تهندروستی -
بەرزی پەستانی خوێن بریتیە لە بەرزی بەردەوامی پێوانەی پەستانی خوێن لە یەكێك لە خوێنبەرەكانی قۆڵی ڕاست یاخود چەپ زیاتر لە١٤٠/٩٠(١٤/٩) بۆ تەمەنی خواروو ٥٥ ساڵ و ١٥۰/١۰(١٥/١٠) بۆتەمەنی سەروو ٥٥ ساڵ و دكتۆر هەرێم پزیشكی نەخۆشیەكانی هەناوی و دڵ و شەكرە لەم بابەتەدا ووردەكاری ئەم نەخۆشیە ڕوون دەكاتەوە كە پێویستە هەموو كەسێك زانیاری لەسەر هەبێت.
ئەوەی باوە کە پەستانی خوێنی نموونەیی ١٢٠/٨٠ (١٢/٨) یان کەمتر. بەس بە سەرەوە ١٢٠-١٣٩ و ژێرەوە ٨٠-٨٩ مللیتر جیوە دەوترێ قۆناغی پێش زەخت بەڵام بە گوێرەی ھەندێ سەرچاوەش قۆناغی یەکی زەختە کە لانی کەم پێویستی بە پارێزی و گۆڕینی شێوازی ژیان دەکات.
(۹٥-٩٠)٪، حاڵەتەكان هۆکاری دیاری کراوی نیە تەنھا پێشینەیەکی خێزانیان ھەیە،لە کەسانی توشبوو بە شەکرەو نەخۆشیەکانی دڵ و سستبوونی گورچیلەکان پێویستە دەرەجەیەک زەختیان لە خوار کەسانی ترەوە بێت.
بەرزی پەستانی خوێن مەترسیەکی گەورەیە بۆ جەڵدەی دڵ و سست بوونی لە ماوەی درێژ خایەندا،سەکتەی دەماخ و نەخۆشییەکانی خوێنبەرەکانی قاچ و ئاستی بینین واتا تۆڕەی چاو و گورچیلە.
لە هۆکارەكانی توشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن:
۱-تەمەن، بەزیادبوونی تەمەن ئەگەری توشبوون بە زەخت زیاددەکات بەهۆی ڕەقبوون و نیشتنی چەوری لەسەر دیواری خوێنبەرەكان.
۲-بوونی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن لە خێزاندا.
۳-خواردنی ئەو مادانەی خوێی سۆدیۆمی زیادی تێدایە.
٤-شێوازی ژیان، دانیشتن و زۆر سەیرکردنی تەلەفیزیۆن و دوورەکەوتنەوە لە وەرزش و ڕاهێنان.
٥-کێش ،قەڵەوی هۆکارێکە بۆ توشبوون بە پەستانی خوێن.
٦-ماوەی دووگیانی لە ئافرەتاندا.
هۆکارەکانی دیكەی بەرزی پەستانی خوێن واتا لە(٥-١٠)٪ كە پێی دەوترێت بەرزە پەستانی خوێنی دووەمی:
۱-تەسکبوونەوەی خوێنبەری گورچیلە.
۲-سست بوون یان هەوكردنی درێژخایەنی گورچیلەکان.
٣-نەخۆشی غودەی هار(سام).
٤-نەخۆشی کوشین(زیادی کورتیزۆن).
٥-نەخۆشی فیوکرۆمۆسایتۆما(زیادی ئەدرینالین).
٦-تەسکبوونەوەی شاخوێنبەر.
٧- كۆنیشانەی كۆنس (زیادی ئەڵدۆستیرۆن).
٨- ھەندێ ھۆکاری تری دەگمەن..
چارەسەر:
1- گۆڕینی شێوازی ژیان واتا وەرزش کردنێکی مامناوەند و دوورکەتنەوە لە زیادە بەکارھێنانی خوێ (کەمتر لە ٥ گم لە ڕۆژێکدا).
2- کێشی نموونەیی و دوورکەوتنەوە لە قەڵەوی
» وازھێنان لە جگەرەکێشان و زیادڕەوی لە خواردنەوەی مەشروبات.
3- دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ و زوو ھەڵچوون و تەنگژەی دەروونی.
4- گرنگی دان بە خواردنی سەوزە و میوەی دەوڵەمەند بە پۆتاسیوم و کالیسیوم کە یاریدەی باشتر کۆنتڕۆڵ بوونی زەخت دەدەن.
5- بەکارھێنانی دەرمان لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا.