یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ كوردستان كۆبونه‌وه‌ی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ ئه‌نجام داو چه‌ندین بڕیاری‌ نوێی‌ ده‌ركرد .

بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامەکانی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ئەم بڕیار و راسپاردانەی دەرکرد:

۱ـ پەسندکردنی ئەنجامەکانی خولی نایابی لاوانی کوردستان بۆ وەرزی ۲۰۱۸/۲۰۱۹ بەمشێوەیەی خوارەوە:
٭ یانەی هەولێر ـ پلەی یەکەم.
٭ یانەی سیروانی نوێ ـ پلەی دووەم.

بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی هەردوو یانە دەکەین، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین، هەروەها سوپاسی سەرجەم یانە بەشداربووەکان و کارگێران و ستافی هونەری یانەکان و یاریزانان دەکەین، سوپاسی سەرجەم سەرپەشتیاران و ناوبژیوانانی یارییەکان دەکەین، ئومێد دەکەین و کاریشی بۆ دەکەین بۆ ساڵانی ئایندە گرینگی زیاتر بە خولەکان لاوان بدرێت، چونکە لاوەکان بناغەی تۆپی پێی کوردستانن.

۲ـ دابەزینی هەردوو تیپی لاوانی دهۆک و ئارارات بۆ خولی پلەیەکی لاوانی کوردستان، بۆ وەرزی ۲۰۱۹/۲۰۲۰.

۳ـ لەبەر زۆری داواکاری یانەکان و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ لاوەکان، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا خولی پلەیەکی تازەپێگەیشتووانی کوردستان بەڕێوە ببات، هەر یانەیەک ئارەزووی بەشدارییکردنی هەیە، پێویستە تا کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتییەکەمان لە رێکەوتی ۲۰۱۹/۷/۸ لە کاتژمێر ۱۲:۰۰ ـی نیوەڕۆ بە نووسراوی فەرمی ئاگادارمان بکاتەوە.
لەبەر داواکاری یانەکانی (سلێمانی، شەقڵاوە، هێرش، سۆلاڤ، شۆریجە، بابەگوڕگوڕ، سەورە، کۆیە، خاک و ئاڵتون کۆپری) ئەم بڕیارە دەرکراوە.

٤ـ داوا لە نوێنەرانی یانە سەرکەوتووەکانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان دەکەین، بە مەبەستی کۆبوونەوەی هونەری، نوێنەریان لە رۆژی شەممە ۲۰۱۹/۷/۸ لە کاتژمێر ۱۲:۰۰ ـی نیوەڕۆ، لە بارەگەی یەکێتییەکەمان ئامادەبن.


PM:10:29:29/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 1734 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌