پەتای شرۆڤەكاری وەرزشی


زاگرۆس نانەكەلی - 

پەتای هەوای نەفس لە پەتای جەستە قوڕستر و وێرانكارترە،لە هەردووكیان خراپتریش پەتای شرۆڤەكاری وەرزشی كوردییە،چەند بە ئازارە تۆ قسە بكەیت بۆ خەڵك وخۆشت بڕوات بە قسەكەی خۆشت نەبێت بتەوێش خەڵك پێت باوەڕ بكات،لەهەمووشیان كەمەرشكێنتر،كەللە رەقی و راڕا و خۆبەزلزان و زانا،هەر خۆت پێ راست بێت و بەرانبەرەكەشت بە نەزان و كەمزان بزانیت،ببڕای ببڕای قەت ناڵێم خۆت بە كەمزان و نەشارەزا بزانە،لە (فەنتەڵۆس) یش نەگووتراوە تۆ لە شوێنێكی سادە كاربكەی،بەسادەیی لەقەڵەمت بدەن ولەشوێنێكی بەناو زەبەلاح كاربكەیت وخۆت بە زەبەلاح و زرپۆ بزانی!،ناكرێت چونكە رەنگدانەوە و هزری مرۆڤەكان لە خودی خۆیەتییان نەك لە شوێنی كار،چونكە ئەمڕۆ لەم شوێنە زەبەلاحە كاردەكەی،ئەی بەیانی ئەم شوێنەت جێهێشت؟،ئەم قسانە وەكو مامۆستای ئاینی دەڵێ:با ئەوەلەن نەسیحەت بێت بۆ نەفسە گوناحبار و عاسییەكەی من،چونكە لە مۆندیالی رووسیای 2019 ستوونێكم نووسی لەسەر ئەوەی مۆندیالی رووسیا دەرخست ئێمە میدیای وەرزشی كوردیمان نیە،ئیدی رەخنەیان لێگرتم كە لەلای من زۆر ئاسایی بوو،بەڵام من مەبەستم خۆشم بوو وئینجا خەڵك،ئێستاش میدیای وەرزشی كوردیمان نیە،چونكە كورد هیچ دەزگایەك یاخود تۆڕێكی تایبەت بە میدیای وەرزشی كوردی بوونی نیە،ئەوەی ئێستا لە دەزگا وكەناڵەكان هەیە بەشێكی بچووكە،ەكۆتایی هەموومان لەنێو بەلەمەكەین وچارەنووسمان یەك چارەنووسە.

شرۆڤەكاری پیشەیەكی زانستی سەردەمە،هاوشێوەی ژیان مەرج و یاسا و بنەمای هەیە،شرۆڤەكاری بەرپرسیاریەتییە و دەبێت زۆر بە هەستیاری و زانستی مامەڵەی لەگەڵ بكەی،گەر وابیربكەیەوە بە لایك و كۆمێنت لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بوویت بە شرۆڤەكارێك،ئەوا تەنها خەوی خۆش و غەفڵەت وهیچی ترنیە،شرۆڤەكارێك نەك ئەو وڵاتەی شرۆڤەی لەسەر دەكات بەڵكو ناوی شەقامێكیش شارەزا نیە،كەچی لەخاوەن ماڵ خۆی بەژیر تر و زاناتر دەزانێ،لێرەوە كارەساتی لێك تێنەگەیشتن دەست پێدەكات،تەمەنێكی لاوی هەیە باسی مێژووی سەدەیەكی یانەیەك و وەرزشی ئەوڵاتەدەكات!،لۆژیك لە كوێیە تۆ باسی خولێك دەكەی یان شارەزا لە خولێك نازانی ئەم وڵاتە سیاسەتی و ئاست و میدیای وەرزشی چۆنە؟!دەكرێ بپرسین پێگەی وەرزشی كوردی لەنێو پێگەكانی وەرزشی وڵاتان وجیهان چییە؟،تا ئێمە بتوانین باس لە وەرزشی جیهان بكەین؟لە دەزگاكانی میدیای ئێمە،چونكە بۆیە نالێم دەزگای میدیای وەرزشی ئێمە،چونكە كورد دەزگای میدیای تایبەت بە وەرزشی نیە!تاكو ئێستا چەند شرۆڤەكاری وەرزشی جیهانی هاتۆتە كوردستان لە لە میدیاكانی ئێمە كاری شرۆڤەكاری بكات؟یاخود ئێمەی كورد چەند میدیاكاری وەرزشیمان چۆتە دەزگاكانی میدیای وەرزشی عەرەبی وجیهانی شرۆڤەی یارییەكان بكات؟ پێتان وانیە ئێمەی كورد لەبەر ئەوەی وەرزشێكی تەندروستمان نیە بۆیە میدیایەكی وەرزشی ئەكادیمی وتەندروستمان نیە،لەوانەش شرۆڤەكاری وەرزشی ئەكادیمی؟!شرۆڤەكاری وەرزشی كوردی لایەنگیری وسۆز و رق بوونەوە  وێرانی كردووە،لەتیڤی ورادیۆ ورۆژنامە و گۆڤارەكان زۆر بە ئاسانی دەزانی نەك شرۆڤەكارەكە بەڵكو دەزگاكە لایەنگیری چ یانە ویاریزان و راهێنەرێكە،هۆكارەكانیش شرۆڤەكارەكانن،دەكرێت بڵێین شرۆڤەكاری بەشێكی گرنگە لە میدیای وەرزشی،وەكو رەخنە و بێژەر وكۆمێنتار و پەیامنێر وپێشكەشكار و فۆتۆگرافەری وەرزشی.شرۆڤەكاری بە دیدی من دەكرێت بەچەند بەشێك (شرۆڤەكاری داوەری،شرۆڤەكاری یاریزان،شرۆڤەگاری گۆڵپارێز،شرۆڤەكاری میدیایی).

شرۆڤەكاری داوەری تایبەتە بە داوەران،داوەرێك لە ستۆدیۆ بانگهێشت دەكەی،بەرلەدەست پێكردنی یارییەكە باس لەكەسایەتی داوەری یارییەكەو ویاریدەدەرەكانی دەكات،ئینجا لە كۆتایی یارییەكە باسی خاڵە سەركەتووەكان و ولاوازەكانی داوەرەكە دەكات،ئینجا پلە بۆ ستافی داوەران دادەنێت،ئینجا ئەو هەڵانەی روویداوە،ئینجا شرۆڤەی یاریزانان،بێگومان كەسێك بانگهێشت دەكەی یاریزانێك یاخود راهێنەرێكی دێرین،كەخزمەتیان لەنێو یاریگا لە (20) ساڵ كەمتر نەبێت،باس لە پلانی هەردوو راهێنەر دەكات وهەروەها شیكردنەوەی پلانەكان دەكات،ئینجا بۆچی راهێنەر بەو پلانە یاری كرد وبۆچی ئەوی تر بە پلانێكی تر یاریكرد،پاشان شرۆڤەی یاریزانەكان وراهێنەرانی هەردوو تیپ دەكات،پاشان توانی تاك بەتاكی یاریزان وئاست وپلە و توانا وهەڵە ولەدەستدانی هەل وگۆڵ و هۆكاری شكست و هۆكاری سەركەوتن باس دەكات،دواتر شرۆڤەكاری گۆڵپارێز،بێگومان راهێنەرێكی گۆڵپارێز یاخود گۆڵپارێزێكی دێرین بانگهێشتی ستۆدیۆ دەكات،باس لە توانا و هێز وژیری و خاڵە لاواز و سەركەتووەكانی گۆڵپارێز دەكات،ئینجا باس لەوەدەكات چۆ تیپەكەی لە شكست دەرباز كردووە،یاخود بۆچی بۆتە هۆكاری شكستی تیپەكەی و زۆر كاری شرۆڤەی تر تایبەت بە گۆڵپارێز،كۆتا شرۆڤەكاری،شرۆڤەكاری میدیاییە،كاتێك میدیاكارێكی وەرزشی بانگهێشت دەكەی تایبەت بەو یارییەی كە شرۆڤەی بۆ دەكات،واتە پسپۆڕی لەویارییە هەبێت وخزمەتیشی لە (20) ساڵ كەمتر نەبێت،ئینجا تۆپی پێ،بالە،باسكە،مەلەوانی..تاد،كاری شرۆڤەكاری میدیای وەرزشی لەیارییەكان چەند شرۆڤەیەكە كە دەتوانێ زۆر لێی سەركەتووبێت وەكو (ئامار وداتا و توانا وهێز و مێژوو و بازاڕی كڕین وفرۆشتن و دید وبۆچۆنی دەزگاكانی راگەیاندن و  رەخنەی رەخنەگرانی وەرزشی و لێدوانی یاریزان و راهێنەران هەردووتیپ،ئینجا گۆڕینەوەی زانیاری لەگەڵ میوانەكان وەكو یاریزان وراهێنەرە دێرینەكان ولەگەڵ گۆڵپارێز وداوەری دێرین،ئەمە دەكرێت وەكو سەرەتایەك بێت بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبین.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمان وبێزاری و قێزبوونەوەیە،بەنموونە شرۆڤەكارێك میوانداری دەكرێت وخەڵكێكی زۆر یاخود كەم سەیری دەكات و بینەریەتی وگوێی خۆی بۆ شل كردووە،كەسی شرۆڤەكاریش ئاوا بابەتەكانی تێكەڵ كردووە،تەنها خۆی بەژیر دەزانی وبینەر وبیسەریش لە دوورگەی (واق واق) هەژماردەكات!،سەرەتا نەك شرۆڤە بەڵكو گلەیی لە هەردوو راهێنەر دەكات،راهێنەرێك نازانێّ!راهێنەرەكەی تر هیچی پێ نیە! یاریزانی تیپی یەكەم زۆر بێ ئاستن،یاریزانانی تیپی دووەم زۆر خۆ بەزلزان ولەخۆبای و كەم ئەزموونن!،داوەرەكە زۆر غەدری لە تیپی یەكەم كرد،ئەو داوەرە ئاستی گونجاو نیە بۆ ئەم جۆرە یارییانە!داوەر پەناڵتی بۆ تیپی  دووەم هەژمارنەكردووە،یاخود كارتی سوور وزەردی بەو یاریزان وگۆڵپارێزە نەداوە وحەقی دەكردنی هەبوو لەیاری،ئەم شرۆڤەكارە بڕیاری وا سەیر وسەمەرە دەدات كە سەرپەرشتیارانی دێرینی داوەران لەخۆیان رانابینن ئەم جۆرە بڕیارانە بدەن،گۆڵپارێزی تیپی یەكەم دەمێكە ئاستی روو لە لاوازی كردووە،گۆڵپارێزی تیپی دووەم مۆفەق نەبوو لە تۆپگرتنەوەكان!،بەهەرحاڵ نەك شرۆڤە رەخنە لەهەموویان دەگرێت وشرۆڤەكاری بۆ راهێنەر ویاریزانەكان گۆڵپارێز وداوەر دەكات و تەنانەت رەخنە لە شرۆڤەكارانی هاوپیشەكانی دەگرێت،بەڵام گەر شرۆڤەیەكی كورت وخێرا بۆ كەسی ئەو شرۆڤەكارە بكەیت،لەرووی ئەزموونی ویاسای و پسپۆڕی هەمووی ناتەواو و فاوڵە!هەر خۆشی رەخنە قبوڵ ناكات،ئەمەیە چیرۆكی شرۆڤەكاری وەرزشی كوردی،كە بەبڕوای من پەتایێكە وبەرۆكی گرتووین،پێووویستە بنبڕی بكەین وخۆمانی لێ دەربازبكەین.


PM:02:21:30/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 2478 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌