڵەچنیم بۆ دەكرد ودواتریش لە لاپەڕەی كۆتاییدا گۆشەیەكم دەنووسی و رەخنەی وەرزشی ولێكۆڵینەوەی وەرزشی و بابەتی جۆرواجۆرم دەنووسی و گرنگ ئەوە بوو ئەمە ئەزموونێكی تازەبوو بۆ هەموومان.

ئەوانەی لە كاروانی وەرزش-دا بابەتیان هەبووە

رۆژنامەی كاروانی وەرزش لەڕێكەوتی 30-7-1985 ژمارە یەكی بڵاوبووەتەوە و تا ساڵی 1990 بەردەوام بووە، دواتر بەیەكجاری لەبڵاوكردنەوە وەستێنراوە، لێرەدا ناوی ئەو كەسانە هاتووە كەبابەتیان بڵاوكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی تێكڕای ژمارە دەرچووەكانی رۆژنامەی كاروانی وەرزش لەوانەیە ناوی هەندێك كەس نەهاتبێت كە ئەمەش خەتای ئێمەی تێدا نییە.

*ناوەكان: صدیقی گچكە، عیماد قادر ،شەپۆڵ، محەمەد تاهیر حسێن، بازۆ، و.ن. عەبدوڵڵا، نەوزاد عەلی ئەحمەد، ستار عەبدوڵڵا بەرزنجی، هۆشیار عەبدولڕەحمان ، بۆتان جەلال، عومەر ئیبراهیم عەزیز، هێژا،عەبدوڵڵا ئەژی، ئەحمەد عەبدوڵڵا جاسم، خالید صاڵح حەسەن،سەلام قەڵادزێی،نازم دڵبەند، محەمەد خدر مەولود، سیڤەر، عەبدولحەكیم مستەفا رەسوڵ، فریاد محەمەد رواندزی، ئەسعەد عەدۆ،حەمە ئەحمەد جاف، حەمە سەعید، محەمەد مەلا ئەسعەد،سامان عەلی قادر، مەحمود خەسرۆ كاوانی، جەلال صدیق ساڵح، سەڵاح حەسەن عەبدولكەریم، سین تەنها ستوون بەو ناوە خوازراوە هەبوو، مەحمود عەزیز، عەبدوڵڵا گەڵاڵی، یاسین عەزیز، فەرهاد صدیق محەمەد، مەغدید حاجی، عەبدولخالیق سەرسام، نیازی حەمەعەزیز، بێشوار مستەفا، حەسەن عوسمان عەبدوڵڵا، ئەكرەم عەبدولجەبار محەمەد، نسكۆ تەنها ستوون بەو ناوە خوازراوە هەبوو، جەعفەر حامید حەمەدەمین، یاسین عاصم، بورهان سەعید، شێرزاد ئەحمەد خدر، نەبەز محەمەد عەلی، نۆژەن، شەهاب عوسمان،حەمە بچكۆل، بێژەن، رەوەند محەمەد، نورەدین ئەنوەر، عەبدولستار جەباری، بابی بێریڤان، محەمەد ساڵەیی-كاریكاتێرست، كاوە، سامان، خالید جووتیار، محەمەد تاهیر حسێن، مزەفەر سلێمان، حەمزە عەلی ساڵح، حسێن محەمەد هروری، ئازاد، غەیاسەدین عەلی نەقشبەندی، حەسەن عوسمان عەبدوڵڵا، رۆستەم باجەلان-شیعری وەرزشی، نازم حەسەن، هیوا قادر، هەڤاڵ جەمیل، مستەفا زەنگەنە، عەباس عەبدوڵڵا یوسف، صدیق سەعید محەمەدئەمین، وشیار سەید ئەحمەد، حەمە عەباس، حەمە سەعید حەمە كەریم، نەجات عەبدوڵڵا، یاسین، فەرید ئەحمەد، ئەحمەد سەپان، رێبوار محەمەد یوسف قەڵادزێی، مەحمود خەسرۆ كاوانی، سەگڤان یوسفی، بێشوار مستەفا عەبدوڵڵا، عیماد مەحمود عەلی، موحسین ئاوارە، فەرید زامدار، فەرید محەمەدئەمین، بەرزۆ عەلی هەژار، ئەحمەد شادی، عەبدولصەمەد ئیسلام تەها، بڵند عەلی نەقشبەندی، مەولود قادر بێخاڵی، عومەر مەرگەیی، ئیسماعیل ئەنوەر بەرزنجی، سەردار ئەسعەد پەری-شیعری وەرزشی منداڵان، حەمە جاف، فەرەیدون حەسەن محەمەد، سیروان، خەسرۆ رەسوڵ ئەحمەد، هیمداد حسێن بەكر، نازم حسێن، فازڵ عەلی، شاهین نەجمەدین، مەزۆ لەشكری، خەلیل یابە كەریم، ئەحمەد عەبدوڵڵا جاسم، دڵشاد مەریوانی، محەمەد حەسەن باقر، محەمەد هاشم خەلیل، محەمەد عەزیز فەتاح، چیا، شێرزاد قادر، هەڵۆ، سەعد شكاك، سەردار میران، نەریمان محەمەد قادر). هەروەها چەند خاتوونێك بابەتیان بڵاوبۆتەوە بەم ناوانە (ناسكە محەمەد دزەیی، بێری محەمەدی، زیلان،دایكی رەگەز، زبێدە محەمەد، گلار حەبیب محێدین، بەهات شەترەنج، دەریا باجەلان-شیعری وەرزشی منداڵان، سامیە محەمەد، سۆلاڤـ محەمەد عەلی، رووبار ئەحمەد جاف.

دوا پەیڤ.

بخوێنەوە،جوان گوێ بگرە،گەڕال ئاسا بگەڕێ بەدوای سەرچاوەكان،واز لە ركابەری بێ سوود بێنە،واز لە لووت بەرزی خۆ بەزلزان بێنە،نیشتیمان و وەرزش و میدیای وەرزشت خۆش بوێت،پیرۆزە (35) ساڵەی رۆژی میدیای وەرزشی كوردی.



PM:04:21:29/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 7508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌