رۆژی میدیاكارانی وەرزشی جیهان پیرۆزبێت



زاگرۆس نانەكەلی - 

زۆربەری زۆری میدیاكارانی وەرزشی كوردستان زانیاری باشیان نیە لەسەر رۆژی خودی خۆیان ،هەندێكیش گرنگی پێنادەن،بەڵام تێكڕایی چین وتوێژەكان لەسەرجەم بوارەكانی ژیان لەخۆڕایی وبێ بەرنامە رۆژێكیان تەرخان نەكردووە بۆ دامەزراندنی رێكخراو یاخود كۆمەڵە یان هەر دەزگایەك بێت.

رێكەوتی 1تا 3/7/1924 بەبۆنەی دامەزراندنی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی،ناسراو بە (ئیپس) لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كە لەیانەی سپۆرتینگ دامەزا و هاوكات بوو لەگەڵ بەرێوەچوونی ئۆڵۆمپیادی پاریسی ساڵی 1924،رێكەوتی 2/7/1994 بەبۆنەی (70) ساڵەی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی لەم رۆژەوە واتە لە 2/7 هەموو ساڵێك كرا بە رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی جیهانی،واتە بڕیاری رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی لە رێكەوتی 2/7/1994بوو.

ئەمڕۆ 2/7/2019 (25) ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر ئەم یادە،ئەوەی گرنگەمیدیاكاری وەرزشی كوردی لەكوێی ئەم رۆژە یاخود ئەم یادەیە؟میدیاكاری وەرزشی كوردی چۆن ئەم یادە بكاتەوە ورۆژەكە بە رۆژی خۆی بزانێ وەكو هەموو جیهان،هەروەها گرنگە ئێمەی كوردیش رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردیمان هەبێت،باشترین مێژوو وشیاوتریش رۆژی دامەزراندنی (كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان) كە لەرێكەوتی 12/7/ 2006دامەزراوە وئەم رۆژە بكرێت بە رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان،یاخود لەهەموو جیهان رۆژی رۆژنامەنووسی وەرزشی هەیە،كە هاوكاتە لەگەڵ یەكەم رۆژنامەی وەرزشی لە جیهان،بێگومان ئێمەی كوردیش دەتوانین دوو بەروار بەكاربێنین بۆ ئەم یادە،یەكەمیان رێكەوتی 30/7/1985 یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی بەناوی (كاروانی وەرزش) بڵاوكرایەوە،هەروەها لەرێكەوتی 17/6/1994 یەكەمین رۆژنامەی وەرزشی ئازاد لە دوای راپەڕین بەناوی (پاشكۆی مۆندیال) بڵاوكرایەوە.

ئەوانەی باسم كرد رۆژێكە دەكرێ هەموومان بەشداربین ودڵخۆش بین،هەروەها زۆرترین وباشترین چالاكی لەم رۆژە ئەنجام بدەین،تا رۆژەكە بە زیندویی وشكۆی خۆی بمێنێتەوە،بەڵام كێ یادی ئەم رۆژە بكاتەوە؟كێ چالاكی میدیای وەرزشی ئەنجام بدات،كێ دەڵێ لەبیریانە؟!،ئەمجارەشیان بەبۆنەی (25) ساڵەی رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی جیهان،پیرۆزبای لەتێكڕایی رۆژنامەنووسانی وەرزشی جیهان دەكەم.


PM:03:02:01/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 2472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌