پێشمهرگه سپۆرت -
لە سەرەتای تەمەنەوە كاتێك گرنگی بە تەندروستی مێشكت بدەیت ئەوە كاتێك دەچتە تەمەنەوە لە توشبوون بە نەخۆشی پارێزراو دەبیت.
پارێزگاریكردن لەتەندروستی مێشك دەبێتە هۆی زامنكردنی ژیانێكی زیاتر ئارام و ئاسوودە لەكاتی بەساڵاچووندا، هەندێك رەفتار هەیە كە زیانێكی زۆر بە مێشك دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی لەناوبردنی كەپێویستە لێی دووربكەوینەوە ئەوانیش:
1- كەم خەویی: سەرباری زیادبوونی ئەرك و كاروبارەكان ، نابێت مرۆڤ دەستبەرداری كاتی گونجاوی خەوتن بێت، بەپێی لێكۆڵینەوەكان پەیوەندی هەیە لەنێوان كەم خەوی و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و زەهایمەر.
2- دابڕان و تەنیایی لەرووی كۆمەڵایەتی: ئەو كەسانەی خاوەنی بازنەیەكی كۆمەڵایەتین زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەكەن بەراورد بەو كەسانەی دوورەپەرێزن و تەنیایی و دابڕان تووشبوون بە زەهایمەر زیاد دەكات.
3- زیادەڕەویی لەژەمەخۆراكە خێراكان: زیادەڕەویی كردن لەم جۆرە خواردنانە هەڕەشە لەسەر تەندروستی مێشك دروست دەكات و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توانای مێشك و خێراتركردنی پرۆسەی پیربوونی مێشك.
4- سەماعەی گوێ: زۆر بەكارهێنانی سەماعەی گوێ ئەگەر بەكەمترین ئاستی دەنگیش بێت كاریگەری لەسەر مێشك هەیە و زیانی پێدەگەیەنێت ، بەپێی لێكۆڵینەوەكان زیادەڕەوەیكردن لەبەكارهێنانی سەماعە پەیوەندی هەیە بە لەدەستدانی بیستن لای بەساڵاچووان و زیادبوونی تووشبوون بەزەهایمەر.
5- تەمەڵی: سەرقاڵبوون بە كاروباری نوسینگە و كەمی جووڵە و دانیشتن بەدیار تەلەفزیۆنەوە بۆماوەیەكی زۆر زیانی بۆ تەندروستی مێشك هەیە و هەركاتێك جووڵەی جەستە كەم بێت ئەوا مەترسی تووشبوون بە خەڵەفاویی و چەندین نەخۆشی دیكەی وەك شەكرەو نەخۆشیەكانی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن زیاد دەكات.
6- جگەرەكێشان: ئەم خووە خراپە دەبێتە هۆی بچووكبوونەوەی قەبارەی مێشك و دروستكردنی كاریگەری لەسەر بیرەوەریی و زیادبوونی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە دوو هێندە بەراورد بەو كەسانەی جگەرەناكێشن.
7- زیادەڕەویكردن لەخواردن: خواردنی برێكی زۆر خۆراك بەیەكجار دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توانای مێشك بۆ بنیادنانی تۆڕی بەهێز بۆ بیركەوتنەوەی رووداوەكان و بیركردنەوە.
8- تاریكی: زۆر دانیشتن لە تاریكی و نەچوونە بەردەم تیشكی خۆر زیانی بۆ تەندروستی هەیە و دەستنەكەوتنی تیشكی سروشتی دەبێتە هۆی زیادبوونی تووشبوون بەخەمۆكی و ئەوەش كاریگەری لەسەر تەندروستی مێشك دەبێت.